18 ساڵە رووداوی لەو شێوەیە رووینەداوە
ڤیدیۆ؛ فڕۆكەوانێكی ئەمریكی فڕۆكەیەك لە ئاسمانی رەققە دەخاتەخوارەوە

- 9/12/2018 3:22:00 PM 146096 جار خوێندراوەتەوە

خەندان- خۆشناو حسێن

فڕۆكەوانێكی ئەمەریكی فڕۆكەیەكی جەنگی سوپای سوریا لە ئاسمانی رەققە دەخاتەخوارەوە، ئەوەش یەكەم رووداوی لەو شێوەیەیە لە ماوەی 18 ساڵی رابردوودا.

فەرماندەیی ناوەندی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بڵاویكردەوە، مایك تریمیل، فڕۆكەوانی ئەمەریكی فڕۆكەیەكی سوپای سوریای لە نزیك شارۆچكەی جعێدین لە رۆژئاوای رەققە خستووەتە خوارەوە، دوای ئەوەی شەڕڤانانی هێزەكانی سوریای دیموكراتی كردووەتە ئامانج.

فڕۆكەكەی سوپای سوریا كە لە جۆری SU22 بووە، و بۆ ماوەی هەشت خولەك لە ئاسمانی پارێزگای رەققەی سوریا بووە، و بۆردومانی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە)ی كردووە، بەڵام مایك تریمیل، فڕۆكەوانە ئەمەریكییەكە توانیوویەتی بیخاتەخوارەوە.

رووداوەكە مانگی حوزەیرانی ساڵی 2017 لە نزیك شارۆچكەی جعێدین لە رۆژئاوای رەققە روویداوە.

بەپێی فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریكا، ئەو كاتەی فڕۆكەكەی سوپای سوریا لە ئاسمانی رەققە بووە بۆردومانی شەڕڤانانی كردووە كە لە رووبەڕووبوونەوەدان بوون لەگەڵ چەكدارانی داعش، بەڵام مایك تریمیل، بە فڕۆكەیەكی جۆر F18 شوێنی فڕۆكە جەنگییەكەی سوپای سوریا كەوتووە و خستوویەتییە خوارەوە.
بەوهۆیەوە مایك تریمیل، فڕۆكەوانی ئەمەریكی لەلایەن فەرماندەیی هێزیی دەریایی ئەمەریكاوە خەڵاتی رێزلێنانی فڕۆكەوانی پێبەخشراوە.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP