هەواڵی ئەمڕۆ

بەپەلە

یەکێتی ئەوروپا ھەڵوێستی خۆی سەبارەت بە ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان ڕاگەیاند

- 10/1/2018 8:46:00 PM 81118 جار خوێندراوەتەوە

خەندان- دانا تەیب مەنمی 

یەکێتی ئەوروپا ھەڵوێستی خۆی سەبارەت بە ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان ڕاگەیاند، و جەختدەکاتەوە پێویستە ئەنجامەکان لەلایەن سەرجەم پارتەکانەوە قبوڵبکرێت، و ھەر بەپێی ڕێوشوێنە بەردەستەکان بانگەشەکانی ھەبوونی پێشێلکاریی چارەسەر بکرێت.

ماجا کۆسیجانیک، وتەبێژی کاروباری دەرەکی و سیاسەتی ئەمنی، ئەمڕۆ لە بەیانامەیەکدا ڕایگەیاندووە " دوێنێ خەڵکی ھەرێمی کوردستانی عێراق دەنگیاندا بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی ھەرێمەکە، دوای دواخستنی ھەڵبژاردنەکان لە بەرواری یەکەمی کە بەریتی بوو لە مانگی تشرینی دووەمی ٢٠١٧." 

ڕونیشیکردووەتەوە کە ئەنجامدانی ئەم ھەڵبژاردنانە گرنگە چونکە بەوتەی ئەو ھەلێک دەبەخشێت بە دەنگدەرانی ھەرێم مافە دیموکراتییەکانی خۆیان بەکاربھێنن. 

" شتێکی ئەرێنییە کە ڕاپۆرتە سەرەتاییەکان جەختدەکەنەوە لەوەی ھەڵبژاردنەکە بە شێوەیەکی ھێمنانە و ڕێک و پێک ئەنجامدراوە. ئێستا پێویستە ئەژمارکردنی دەنگەکان بە پەلە و بەشێوەیەکی شەفافانە تەواوبکرێن، پێویستە ئەنجامەکان لەلایەن سەرجەم پارتەکانەوە قبوڵبکرێت، و بەپێی ڕێوشوێنە بەردەستەکان بانگەشەکانی ھەبوونی پێشێلکاریی چارەسەر بکرێن، تا بە زوویی پەرلەمان و حکومەتی نوێی دروستبکرێن،" لەبەشێکی بەیاننامەکەدا وا ھاتووە.

جەختیشیکردووەتەوە " یەکێتی ئەوروپا وەکو بەشدارێکی بەھێز و پشتیوانێکی عێراق، لەنێوانیشیاندا ھەرێمی کوردستان دەمێنێتەوە، و چاوەڕوانە لەگەڵ حکومەتی نوێی ھەرێمی کوردستاندا مامەڵە بکات."



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP