پێشنیارو پڕۆژه‌كانى هاوپه‌یمانى بۆ ره‌تكرانه‌وه‌؟
لایه‌نه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ده‌سه‌ڵات متمانه‌ى خه‌ڵكى كوردستانیان له‌ هه‌ڵبژاردنێكى ساخته‌كاریدا دۆڕاند

- 10/10/2018 9:29:00 PM 38128 جار خوێندراوەتەوە
كۆبوونه‌وه‌ى باڵاى چوار لایه‌نه‌کە له‌ ٣٠ی٨ی٢٠١٨ لە بارەگای هاوپەیمانی

خەندان-راپۆرتى شیكارى

هاوپه‌یمانى بۆ دیموكراسى و بۆ دادپه‌روه‌رى كاتێك وه‌ك هێزێكى سیاسى هاته‌ مه‌یدان هه‌ر زوو هێڵى سیاسى خۆى روونكرده‌وه‌و جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ ئه‌وان له‌سه‌ر هێڵى ئۆپۆزسیۆن و له‌پێناو راستكردنه‌وه‌ى بارى لارى دۆخى هه‌رێمى كوردستان كار ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ش لیستێكى په‌رله‌مانى بۆ به‌شداریكردن له‌ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى عێراق راگه‌یاند، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له‌گه‌ڵ چه‌ند لایه‌نێكى سیاسى كه‌وته‌ گفتوگۆ بۆ به‌هێزكردنى ئه‌و هێڵه‌ سیاسیه‌، به‌ڵام هه‌ر زوو ده‌ركه‌وت هه‌وڵه‌كانیان بێ ئه‌نجام بوو.

له‌و چوارچێوه‌یه‌دا هاوپه‌یمانی دوو ئامانجى بۆ جێبه‌جێكردنى ئه‌و هێڵه‌ سیاسیه‌ ده‌ستنیشان كرد، یه‌كه‌میان یه‌كخستنی هێزه‌كانی ئۆپۆزیسۆن له‌ به‌ره‌یه‌كداو دووه‌م، به‌شداریكردن له‌ هه‌ڵبژاردن به‌مه‌به‌ستی به‌ده‌ستهێنانی متمانه‌ی خه‌ڵك،، له‌به‌ر دوو هۆكارى ئاشكراكرا هه‌ردوو ئامانجه‌كه‌ له‌كاتى خۆیدا سه‌رى نه‌گرت.

ئامانجى یه‌كه‌م:

په‌یوه‌ست به‌دروستكردنى ئامانجى به‌ره‌ى ئۆپۆزسیۆن، هاوپه‌یمانى هه‌م له‌رێگه‌ى سه‌رۆك و به‌رپرسه‌ باڵاكانیی و هه‌م له‌رێگه‌ى دۆست و دڵسۆزه‌كانى له‌ده‌ره‌وه‌ى حزبه‌كه‌ هه‌وڵى زۆریاندا به‌ره‌یه‌كى فراوانى ئۆپۆزسیۆن له‌هه‌رێمى كوردستاندا دروست ببێت، به‌ڵام هه‌ر زوو ئه‌و ئامانجه‌ رووبه‌رووى به‌ربه‌ست و رێگریكردن بووه‌وه‌ به‌و پێیه‌ى لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزسیۆن ئاماده‌ نه‌بوون له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانی هیچ رێككه‌وتنێك بكه‌ن بۆ دروستكردنى ئه‌و به‌ره‌یه‌.

له‌م نێوه‌نده‌شدا كۆمه‌ڵێك له‌ رۆشنبیران و كه‌سایه‌تی دیاری كوردستان هه‌وڵێكی زۆریاندا هه‌ریه‌كه‌ له‌ بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان و یه‌كگرتووى ئیسلامى و كۆمه‌ڵى ئیسلامى و هاوپه‌یمانى بۆ دیموكراسى و دادپه‌روه‌رى و بزوتنه‌وه‌ى ئیسلامى و حزبى شوعى چه‌ند لایه‌نێكى دیكه‌ش له‌و به‌ره‌یه‌دا كۆبكه‌نه‌وه‌ تا ئاستى دروستكردنى یه‌ك لیستى هاوبه‌ش بۆ په‌رله‌مانى كوردستان.

ئه‌م هه‌وڵه‌  له‌كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا له‌ماڵى جه‌لالى ساما ئاغا كه‌سایه‌تى ناسراوى شارى سلێمانى سه‌ره‌تای نه‌خشه‌ى ئه‌و به‌ره‌یه‌ داڕێژرا تا ئه‌و چه‌نده‌ لایه‌نه‌ به‌ره‌یه‌كی ئۆپۆزیسۆن پێكه‌وه‌ لیستێك دروست بكه‌ن بۆ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان، له‌ئه‌نجامدا سه‌ركرده‌ى باڵاى ئه‌و چوار لایه‌نه‌ كه‌ پێكهاتبوون له‌ د. به‌رهه‌م ساڵح، عومه‌رى سه‌ید عه‌لى، سه‌لاحه‌دین به‌هادین، عه‌لى باپیر،  له‌ 14-3--2018 گه‌یشتن به‌رێككه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ و ئیمزایان له‌سه‌ر كرد.

له‌رێككه‌وتنه‌كه‌دا دوو خاڵ وه‌ك سه‌ره‌تایه‌كى گرنگ له‌كاركردنى پێكه‌وه‌یى ئه‌و لایه‌نانه‌ ده‌ستپێ ده‌كات ئه‌وانیش:

یه‌كه‌م: ئه‌م هێزانه‌ى له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بوون پێكه‌وه‌ ده‌بن له‌ هه‌موو هه‌ڵوێسته‌كاندا
دووه‌م: له‌ پرسی هه‌ڵبژاردن و میدیاو په‌یوه‌ندیه‌كان هاوكاری یه‌كتر ده‌كه‌ن
به‌ڵام دواى ماوه‌یه‌ك تێپه‌ڕبوون به‌سه‌ر رێككه‌وتنه‌كه‌دا كه‌ به‌ده‌ستپێشخه‌رى هاوپه‌یمانى و ئه‌و رۆشنبیرو كه‌سایه‌تیانه‌ به‌رهه‌م هاتبوو گۆڕان و كۆمه‌ڵ رێككه‌وتنه‌كه‌یان پشتگوێخست و نه‌چوون به‌ده‌مییه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ش هه‌ریه‌كه‌یان بیانویكى بۆ خۆدزینه‌وه‌ له‌و رێككه‌وتنه‌ دۆزییه‌وه‌ له‌هه‌مان كاتیشدا به‌شێك له‌میدیاو سۆسیالمیدياكانیانه‌وه‌ ناو به‌ناو هێرشیان ده‌كرده‌ سه‌ر هاوپه‌یمانى و سه‌رۆكه‌كه‌ى.

بۆ یه‌كه‌مجار هاوپه‌یمانی به‌شدارى له‌ هه‌ڵبژاردنی 12ی ئایارى په‌رله‌مانى عێراقدا كردو نزیكه‌ی 150 هه‌زار ده‌نگى به‌ده‌ستهێنابوو كه‌ 30 هه‌زار ده‌نگی له‌ یه‌كگرتوو كۆمه‌ڵ زیاتر هێنابوو، ئه‌وه‌ش پاڵپشتیه‌كى به‌هێز بوو هاوپه‌یمانى به‌ قورساییه‌كى زیاتره‌ بێته‌ مه‌یدان.

هه‌رچه‌نده‌ لایه‌نه‌ به‌شدار بووه‌كان بیانووى زۆریان ده‌هێنایه‌وه‌ بۆ دروست نه‌كردنى به‌ره‌ى ئۆپۆزسیۆن یان دروستكردنى یه‌ك لیستى په‌رله‌مانى، به‌ڵام هێشتا هاوپه‌یمانى پێداگیرى له‌سه‌ر دروستكردنى ئه‌و به‌ره‌یه‌ ده‌كردو چه‌ندین هه‌نگاوى دیكه‌ى هاویشت بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌، بۆیه‌ جارێكى تر له‌و پێناوه‌دا هه‌وڵێكى دیكه‌ى ده‌ستپێكرده‌وه‌ و له‌گه‌ڵ ئه‌و سێ لایه‌نه‌دا كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجامدا كه‌ تیایدا هاوپه‌یمانى چه‌ند سازشێكى گه‌وره‌ى كرد ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ى هه‌ر چواریان به‌ یه‌ك لیست به‌شدارى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ش هاوپه‌یمانى ئاماده‌یه‌ كاندیدى نه‌بێت، به‌ڵام دیسان به‌بیانووى جیاجیا ئه‌و لایه‌نانه‌ خۆیان له‌و به‌ره‌یه‌ دزییه‌وه‌.

په‌یوه‌ست به‌ پرسى به‌غداشه‌وه‌ دیسان هاوپه‌یمانى پێشنیارێكى دیكه‌ى بۆ ئه‌و لایه‌نانه‌ كرد ئه‌ویش ئه‌وه‌بوو به‌وپێى ئه‌وان 11 كورسیان هه‌یه‌ له‌په‌رله‌مانى عێراقدا له‌ده‌ره‌وه‌ی پارتی و یه‌كێتی كاندیدیان هه‌بێت بۆ هه‌موو پۆسته‌كانی به‌غدادو هه‌روه‌ها پێكه‌وه‌ فراكسیۆنێكی هاوبه‌ش دروست بكه‌ن، به‌ڵام به‌گه‌رمى به‌ده‌م ئه‌م پێشنیاره‌شه‌وه‌ نه‌چوون و ره‌تیان كرده‌وه‌.

له‌كۆى ئه‌و ده‌ستپێشخه‌ری و پێشنیارانه‌دا بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان رێگرى و به‌رپرسى یه‌كه‌م بوو له‌ دروست نه‌بوونى به‌ره‌ى ئۆپۆزسیۆن و یەك لیستى هاوبه‌ش له‌په‌رله‌مانى عێراق و په‌رله‌مانى كوردستان، به‌ڵام كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتوو سه‌یرى هه‌ڵویسته‌كانى گۆڕانیان ده‌كرد، كاتێك گۆڕان پێشنیاره‌كانى ره‌تده‌كرده‌وه‌، كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتووش ده‌كشانه‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر گۆڕان رازى بووایه‌ ئه‌وا ئه‌و دوو لایه‌نه‌ش رازى ده‌بوون و دروستبوونى یه‌ك لیستى له‌خه‌یاڵه‌وه‌ ده‌بووه‌ واقیع.

دوای هه‌ڵبژاردنی 12ى ئایارى په‌رله‌مانى عێراق ئه‌و لایه‌نانه‌ چه‌ندین به‌ڵگه‌و دیكۆمنتی سه‌لمێنراویان له‌به‌رده‌ستدا بوو كه‌ پێشبینی ئه‌وه‌یان ده‌كرد بتوانن رێگری له‌كاری ساخته‌كاری بكه‌ن، به‌ڵام دواتر به‌ناوی پاراستنی ئارامی عیراق و دۆزینه‌وه‌ی حیله‌ی شه‌رعی بۆ كاری ساخته‌كاری هه‌موو هه‌وڵه‌كان به‌ئاراسته‌ی ره‌تكردنه‌وه‌ و بایكۆتى هه‌ڵبژاردن شكستی خوارد، ئه‌وه‌ش بێئومێدیه‌كی زۆری باڵى به‌سه‌ر ده‌نگده‌رانى كوردستاندا كێشاو له‌و لایه‌نانه‌ بێهیوا بوون.

ئامانجى دووه‌م:

هاوپه‌یمانى خۆى بۆ دووه‌م هه‌ڵبژاردن ئاماده‌ كرد ئه‌ویش هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان بوو، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ناوى خۆى له‌ كۆمسیۆن تۆمار كردو لیستى كاندیده‌كانیشى پێشكه‌ش كرد، دواتریش هاوپه‌یمانى جارێكى دیكه‌ ئه‌و پێشنیاره‌ى بۆ په‌رله‌مانى عێراق بۆ گۆڕان و كۆمه‌ڵ و یه‌کگرتوو كرد، بۆ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستانیش هێنایه‌وه‌ پێشه‌وه‌و داواى له‌و لایه‌نانه‌ كرد یه‌ك لیستى هاوبه‌ش بۆ ئه‌و هه‌ڵبژاردن پێكبهێنن، به‌ڵام ئه‌و لایه‌نانه‌ ره‌تیانكرده‌وه‌.

دواى ره‌تكردنه‌وه‌ى ئه‌و پێشنیاره‌، هاوپه‌یمانى پێشنیارێكى دیكه‌ى خسته‌ به‌رده‌م لایه‌نه‌كان ئه‌ویش ئه‌وه‌ بوو ئه‌و لایه‌نانه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ بایكۆتى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان یان داواى دواخستنى بكه‌ن، چونكه‌ هاوپه‌یمانى پشتى به‌و  زانیارى و به‌ڵگانه‌ به‌ستبوو كه‌ په‌یتا په‌یتا ده‌گه‌یشتنه‌ ده‌ست هاوپه‌یمانى كه‌ ساخته‌كاریه‌كى به‌رنامه‌ بۆداڕێژراو له‌و هه‌ڵبژاردنه‌دا ده‌كرێت، به‌ڵام دیسان ئه‌و سێ لایه‌نه‌ و به‌تایبه‌تتریش گۆڕان رازى نه‌بوو، چونكه‌ پێیانوابوو ئه‌و پێشنیارانه‌ هى یه‌كێتین و ناكرێت ئه‌وان خۆیان له‌به‌رچاوی ده‌نگده‌رانیان ناشیرین بكه‌ن، ئه‌مه‌ش وه‌كو هەموو پێشنیارەكانى دیكه‌ بوو به‌ بڵقى سه‌ر ئاو.

گه‌ڕانه‌وه‌ی سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی بۆ ناو یه‌كێتی...

له‌و ماوه‌یه‌دا ژماره‌یه‌ك له‌سه‌ركرده‌كانى یه‌كێتى په‌یتا په‌یتا په‌یوه‌ندیان به‌ د. به‌رهه‌م ساڵحه‌وه‌ ده‌كردو داوایان دەکرد بگه‌ڕێته‌وه‌ ناو یه‌كێتى و دواتر كاندیدكردنى بۆ پۆستى سه‌رۆك كۆمارى عێراق، بۆئه‌وه‌ش په‌یوه‌ندییه‌كان بۆ ماوه‌یه‌ك به‌رده‌وام بوو تا گه‌یشتنه‌ ئاستێكى فراوانتر.

له‌و كاته‌دا كه‌ ئه‌و پێشنیارانه‌ ده‌كران و به‌ر له‌رێکكه‌وتن له‌گه‌ڵ یه‌كێتیش د. به‌رهه‌م ساڵح لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزسیۆنى له‌و ریككه‌وتنه‌ ئاگادار كرده‌وه‌و به‌دیاریكراوی و پێش چه‌ند رۆژێك له‌ ده‌ستپێكردنی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن جارێكى دیكه‌ به‌رهه‌م ساڵح له‌ریگه‌ی چه‌ند كه‌سێكه‌وه‌ گۆڕان و كۆمه‌ڵى ئاگادار كرده‌وه‌ له‌وه‌ی ئه‌گه‌ر هه‌ردوكیان رازی بن به‌وه‌ی ریككه‌وتن بكه‌ن ئه‌وا ده‌توانن په‌یوه‌ندی هاوپه‌یمانی و ئه‌وان به‌رنه‌ قۆناغێكی تره‌وه‌و له‌ كوردستان به‌غداد پیكه‌وه‌بن، به‌ڵام وه‌ك هه‌میشه‌ ئه‌م پێشنیاره‌ى هاوپه‌یمانى و سه‌رۆكه‌كه‌یانى ره‌تكرده‌وه‌و رازى نه‌بوون، ئه‌وه‌ش دوا وه‌ڵامى گۆڕان و كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتوو بوو كه‌ ناتوانن پێكه‌وه‌ كارى هاوبه‌ش بكه‌ن، ئه‌مه‌ش دوا ده‌ستپێشخه‌رى و هه‌وڵى هاوپه‌یمانى بۆ كاركردنى پێكه‌وه‌یى ئه‌و لایه‌نانه‌و دروستكردنى به‌ره‌یه‌كى فراوان.

ئێستاش كه‌ هه‌ڵمه‌تێكى به‌رفراوان و به‌رنامه‌ بۆداڕێژراو بۆ سه‌ر هاوپه‌یمانى و خودى سه‌رۆكى ئه‌و كاته‌ى هاوپه‌یمانى ده‌كرێت، پێویسته‌ خه‌ڵكى كوردستان و لایه‌نگرانى ئه‌و سێ لایه‌نه‌ له‌دواى روونكردنه‌وه‌ى زانیارى و به‌ڵگه‌كانى ئه‌م راپۆرته‌ بپرسن ئایا كێ نه‌یهێشت به‌ره‌ى ئۆپۆزسیۆن و یه‌ك لیستى بۆ په‌رله‌مانى عێراق و په‌رله‌مانى كوردستان دروست بێت؟ كێ هۆشداریداو لایه‌نه‌كانى ئاگادار كرده‌وه‌ كه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان ساخته‌كارى ده‌كرێت؟ ئایا كێ بوو ئه‌و هه‌موو پێشنیاره‌ى ره‌تكرده‌وه‌ خه‌ڵكى كوردستانى خسته‌وه‌ به‌رده‌م گه‌مه‌یه‌كى دیكه‌ى ساخته‌كارى؟ ئێستا به‌شێك له‌ چاودێرانى سیاسى و رۆشنبیران و رۆژنامه‌نوسان و ته‌نانه‌ت به‌شێك له‌لایه‌نگرانى ئه‌و لایانانه‌ ده‌ڵێن، ئه‌وه‌ گۆڕان و كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتوو بوو متمانه‌ى خه‌ڵكى كوردستانیان له‌ هه‌ڵبژاردنێكى ساخته‌كاریدا دۆڕاند.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP