هەرئێستا

"کوردستان بەرگەی ململانێ و پێکدادان و سیاسەتی هەڵەی دیکە ناگرێت"
حەسەن بارام: هاوپه‌یمانى به‌رده‌وامه‌و ئامانجى كۆكردنه‌وه‌ى لایه‌نه‌كانه‌ بۆ خزمه‌تى خه‌ڵك

- 9/13/2018 9:35:00 PM 11242 جار خوێندراوەتەوە
حەسەن بارام


خەندان-شەیدا رەئوف 

حەسەن بارام، بەرپرسی دامەزراوی راگەیاندنی هاوپەیمانی رایدەگەیەنێت، هاوپەیمانی دیموکراسی و دادپەروەری پرۆژەیەکی بەردەوامە و لە ئێستادا سەرقاڵی خۆرێکخستنەوەیە. 

حەسەن بارام، لەمیانی بەشداریکردنی لە دیدارێکی تایبەتی خەندان-دا، شه‌وى پێنجشه‌ممه‌ وتی"هاوپەیمانی پرۆژەیەکی هەمەچەشنە، جوڵانەوەیەکی بەردەوامە، دەیەوێت خۆی رێکبخاتەوە، لەرێگەی چەندین لیژنەی باڵاوە کار بۆ ئەوە دەکات خۆی رێکبخاتەوەو خەریکی رێکخستنەوەی دامودەزگا و دامەزراوەکانی هاوپەیمانی و دەڤەر و بازنەکانیەتی، چونکە هاوپەیمانی  پرۆژەیەکی بەردەوامە". 

ئەوەشی وت، لەبنەڕەتدا پرۆژەی هاوپەیمانی بۆ ئەوەیە بتوانرێت هێز و لایەنە کوردستانیەکان لە دەوری هاوپەیمانێتیەکی گەورە کۆببنەوە بۆ خزمەتکردنی خەڵک و بنیاتنانی وڵات لە هەموو بوارەکاندا. 

ئاماژەی بەوەشکرد، هاوپەیمانی لەگەڵ هەموو لایەن و حزبە کوردستانیەکان لە گفتوگۆدایە بۆ دروستبوونی کۆدەنگی  لەسەر پرۆژە نیشتیمانیەکان، نەک تواندنەوەی هێزەکان لەناو یەکتردا ، چونکە کوردستان بەرگەی ململانێ و پێکدادان و سیاسەتی هەڵەی دیکە ناگرێت. 

سەبارەت بە شێوازی رێکخستنەوەی هاوپەیمانی حەسەن بارام رایگەیاند، هیچ دامەزراوەیەکی هاوپەیمانی هەڵنەوەشاوەتەوە،"قۆناغ بە قۆناغ ئەرک و مەهامەکانیان رێکدەخەینەوە، لە ئێستادا دەڤەرەکان باشتر رێکخراونەتەوە هێزێکی نوێی وەک هاوپەیمانی پێویستی بە خۆڕێکخستنەوە هەیە و کاتیشی پێویستە بۆ ئەم کارە". 

هه‌روه‌ها حه‌سه‌ن بارام، هۆکاری سەرەکی بەشدارینەکردنی هاوپەیمانی لە هەڵبژاردن روونکردەوەو وتی،"کۆمسیۆنی هەرێم تەواو حزبییە و ناتوانێت بێ لایەن بێت، یاسای هەڵبژاردن و یاسای کۆمسیۆن پێویستی بە هەموارکردنەوەیە، ئالیەتی کارکرنی کۆمیسیۆن و کەموکوڕییەکانی وایکرد هاوپەیمانی ئەو بڕیارە بدات، یەکێک لە شانازییەکانی هاوپەیمانی ئەم بڕیارەیە و بە بوێرییەوە بڕیاری بەشدارینەکردنی دا"

سەبارەت بە کاندیدبوونی د.بەرهەم بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق، ئاماژەی بەوەکرد لەناو هاوپەیمانیدا بەهیچ شێوەیەک کاندید نیە بەڵکو لەناو هێز و لایەنە سیاسیە عێراقیەکاندا بەپێویستی دەزانن کەسایەتیەکی هاوسەنگ سەرۆکایەتی عێراق بکات و چەندین لایەن و هێز ئەو بابەتەیان خستووەتەڕوو. 

ئەوەشی خستەڕوو، ئەگەر بە فەرمی لایەنەکان ئەو داوایە لە د.بەرهەم بکەن لە داهاتوویەکی نزیکدا هاوپەیمانی دیموکراسی و دادپەروەری لەو بارەیەوە قسەی خۆی دەکات.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP