دادگایەكی توركیا بڕیاریدا ئازاد نەكرێت و لە زیندان بمێنێتەوە
دەمیرتاش: تا ئەمڕۆ داوای ئازادكردنم نەكردووە و ئێستاش داوای ناكەم

- 10/4/2018 5:41:00 PM 19089 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

دادگایەكی دەوڵەتی توركیا بڕیاریدا سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی گشتیی پێشووتری پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) ئازاد نەكرێت و لە زیندان بمێنێتەوە.

رۆژی چوارشەممە19ەمین دانیشتنی دادگاییكردنی سزا قورسەكانی ئەنقەرە لەبارەی دۆسیەی سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی پێشووتری هەدەپە بەڕێوەچوو. دادگا بڕیاریرا دەمیرتاش ئازاد نەكرێت و لە زینداندا بمێنێتەوە. 

بەپێی ئاژانسی فورات نیوز، بڕیارە 12 و 14ی كانوونی یەكەمی 2018 دانیشتنێكی دیكەی دادگا لە بارەی دۆسیەی دەمیرتاشەوە بەڕێوەبچێت.

بەر لەوەی دادگا بڕیار بدات، سەڵاحەدین دەمیرتاش لە میانەی بەشداریكردنی لە دانیشتنی ئەمڕۆی دادگادا‌ لە ڕێی سیستەمی دەنگ و ڤیدیۆەوە رایگەیاند، "ئەو بڕیارەی كە ئێوە دەیدەن دیارە چییە".

دەمیرتاش وتیشی، "تا ئەمڕۆ داوای ئازادكردنم نەكردووە و ئێستاش داوای ناكەم، ئەو بڕیارەی كە ئێوە دەیدەن دیارە چییە، من داوای ئازادكردن ناكەم، داوا دەكەم پارێزەرەكانم مافی قسەكردنیان پێبدرێت".

دوای ئەو وتانەی دەمیرتاش دادگا بە بیانووی ئەوەی "بەڵگەی ئەو تاوانەی كردوویەتی بەهێزە" بڕیاری دا دەمیرتاش لە زیندان بمێنێتەوە و ئازاد نەكرێت.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP