یەكێتی ئەوروپا دەستبەرداری گۆڕینی کاتژمێری وەرزیی دەبێت

- 9/14/2018 4:28:00 PM 17901 جار خوێندراوەتەوە


خەندان- هاوکار یونس

کۆمسیۆنی ئەوروپا، ئەمڕۆ هەینی رایگەیاند، یەکێتی ئەوروپا لەمانگی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٩-ەوە دەستبەرداری گۆڕینی کاتژمێری وەرزی دەبێت، کە یەکێتیەکە دووجار لەساڵێکدا کاتژمێردەگۆڕێت (کاتژمێری هاوینە و کاتژمێری زستانە). 

لەساڵی ١٩٩٦-ەوە، یاسای یەکێتی ئەوروپا کردوویەتی بەمەرج بەسەر هەموو وڵاتانی ئەندامی یەکێتی ئەوروپادا، کە لە کۆتا یەکشەممەی مانگی سێدا کاتژمێری وڵاتەکانیان یەك کاتژمێر پێشبخەن، وە لەکۆتا یەکشەممەی مانگی ١٠ دا کاتژمێری وڵاتەکانیان یەك کاتژمێر دوا بخەن.

لەکۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ئەمڕۆ هەینی، ڤیۆلێتا بولچ کۆمسیۆنەری کۆمسیۆنی ئەوروپا وتی "لە ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٩-ەوە گۆڕینی کاتژمێری وەرزی نامێنێت."

پرۆژەی دەستبەرداربوون لە گۆڕینی کاتژمێری وەرزی لەلایەن یەکێتی ئەوروپاوە، دوای ئەوە هات کە روپێوییەک لەناو ٤.٦ ملیۆن کەس لە ئەوروپادا ئەنجامدراو، ئەنجامی روپێویەکە دەریخست کە لەسەدا ٨٤ی بەشداربووان دژی گۆڕینی کاتژمێری وەرزی بوون.

کۆمسیۆنەکە هەروەها دەڵێت گۆڕینی کاتژمێری وەرزی سەردەمی بەسەرچووە و لەکاتی شەڕی جیهانی یەکەم و دووەم و لە ساڵانی حەفتاکاندا بەکارهاتووە و لەگەڵ ئەم سەردەمەدا ناگونجێت.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP