شێخ دلێر: ئاراس شێخه‌ نه‌ له‌ نزیك نه‌ له‌ دوور هیچ په‌یوه‌ندییه‌كى به‌ ئێمه‌وه‌ نییه‌

- 9/21/2018 10:11:00 PM 188671 جار خوێندراوەتەوە


خه‌ندان- 

شێخ دلێر شێخ مسته‌فا، روونكردنه‌وه‌یه‌كى سه‌باره‌ت به‌و تۆمه‌تباره‌ بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ هێرشى كرده‌ سه‌ر گه‌نجێك و سوكایه‌تى پێكرد و دواتر ڤیدۆكه‌ى بڵاوكرده‌وه‌ و ده‌ڵێت، ئاراس شێخه‌(تۆمه‌تباره‌كه‌) نه‌ له‌ نزیك نه‌ له‌ دوور هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به‌وانه‌وه‌ نییه‌. 

شێخ دلێر ده‌ڵێت،"ڤیدیۆیه‌ك له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاوبووه‌ته‌وه‌ كه‌ تێیدا كه‌سێك به‌ناوی ( ئاراس شێخه‌) سوكایه‌تی به‌ هاوڵاتییه‌ك ده‌كات و هێرش ده‌كاته‌ سه‌رحكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و دوور له‌ هه‌موو عورف و نه‌ریتێكی مرۆیی ره‌فتار ده‌كات".

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌وه‌كردووه‌، هه‌ندێك شوێن وایان بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ ئه‌و كه‌سه‌ پاسه‌وانی شێخ جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فایه‌ و هه‌ندێكی تر به‌ پاسه‌وانی شێخ دلێر شێخ مسته‌فا ناویان بردوه‌" ئێمه‌ لای خۆمانه‌وه‌ سه‌رله‌به‌ری ئه‌و بابه‌ته‌ ره‌ت ده‌كه‌ینه‌و ناوبراو نه‌ له‌ نزیك نه‌ له‌ دوور هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به‌ ئێمه‌وه‌ نییه‌".

دواى بڵاوبوونه‌وه‌ى ڤیدیۆى تۆمه‌تبارێك كه‌ به‌ كلكه‌ ده‌مانچه‌ هێرش ده‌كاته‌ سه‌ر گه‌نجێكى كاسبكار له‌به‌رده‌م نانه‌واكه‌یدا، و سوكایه‌تى پێده‌كات، هه‌رزوو ڤیدیۆكه‌ كاردانه‌وه‌ى زۆرى لێكه‌وته‌وه‌و، هاوڵاتیان ره‌خنه‌ له‌ ده‌زگا ئه‌منییه‌كان و ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كانى دیكه‌ى هه‌رێمى كوردستان ده‌گرن.

پۆلیسى سلێمانى، له‌ روونكردنه‌وه‌یه‌كدا ده‌ڵێت، تۆمه‌تبار سه‌ر به‌هیچ كه‌س نیه‌ و زانیارییه‌كانیان له‌سه‌ر تۆمه‌تبار له‌ هێزه‌كانى 70ى پێشمه‌رگه‌ وه‌رگرتووه‌، داواشى كردووه‌ هه‌ركه‌س سكاڵاى هه‌یه‌ له‌ دژى ئه‌و كه‌سه‌ لاى پۆلیس سكاڵا تۆمار بكات.

گرته‌ ڤیدیۆییه‌كه‌ له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ كه‌ تێیدا چه‌كدارێك "سووكایه‌تی" به‌ گه‌نجێك ده‌كات به‌ كلكه‌ ده‌مانچه‌ لێی ده‌دات و هه‌ڕه‌شه‌ی لێده‌كات.

له‌ گرته‌ ڤیدیۆیه‌كه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت، چه‌كداره‌كه‌ به‌ ده‌مانچه‌ ده‌یكێشێت به‌سه‌ر گه‌نجه‌كه‌دا و به‌هۆیه‌وه‌ گه‌نجه‌كه‌ خوێن به‌سه‌ریدا دێته‌ خواره‌وه‌.
 


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP