"تۆمارى هه‌ڵبژاردنى عێراق و هه‌رێم 280هه‌زار ناو جیاوازى هه‌یه‌"
سەرۆکی كارگێڕى هەڵبژاردنەکان: له‌ 125هه‌زار ناوی مردوو توانیومە 1900 ناو بسڕمەوە

- 9/14/2018 10:32:00 AM 12268 جار خوێندراوەتەوە
ڕێزان حەمەڕەشید


خه‌ندان-

ڕێزان حەمەڕەشید، سەرۆکی كارگێڕى هەڵبژاردنەکان له‌ كۆمسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردن و راپرسى رایده‌گه‌یه‌نێت، زیاتر لە 280 هەزار ناو جیاوازی هەیە لەنێوان ئەم تۆماری دەنگدەرانە لەگەڵ ئه‌و تۆماری دەنگدەرانەی کە هەڵبژاردنی عیراقی پێکرا و ده‌شڵێت تۆماره‌كه‌ له‌ تۆمارى هه‌ڵبژاردنى 2013 پاكتره‌.

رێزان حه‌مه‌ره‌شید، به‌ ده‌نگى ئه‌مه‌ریكاى راگه‌یاندووه‌، بەشێکی زۆر کەمی ئەو ترسە ڕاستە کە لایەنەکان دەڵێن بەهۆی تۆماری دەنگدەرانەوە پڕۆسەی هەڵبژاردن خاوێن نابێت،"من پیشەییانە باسی دەکەم چونکە ساختەکاری بەتەنها بەتۆماری دەنگدەران ناکرێت بەڵكو بەشداری نەکردنی هاوڵاتیان و نەچونیان بۆ دەنگدان هۆکاری سەرەکیە".

هه‌روه‌ها باسیله‌وه‌كردووه‌، ئەم هەڵبژاردنە بەم تۆمارە نوێیەی دەنگدەران دەکرێت نەک تۆماری دەنگدەرانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق،"ئەم تۆمارە خاوێن نیە زیاتر لە(8000)ناوی دووبارەمان لێ دەرهێناوە واتە(مصحف الشریف) نیە، بەڵام ئەو تۆمارە پیسەش نیە کەپێشتر هەبووە و قسە لەسەر ئەوە دەکرا 900 هەزار یا 500 هەزار ناوی دووبارەی تێدایە".

سه‌رۆكى كارگێڕى هه‌ڵبژاردن له‌ كۆمسیۆن، ده‌شڵێت"ئێمە هەرچیمان لەدەستهاتووە ئەنجاممان داوە بۆ خاوێنکردنەوەی تۆماری دەنگدەران، بەڵام دەتوانم بڵێم زیاتر لە 280هەزار ناو جیاوازی هەیە لەنێوان ئەم تۆماری دەنگدەرانە لەگەڵ ئه‌و تۆماری دەنگدەرانەی کە هەڵبژاردنی عێراقی پێکرا لە مانگی پێنجدا".

رێزان حه‌مه‌ ره‌شید، پێى وایه‌ بەدوو ڕێگا دەتوانرێت تۆماری دەنگدەران پاکبکرێتەوە، یەکەم ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی کە ئەوەش بەپێی دەستور دەسەڵاتی حکومەتی عێراقە، دووەم ئامادەکردنی تۆماری بایۆمەتری"کە ئەوەش هی ئەوەنیە بڵێی بەمانگ و دوو مانگ تەواو ئەبێت".

سه‌باره‌ت به‌ تانه‌ى لایه‌نه‌كان له‌سه‌ر تۆمارى ده‌نگده‌ران، ئاماژه‌ى به‌وه‌كردووه‌، وەڵامی چوار حیزەبەكه‌یان داوەتەوە بەژمارە لە سێ ڕۆژنامە وەڵامیان داونەتەوە،"ئه‌و تۆمارە لە100% پاک نیە، بەڵام لەو تۆمارە پاکتره‌ کە هەڵبژاردنی (2013)ی پێکراوە و کەس قسەی نەکردووە".

سه‌باره‌ت به‌ ناوى مردوو رێزان حه‌مه‌ ره‌شید ئاشكرایكردووه‌"بۆ سڕینەوەی ناوی مردوو سودمان لەو داتایەی وەزارەتی تەندروستی وەرگرتووە بۆیە کەدەوترێت ناوی مردوو لەتۆماری دەنگدەراندا هەیە تاڕادەیەک ڕاستە بەڵام بەو ڕێژەیە نیە کەباس دەکرێت بۆیە لە (125،000) ناوی مردوو من توانیومە 26 هەزار ناوی مردوو بسڕمەوە".

"ناکرێت ئەو (125،000)ناوه‌ لەسەر تۆماری دەنگدەران بکرێت بەماڵ لەو 26000 ناوەش توانیومە( 1900) ناو بسڕمەوە چونکە ئەوانە دڵنیابوومەتەوە کەمردوون، نمونەیەکی زیندوو بۆ نمونە ئەحمەد محەمەد ئەحمەدمان هەیه‌( 570) ناوی وای بۆ هێناوم لەکاتێکدا تەنها یەک کەس بەو ناوە مردووە کەواتە دەتوانم بڵێم هەوڵی تەواو دراوە بۆ سڕینەوەی ناوی مردووان بەڵام سروشتی ئەو داتایەی هەمانە سەد لەسەد تەواو نییه‌"سه‌رۆكى كارگێڕى هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ كۆمسیۆن واى وتووه‌.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP