زریانی مەترسیداری فلۆرێنس ئەمڕۆ دەگاتە کاڕۆلینا

- 9/14/2018 11:54:00 AM 33392 جار خوێندراوەتەوە


خەندان-هاوکار یونس

بەهۆی زریانی فلۆرێنسەوە دەیان هەزار ماڵ لە کەنارەکانی رۆژهەڵاتی ئەمەریکا، بێ کارەبا بوون و بەهۆی ئاوی دەریاشەوە شەقامەکانی شارەکان پڕبوون لە ئاو.

زریانەکە بەخێرایی ١٥٠کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا بەرەو ناوچە وشکانیەکان دەڕوات. 

لەگەڵ نزیکبوونەوەی لە هەردوو ویلایەتی کارۆلینای باشور و باکور هێزی زریانەکە کەمبووەتەوە، بەڵام بەرپرسانی ویلایەتەکان هۆشداریانداوە کە زریانەکە هێشتا دەتوانێت "خەڵكێکی زۆر بکوژێت"و مەترسی رودانی لافاوی "کارەساتبار"هەیە. 

فەرمانی چۆڵكردن بۆ زیاتر لەملیۆنێك کەس دەرچووە لەو ناوچانەی کە زریانەکە دەیانگرێتەوە. 

چاوەڕواندەکرێت، ئەمڕۆ هەینی زریانی فلۆرێنس بگاتە ویلایەتی کارۆلینای باکور، رۆی کوپەر پارێزگاری ویلایەتی کارۆلینای باکور وتی رزگاربوون لە گەردەلولەکە تاقیکردنەوەی"بەرگەگرتن و کاری پێكەوەیی و هەستی هاوبەشێتی و دانبەخۆداگرتنە".

دامەزراوەی کەشناسی نیشتمانی براندن لۆکلیەر، رایگەیاند پێشبینی دەکرێت بارانێکی یەکجار زۆر لەماوەی دوو بۆ سێ رۆژدا لە ویلایەتی کارۆلینای باکور ببارێت. 

سەنتەری زریانی نیشتیمانی ئەمەریکا دەڵێت، سەرەڕای بەرەبەرە کەمبوونەوەی هێزی با، بەڵام گەردەلولەکە بە مەترسیداری دەمێنێتەوە و پێشبینی بارانی بەخوڕی زۆر و روودانی گەردەلولی توند دەکرێت.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP