كۆمسیۆنى هه‌رێم: رێوشوێنى نوێ له‌باره‌ى ده‌نگدان راده‌گه‌یه‌نێت

- 9/29/2018 9:38:00 PM 24259 جار خوێندراوەتەوە


خه‌ندان- سالار محه‌مه‌د

كۆمسیۆنى هه‌رێم رایده‌گه‌یه‌نێت، ھەر ھاوڵاتییەک رەگەزنامە بھێنێت بۆ دەنگدان پێویستە ناسنامەی باری شارستانیش لەگەڵ خۆی بھێنێت.

شیروان زرار، وته‌بێژى كۆمسیۆنى هه‌ڵبژاردن و راپرسى هه‌رێمى كوردستان له‌ كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، پێویسته‌ ده‌نگده‌ر سبه‌ینێ بۆ به‌شدراى كردنى له‌ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان، پێناسى بارى شارستانى له‌گه‌ڵ ره‌گه‌زنامه‌ى عێراقى پێبێت بۆ ئه‌وه‌ى بتوانێت به‌شدارى ده‌نگدان بكات.

ئه‌وه‌شى خسته‌روو،"بریكارى قه‌واره‌ى سیاسیى مافى وردبینى كردنى به‌ڵگه‌نامه‌كانى ده‌نگده‌رى هه‌یه‌ له‌ئه‌گه‌رى بوونى گومان له‌و به‌ڵگه‌نامانه‌ بريكارى قه‌واره‌ى سیاسى مافى وێنه‌گرتنى ئه‌و به‌ڵگه‌نامانه‌ى هه‌یه‌ به‌مۆبایل یاخود به‌ئامێرێكى دیكه‌".

هه‌روه‌ها وتیشى،" چوونه‌ ژووره‌وه‌ى خه‌ڵكانى سه‌ربازى و ئاسایش بۆ ناو بنكه‌كانى ده‌نگدان قه‌ده‌غه‌یه‌، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ پاش بوونى به‌ڵگه‌و به‌بێ بوونى سكاڵا ده‌نگى ئه‌و بنكه‌یه‌ به‌پووچه‌ڵ هه‌ژمار ده‌كرێت".

شیروان زرار راشیگه‌یاند،" له‌هه‌ربنكه‌یه‌كى ده‌نگدان سه‌لمێنرا كه‌ ده‌نگده‌رێكى تایبه‌ت ده‌نگى داوه‌ و ده‌نگدانى دووباره‌یه‌ واتا له‌ده‌نگدانى تایبه‌ت ده‌نگى داوه‌، ده‌نگى ئه‌و بنكه‌یه‌ به‌ پووچه‌ڵ هه‌ژمارده‌كرێت".

وته‌بێژى كۆمسیۆن وتى،" په‌سه‌ندكردنى ئه‌نجامه‌كانى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان به‌ده‌نگى دوو له‌سه‌ر سێى ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌نى كۆمسیاران ده‌بێت". 

جه‌ختى له‌وه‌شكرده‌وه‌،"ده‌بێت فه‌رمانبه‌رانى سه‌رسندوقه‌كانى ده‌نگدان وردبینى له‌په‌نجه‌ى ده‌نگده‌ر بكات بۆدلنیایى له‌بوونى هیچ ماددیه‌كى نایاسایى له‌سه‌ر په‌نجه‌ى ده‌نگده‌ر پێش ئه‌وه‌ى په‌نجه‌ى بخاته‌ ناو مره‌كه‌به‌كه‌وه‌ به‌پێچه‌وانه‌ رێگه‌ى پێنادرێت ده‌نگ بدات". 

نیشانەکردن :

#كۆمسیۆن

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP