نیشانه‌كانی هیوا بۆ گۆڕانكاریه‌كی پۆزیتیڤ له‌ عێراقدا

- 10/9/2018 10:06:00 PM 20370 جار خوێندراوەتەوە


نوسینی : لینا الخطیب
وه‌رگێران: حلمی ره‌سول ره‌زا

له‌ ماوه‌ی پازده‌ ساڵی رابردوودا عێراق به‌ رێره‌وێكی ئێجگار قورس و سه‌ختدا تێپه‌ری، سه‌ركه‌وتنی حكومه‌ت به‌سه‌ر داعشدا له‌ رووی سه‌ربازیه‌وه‌، ته‌رجه‌مه‌ نه‌كرا بۆ دابین كردنی هه‌لی كار بۆ ئه‌وانه‌ی رێگاكانی قوت په‌یداكردنیان له‌ ده‌ستدا بوو هه‌م به‌هۆی هێرشی تیرۆریستانه‌وه‌ هه‌م به‌هۆی هێرشی پێچه‌وانه‌ی حكومه‌تی عێراقه‌وه‌ له‌و ناوچانه‌ی كه‌ داعش به‌سه‌ریدا زاڵ بوبو، هه‌رچه‌نده‌ ئیستا له‌ موسل دۆخی ئه‌منی به‌ره‌و باشی رۆیشتوه‌ به‌ڵام هێرشه‌كانیان به‌رده‌وامه‌، به‌تایبه‌تی "داعش" ده‌یه‌وێ بوونی خۆی له‌و ناوچانه‌ دووپات بكاته‌وه‌ به‌هۆی نه‌مانی ده‌سه‌ڵاتیان له‌ عێراق و سوریا.

 تائێستاش گه‌نده‌ڵی كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌یه‌، به‌ شیوه‌یه‌ك ریكخراوی شه‌فافیه‌تی نێوده‌وله‌تی له‌ كۆی 180 ده‌وڵه‌ت عیراق به‌ ژماره‌ 169 له‌ لیسته‌كه‌یدا تۆمار كراوه‌، وه‌ك بینرا به‌هۆی ئه‌و گه‌نده‌ڵیه‌وه‌ كێشه‌ی پیس بوونی ئاوی خواردن له‌ به‌سره‌ سه‌ری هه‌لداوه‌و هه‌فته‌ی رابردوو بالوێزی یه‌كێتی ئه‌وروپا به‌هۆی خواردنه‌وه‌ی ئاوی به‌سره‌وه‌ توشی ژه‌هراوی بوون بوو، له‌گه‌ل ئه‌وه‌شدا تروسكایه‌ك هیوا له‌ عێراقه‌وه‌ به‌دی ده‌كریت.

یه‌كێك له‌ په‌ره‌سه‌نده‌ پۆزه‌تیڤه‌كان تێپه‌راندنی هێله‌ تائیفیه‌كانه‌ له‌ رووی سیاسیه‌وه‌، له‌ پێش هه‌ڵبژاردنه‌كانی مانگی پێنجی ئه‌مساڵ، عیراق بۆ یه‌كه‌مجار له‌ناو حزبه‌ سیاسیه‌كاندا هاوپه‌یمانی نێوان حزبی شیوعی و ته‌یاری سه‌در ی به‌خۆیه‌وه‌ بینی و سه‌رۆكی ئه‌و ره‌وته‌ خۆی وه‌ك كه‌سێكی نه‌ته‌وه‌یی چاكساز به‌ ده‌نگده‌ره‌كانی ناساند نه‌ وه‌ك پیاوێكی ئاینی. ئه‌و هاوپه‌یمانیه‌ به‌ ناوی " السائرون" له‌ هه‌موو كوتله‌كانی تر كورسی زیاتری به‌ ده‌ست هێنا له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌مساڵدا.

پاش چوار مانگ له‌ گفتوگۆی چڕوپڕ له‌ نێوان كوتله‌ سیاسیه‌كان ده‌رباره‌ی پێكهێنانی حكومه‌ت، سه‌رۆك حكومه‌تێكی ته‌وافقی دیاریكرا، ئه‌مه‌ سه‌ره‌رای سه‌رۆك كۆماری ناسراو به‌ نرخه‌ كراوه‌یه‌كه‌ی، و یه‌كه‌مین سه‌رۆكی له‌و جۆره‌یه‌ له‌ مێژووی عیراق. پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك له‌ عێراق له‌ ساڵی 2018دا به‌هه‌مان شێوه‌ جۆرێكی تایبه‌ت بوو، به‌هۆی ئه‌وه‌ی كاندید له‌و كوتلانه‌وه‌ پێشكه‌ش نه‌كرا كه‌ زۆرترین كورسی په‌رله‌مانییان هه‌بوو. له‌ نێوان كوتله‌ جیاوازه‌كان بۆچونی جۆراو جۆر هه‌بوو ده‌رباره‌ی ئه‌و كه‌سه‌ی كه‌ پیویسته‌ دیاری بكه‌ن بۆ سه‌رۆكایه‌تی كۆمار و بابه‌ته‌كه‌ جێهێڵرا بۆ ئه‌ندامانی په‌رله‌مان بۆ ئه‌وه‌ی كه‌سێكی گونجاو دیاری بكه‌ن. هه‌ربۆیه‌ هه‌ڵبژاردنی ساڵی 2018 یه‌كه‌مین هه‌لبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی كراوه‌ بوو له‌ عیراق، هیوای باشتر بوونی دۆخه‌كه‌ زۆره‌  به‌وه‌ی كه‌ ئه‌م په‌ره‌سه‌ندنه‌ ناوازه‌یه‌ له‌ ولات ببیته‌ مایه‌ی كرانه‌وه‌یه‌كی سیاسی. ئه‌و هه‌ڵس و كه‌وته‌ سانایه‌ی كه‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی ماوه‌ به‌سه‌رچوو حیدر العبادی به‌رانبه‌ر عادل عبد المهدی نواندی ئاماژه‌یه‌ بۆ قبوڵكردنی دۆران له‌هه‌ر پرۆسه‌یه‌كی سیاسیدا، و ئه‌م جۆره‌ له‌ هه‌ڵس و كه‌وت له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راستدا كه‌مه‌ و پێچه‌وانه‌ی یاریكردنی سه‌ركه‌وتوو و دۆڕاوه‌.

ئه‌و ناره‌زایه‌تیانه‌ی له‌سه‌رجه‌م ناوچه‌كانی عیراق هه‌یه‌ و به‌تایبه‌تیش به‌سره‌، بێگومان سه‌رچاوه‌ی دڵه‌راوكێیه‌، چونكه‌ مه‌ترسی كێشه‌ی گه‌نده‌ڵی دوپات ده‌كاته‌وه‌، به‌ڵام هه‌روه‌ك هاورێم "رینارد مه‌نسور" ده‌رباره‌ی خۆپیشاندانه‌كان گوتی ئه‌م جولانه‌وانه‌ "هاواری خه‌لكه‌ بۆ لێپیچینه‌وه‌ له‌ سه‌ركرده‌كانیان"، له‌وانه‌ خۆپیشانده‌ره‌ شیعه‌كان كه‌ ره‌خنه‌ له‌ سه‌ركرده‌كانی خۆیان ده‌گرن و سونه‌كانیش به‌هه‌مان شێوه‌. ئه‌مجۆره‌ رێره‌وه‌ مانای ون بونی تائیفیه‌ت نیه‌ له‌ عێراق، به‌ڵام به‌ ئاگابوونی خه‌ڵك زیادی كردوه‌ له‌ بواره‌كانی شه‌فافیه‌ت و لێپرسینه‌وه‌. پاش ماوه‌یه‌كی كه‌م له‌ رزگاركردنی ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵتی داعش ، ئاماژه‌كان بۆ ئه‌وه‌ ده‌چن كه‌ سه‌ركه‌وتنی لایه‌نی سه‌ربازی بۆ خه‌ڵكی ساده‌ هه‌موو شتێك نیه‌. خۆپیشاندانه‌كان هاواری خه‌ڵكه‌ به‌وه‌ی ئه‌وان هه‌ست به‌ مافی هاوڵاتی بوون و لێپرسراوێتی ده‌وڵه‌تیش ده‌كه‌ن و ئێستا نۆره‌ی حكومه‌تی عیراقه‌ كه‌ ده‌ری بخات به‌وه‌ی گوێی له‌ داواكاریه‌كانی خه‌ڵك بوه‌.

هه‌فته‌ی رابردوو لیژنه‌ی به‌خشینی نۆبڵی ئاشتی بۆ ساڵی 2018 پێشكه‌شی نادیه‌ موراد كرا، ئه‌ویش چالاكوانێكی عێراقی ئیزدیه‌ و له‌ ده‌ستی داعش رزگاری بوه‌، ئه‌مه‌ش به‌ سه‌ركه‌وتنێكی گرنگ ئه‌ژمار ده‌كرێ و یه‌كه‌مجاره‌ نۆبڵ به‌ عێراقیه‌ك بدرێت.
دیاره‌ حكومه‌تی عێراق خۆی نادیه‌ مورادی بۆ ئه‌و خه‌ڵاته‌ كاندید كردبوو له‌ ساڵی 2016 و له‌هه‌مان كاتدا حكومه‌ت خۆشحاڵی خۆی ده‌ربڕی به‌وه‌ی خه‌ڵاته‌كه‌ گرنگه‌ بۆ عیراق، به‌ڵام له‌گه‌ل ئه‌و خه‌ڵاته‌دا زنجیره‌یه‌ك تاوانی كوشتن به‌رانبه‌ر ژماره‌یه‌ك ژن ئه‌نجام دران، دوان له‌وان له‌ بواری جوانكاری كاریان ده‌كرد، و ئافره‌تێكی تریان له‌ تۆره‌كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان نمایشی ده‌كرد، چواره‌میان چالاكوانێك بوو له‌ ریزی پیشه‌وه‌ی خۆپیشانده‌رانی به‌سره‌.
حكومه‌تی عێراق وای لێك ده‌داته‌وه‌ هه‌ندی له‌و تاوانانه‌ ره‌هه‌ندێكی كه‌سی هه‌یه‌ و به‌ سانایی ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ لیكۆڵینه‌وه‌كان به‌رده‌وامن. به‌ڵام هه‌ندێك له‌ چاودێرانی به‌سره‌ ده‌ڵێن كه‌ چالاكوانی مافناس " سعاد العلی" هۆكاری سیاسی له‌ پشت كوژرانه‌وه‌كه‌یه‌تی و پیده‌چێ له‌لایه‌ن ئه‌و میلشیایانه‌وه‌ ئه‌نجام درابیت كه‌ ده‌یانه‌وی خۆپیشاندانه‌كان خه‌فه‌ بكه‌ن. بۆیه‌ ناكرێ حكومه‌تی عێراق شانازی به‌ سه‌ركه‌وتنی نادیه‌ موراده‌وه‌ بكات به‌بێ ئه‌وه‌ی گرنگیه‌كی ورد نه‌دات به‌ كێشه‌ی مافی ژن له‌ عیراق و كوشتنی چوار ژنه‌كه‌.

ئه‌م ماوه‌یه‌ له‌ مێژووی عێراق هاوچه‌رخدا زۆر گرنگه‌ له‌سه‌ر ئاستی جه‌ماوه‌ری، چ له‌ رێی جولانه‌وه‌و خۆپیشاندانه‌وه‌ بیت یاخود چالاكوانانی داواكاری مافی ژن، چه‌ندین ئاماژه‌ی پۆزه‌تیڤ هه‌یه‌ به‌وه‌ی  گۆرانكاری ده‌كرێت، له‌سه‌ر ئاستی سیاسیش به‌هه‌مان شێوه‌. ئه‌وه‌ی ده‌مینێته‌وه‌ هه‌وڵی زۆری سه‌ركرده‌كانی نوێی عێراقه‌ و كاركردنیانه‌ له‌گه‌ڵ جه‌ماوه‌ردا له‌ به‌رنامه‌یه‌كی چاكسازی چروپردا بۆ وڵات.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP