ئەو پیاوەی هەڕەشەی لە دۆناڵد ترەمپ كردبوو دەستگیركرا

- 9/23/2018 12:01:00 PM 22887 جار خوێندراوەتەوە

خەندان- خۆشناو حسێن

دەزگای خزمەتگوزاری مارشاڵی ئەمەریكی رایگەیاند، دوای ئۆپەراسیۆنێكی بەدوادا گەڕان بۆ ماوەی سێ مانگ توانیویانە ئەو پیاوە دەستگیربكەن، كە هەڕەشەی كوشتنی لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا كردبوو.

دەزگای خزمەتگوزاری مارشاڵی ئەمەریكی كە ئاژانسێكی فیدراڵیە بۆ جێبجیكردنی یاسا لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردووەتەوە، شۆن ریچارد كریستی تەمەن 27 ساڵ، هەڕەشەی كوشتنی لە دۆناڵد ترەمپ كردووە لە ویلایەتی ئۆهایۆی ئەمەریكا دەستگیركراوە.

ئاماژە بەوەشكراوە، لەكاتی دەستگیركردنیدا شۆن ریچارد كریستی دەمانچەیەك و چەقۆیەكی پێبووە.

دەسەڵاتدارانی ئەمەریكا دەڵێن، كریستی لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا هەڕەشەی كوشتنی لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا كردووە.

بەوتەی بەرپرسانی ئەمەریكا لەكاتی گەڕان بۆ دەستگیركردنی شۆن ریچارد كریستیدا دەرکەتووە چەندین چەك و ئۆتۆمبێلی دزیوە و لە شەش ویلایەتی ئەمەریكا جموجوڵی كردووە و دواجار لە ئۆهایۆ جێگیربووە.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP