ئه‌مه‌ریكا له‌ كوێى رووداوه‌كانه‌ له‌ عێراقدا

- 10/8/2018 9:02:00 PM 25847 جار خوێندراوەتەوە


خەندان-خه‌یروڵا خه‌یروڵا

ڕوون و به‌رچاوه‌ كه‌ جۆرێك له‌ وون بوون و خاڵى بوونى هه‌ژموونى ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراقدا واى له‌ ئێران كردووه‌ خۆى بخزێنێته‌ ناو ڕیزى سونه‌كانه‌وه‌ و (حه‌لبوسى) یش بكاته‌ سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران ، ئه‌مه‌ش ده‌ستكه‌وتێكى گه‌وره‌ى ئێرانه‌ له‌ عێراقدا.

هه‌ر ده‌بێت له‌ گۆشه‌نیگاى په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان ئه‌مه‌ریكا و ئێرانیشه‌وه‌ له‌و ڕووداوانه‌ بڕوانین كه‌ له‌م دوادوایانه‌دا له‌ عێراقدا گوزه‌ران، ئه‌مه‌ش‌ ئه‌وه‌ ناگه‌یه‌نێت كه‌ ئه‌و په‌ره‌سه‌ندنانه‌ى له‌م دوایانه‌ دا ڕوویاندا و ڕاسپاردنى عادل عه‌بدول مه‌هدى بۆ پێكهێنانى حكومه‌ت و هه‌ڵبژاردنى كه‌سایه‌تییه‌كى نیشتمانى پایه‌بڵندى وه‌ك به‌رهه‌م صالح بۆ سه‌رۆكایه‌تى كۆمار و محمد حه‌لبوسى (به‌ كاریگه‌ر‌ى سونه‌كانى سه‌ر به‌ ئێران ) بۆ سه‌رۆكى په‌رله‌مانى لێ كه‌وته‌وه‌ هه‌موویان نه‌رێنى بن. ئه‌وه‌نده‌ش به‌سه‌ به‌رهه‌م صالحى سه‌رۆك كۆمار ئه‌و كورده‌ بێت كه‌ عێراقى بوونى خۆى ده‌خاته‌ سه‌رووى هه‌موو شتێكى دیكه‌وه‌ ، به‌مه‌ش ئه‌و ووته‌یه‌ سه‌رهه‌ڵده‌دات كه‌ مۆمێك شه‌وه‌زه‌نگه‌كه‌ى عێراق ڕووناك ده‌كاته‌وه‌.

 به‌ڵام سه‌ربارى هه‌موو ئه‌و خه‌سڵه‌تانه‌ى به‌رهه‌م صالح هه‌‌نى له‌ لێوه‌شاوه‌یى و نیازپاكى و واقعبینى ، كه‌چى هێشتا به‌س نین بۆ ده‌ربازكردنى عێراق له‌و  گێژاوه‌ى تێى كه‌وتووه‌. به‌ تایبه‌تیش كه‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانى سه‌رۆك كۆمار به‌ گوێره‌ى ده‌ستورى تازه‌ سنوردارن و زۆرینه‌شیان به‌ ده‌ست سه‌رۆك وه‌زیره‌ شێعه‌كه‌وه‌ن كه‌ هاوكات ڕۆڵى سه‌ركرده‌ى باڵاى هێزه‌ چه‌كداره‌كانیش ده‌گێڕێت.

دیار و به‌رچاویشه‌‌ كه‌ ئێران له‌م گه‌مه‌یه‌یدا چه‌ند خاڵێكى دژ به‌ ئه‌مه‌ریكا تۆمار كردووه‌ ، ئه‌وه‌تا ژه‌نه‌ڕاڵ قاسم سوله‌یمانى سه‌رۆكى (فه‌یله‌قى قودس و پاسه‌وانى شۆڕش) كه‌ به‌رپرسى یه‌كه‌مى‌ دۆسیه‌ى عێراقه‌ و ته‌نها و ته‌نهاش ڕاپۆرته‌كانى بۆ خامه‌نه‌ئى ڕه‌وانه‌ ده‌كات ، توانى له‌ (برێت مه‌كگۆرك) ى نێردراوى تایبه‌تى ئه‌مه‌ریكا بۆ عێراق بباته‌وه‌. 

هێشتا (سوله‌یمانى) سه‌ركه‌وتنێكى یه‌كلاییكه‌ره‌وه‌ى به‌سه‌ر (مه‌كگۆڕك) دا تۆمار نه‌كردووه‌ ، به‌ڵام هه‌موو پێنوێنه‌كان ئاماژه به‌وه‌ ده‌ده‌ن كه‌‌ ئێران پێگه‌ى خۆى له‌ عێراقدا قایم كردووه‌ كه‌ له‌ ساڵانى پیشوودا له‌ ده‌ستى دابوو و كتومتیش له‌و ساته‌وه‌ى كه‌ نورى مالكى له‌ ساڵى 2014  پێگه‌ى سه‌رۆك وه‌زیرانى له‌ده‌ستدا. ئه‌وه‌نده‌ش به‌سه بۆ ئێران ‌ كه‌ توانى خۆى له‌ عه‌بادى ڕزگار بكات به‌ تایبه‌تیش له‌ دواى هه‌ڵبژاردنه‌كانى دوانزه‌ى ئایارى ڕابردوو ، چونكه‌ ناوبراو ئه‌و هه‌ڵوێستانه‌ى نواندنى ئه‌وه‌یان لێ ده‌خوێندرایه‌وه‌ كه‌ به‌رژه‌وه‌ندى عێراقى خستۆته‌ سه‌رووى به‌رژه‌وه‌ندى ئێرانه‌وه‌. به‌مه‌ش عه‌بادى باجى پشتبه‌ستن به‌ ئه‌مه‌ریكا و نیشتمانى بوون و عێراقى بوونى خۆى دا ، به‌ تایبه‌تیش له‌ ناو ئه‌و شێعانه‌ى كه‌ دوڕدونگى خۆیان له‌مه‌ڕ ئه‌و ڕێباز و شێوازانه‌ ده‌ربڕى كه‌ ئێران عێراقى پێ به‌ڕێوه‌ده‌برد له‌و ساته‌وه‌ى كه‌ ئه‌مه‌ریكا له‌ ساڵى (2003)  كاروبارى عێراقى له‌سه‌ر ده‌فه‌رێكى زیووین ڕاده‌ستى ئیران كرد.  

ئێستا له‌ عێراق سه‌رۆك كۆمارێك هه‌یه‌ كه‌ خاوه‌ن توانستى گه‌وره‌ و ده‌سه‌ڵاتێكى سنورداره‌ و كه‌سێكى كاره‌كى و مه‌یدانیشه. به‌رهه‌م صالح ناتوانى ده‌ست بۆ كارێكى حساب بۆنه‌كراو به‌رێت به‌ تایبه‌تیش كه‌ به‌رچاوڕوونى له‌سه‌ر سه‌رجه‌م دۆسییه‌كان هه‌یه‌ ، سه‌ربارى ئه‌وه‌ش په‌ى به‌‌ گرنگى  قوڵایى جوگرافى ئێران ده‌بات له‌سه‌ر ئاستى هه‌رێمى و بوونى هه‌ستیارى‌ نێوان ئێران و كورده‌كانیش یه‌كێكه‌ له‌و دۆسییانه‌. هه‌رگیزیش ناتوانین بڵێین كه‌ به‌رهه‌م صالح دژى ئێرانه‌ یاخود ده‌سته‌مۆیه‌تى ، به‌ڵام جێگه‌ى سه‌رنجه‌ كه‌ ناوبراو په‌یوه‌‌‌ندییه‌كى به‌هێزى‌ له‌گه‌ڵ هێزه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا هه‌یه‌ به‌ تایبه‌تیش ووڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مه‌ریكا و ده‌وڵه‌تانى ئه‌وروپا.

سه‌ربارى ئه‌و گرفته‌ گه‌ورانه‌ى عێراق به‌ده‌ستیانه‌وه‌ ده‌ناڵێنێت، كه‌چى هێشتا به‌رهه‌م صالح ده‌توانى ڕۆڵێك بگێڕێت كه‌ ئارامى و سه‌قامگیرى و دڵنه‌وایى بۆ عێراقدا بگێڕێته‌وه‌. ئه‌و گرفتانه‌ له‌ قوناغى‌ دواى به‌ركاربوونى سزا ئه‌مه‌ریكاییه‌ تازه‌كان له‌ هه‌فته‌ى یه‌كه‌مى تشرینى دووه‌مى نۆڤه‌مبه‌رى ئاینده‌دا  زیاتر و زیاتریش ده‌بن. ئه‌و كات دوا له‌ عێراق ده‌كرێت به‌ ته‌واوى لاگیرى ئێران بكات و ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ بوو كه‌ عه‌بادى ڕه‌تیكردووه‌ و باجێكى قورسیشى له‌سه‌ردا ، له‌ ئاكامیشدا ئێران ته‌مبێى كرد و  له‌كارى خست.

به‌رهه‌م صالح له‌ سنورى ده‌سه‌ڵاته‌كانى سه‌رۆك كۆماریدا له‌ جوغزێكى دیاریكراودا ده‌توانى ڕۆڵى نیشتمانى خۆى بگێڕێت. سه‌باره‌ت به‌ عادل عه‌بدول مه‌هدیشه‌ ده‌بێت له‌وه‌ بپرسین كه‌ سازانى ئه‌مه‌ریكا و ئێران و مه‌رجه‌عیه‌تى شێعه‌ له‌سه‌ر قبوڵكردنى ئه‌و كه‌سایه‌تییه‌ سیاسییه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ى حزبى ده‌عوه‌ كه‌ خاوه‌ن مێژوویه‌كى پڕاوپڕ له‌ هه‌ڵبه‌زودابه‌زه‌ چ نهێنییه‌كى له‌ پشته‌. ئه‌و به‌ به‌عسى بوون ده‌ستى پێكرد و به‌ چوونه‌ ناو ڕێزه‌كانى ئه‌نجومه‌نى باڵاى شۆڕشى عێراقیش كۆتایى هات كه‌ محه‌مه‌د باقر حه‌كیم دایمه‌زراند. وه‌ك هه‌ر یه‌كێك له‌ گه‌نجه‌ هاوڕێبازه‌ خوێنگه‌رمه‌كانى سه‌رده‌مى خۆى به‌ وێستگه‌ پڕ هه‌ڵبه‌ز و دابه‌زه‌كاندا تێپه‌ڕیووه‌. ئه‌و چووه‌ ڕیزه‌كانى ڕه‌ووتى ماوییه‌وه‌( هه‌وادارانى ماوتسى تونگى چینى) كه‌ له‌ سه‌ره‌تاى حه‌فتاكانى سه‌ده‌ى ڕابردوودا له‌ ناوچه‌ زۆنگاوه‌كانى باشوورى عێراق كه‌وتنه‌ شه‌ڕه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ڕژێمى پێشووى عێراق. له‌ دواى شكستى ئه‌و ئه‌زموونه‌ى ، چووه‌ لوبنان و دایه‌پاڵ كه‌تیبه‌ى قوتابیانى جوڵانه‌وه‌ى (فه‌تح) كه‌ له‌ ساڵانى 1976-1977 دژ به‌ میلیشیا مه‌سیحییه‌ لوبنانییه‌كان له‌ چیا به‌رزه‌كان شه‌ڕیان ده‌كرد. دواتریش له‌ هاوینى 1982 له‌گه‌ڵ شه‌ڕكه‌ره‌ فه‌ڵه‌ستینییه‌كان لوبنانیان به‌جێهێشت.


گومان له‌وه‌ نییه‌ كه‌ عادل عه‌بدول مه‌هدى خاوه‌ن ئه‌زموونێكى سیاسى ده‌وڵه‌مه‌نده‌. به‌هۆى كوتله‌ى (سائیرون) و كوتله‌ى ( فه‌تح‌) یشه‌وه‌ كه‌ موقته‌دا سه‌در و هادى عامرى سه‌رۆكایه‌تى ده‌كه‌ن خۆى گه‌یانده‌ پێگه‌ى سه‌رۆكایه‌تى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران ، هادى عامریش كه‌ یه‌كێك له‌ سه‌ركرده‌كانى میلیشیا مه‌زهه‌بییه‌كانى سه‌ر به‌ حه‌شدى شه‌عبى‌ ، دره‌نگ و زوو ، ده‌بێت سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى عێراق هه‌ڵوێستى خۆى سه‌باره‌ت به‌و میلیشیایه‌ دیارى بكات كه‌ ئاخۆ له‌ ئاینده‌ى عیراقدا چ ڕۆڵێك ده‌گێرن. له‌ كۆتایشدا ناكرێت میلیشیا مه‌زهه‌بییه‌كان فه‌رمانڕه‌وایى عێراق بكه‌ن و سوپاى عێراقیش ته‌نها و ته‌نها ته‌ماشاكه‌رى ڕووداوه‌كانى ووڵات بێت ، ته‌نها مه‌گه‌ر بیانه‌وێت ئه‌زموونه‌ شكستخواردووه‌كه‌ى ئێران له‌ عێراق دووباره‌ بكه‌نه‌وه‌ به‌وه‌ى حه‌شدى شه‌عبى جه‌مگه‌كانى ده‌سه‌ڵاتى عێراق بگرێته‌ ده‌ست هه‌ر وه‌ك (پاسه‌وانى شۆرش) له‌ ئێرانى كردى. ئایا عه‌بدول مه‌هدیان بۆ ئه‌وه‌ هێناوه‌‌ ئه‌و ئه‌ركه‌ جێبه‌جێ بكات ؟  ئایا ئه‌و به‌و ڕۆل بینینه‌ ڕازى ده‌بێت له‌ كاتێكدا خودى ئێران له‌ ساڵى 2005 نه‌یهێشت ببێته‌ سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران ؟

پرسیاره‌ سوك و ئاسانه‌كه‌ش‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌مه‌ریكا له‌ كوێى ئه‌و هه‌موو ڕووداوانه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ عێراقدا ڕووده‌ده‌ن ؟  ڕوون و به‌رچاویشه‌ كه‌ له‌م پرسه‌دائه‌مه‌ریكا خۆى وون كردووه‌ ،  واشى له‌ ئێران كردووه‌ دڕ به‌ ڕیزى سونه‌كان بدات و حه‌لبوسیش بگه‌یه‌نێته‌ پێكه‌ى سه‌رۆكى په‌رله‌مان. ئه‌مه‌ش‌ ده‌ستكه‌وتێكى ئێرانى گه‌وره‌یه‌ له‌ عێراقدا به‌وه‌ى بۆ یه‌كه‌مجاره‌ كوتله‌یه‌كى سونه‌ى سه‌ربه‌خۆى له‌ پێگه‌ى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران جێگیر ده‌كات. ئه‌مه‌ش كتومت له‌ هه‌وڵه‌كه‌ى ئێران ده‌چێت له‌ لوبنان كه‌ وویستى ژماره‌ى په‌رله‌مانتاره‌كانى كوتله‌ى موسته‌قبه‌ل له‌ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى لوبنان كه‌م بكاته‌وه‌ ، له‌ مه‌شیاندا و له‌ ڕێگه‌ى ئامرازه‌كانى خۆییه‌وه‌ له‌ ناو لوبنان ، هه‌موو شێواز و هۆكارێكى گرته‌به‌ر بۆ سه‌رخستنى ئه‌و پاڵێوراوه (سونى) ییانه‌ى دژ به‌ سه‌رۆك سه‌عد حه‌ریرین ، ئه‌مه‌ش له‌ چوارچێوه‌ى پڕۆژه‌كه‌ى خۆیدا بوو به‌ ئامانجى باڵكێشانى به‌سه‌ر ووڵاته‌كه‌دا.

ده‌بێت دان به‌وهش‌دا بنێین كه‌ ئێران له‌م گه‌مه‌یه‌دا چه‌ند خاڵێكى به‌سه‌ر ئه‌مه‌ریكادا له‌ عێراق تۆمار كردن. به‌ڵام ئه‌وه‌ى له‌ به‌رامبه‌ریشدا ناتوانین چاوى لێ بپۆشین پرسیاركردنه‌ سه‌باره‌ت به‌وه‌ى كه‌ ئاخۆ دۆخى ئێران چى به‌سه‌ر دێت ؟  ئایا ووڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مه‌ریكا ڕژده‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ ئێران بیگه‌یه‌نێته‌ مریشكه‌ ڕه‌شه‌ و ئیرانیش سه‌رپشك بكات له‌وه‌ى له‌ ناوچه‌كه‌دا ده‌وڵه‌تێكى ئاسایى ساده‌ بێت یان باجى سه‌ركێشییه‌ سیاسییه‌كانى له‌ ده‌ره‌وه‌ى خاكى خۆى پێ ده‌دات و به‌ دیاریكراویش سه‌ركێشییه‌كانى ئه‌و ووڵاته‌ له‌ عێراق و سوریا و لوبنان و یه‌مه‌ن. 

ڕوون و به‌رچاویشه‌ كه‌ دادڕدادڕكردنى ڕێككه‌وتنامه‌ى دۆستایه‌تى ساڵى 1955 له‌گه‌ڵ ئێراندا له‌ لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه‌ هه‌ر وه‌ك (مایك بومبیۆ) ى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئاماژه‌ى پێكرد ، ئاماژه‌ نییه‌ بۆ لێكتێگه‌یشتنى ئێران و ئه‌مه‌ریكا له‌ سه‌رخستنى عادل عه‌بدول مه‌هدى بۆ سه‌رۆكایه‌تى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران له‌ عێراقدا ، بۆیه‌ وا پێ ده‌چێت لێكه‌وته‌كانى ئه‌م پرسه‌ سنورى عێراق تێده‌په‌ڕێنن.   



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP