سەرتاشێک بە کوتەک مەساج بۆ مشتەریەکانی دەکات

- 9/6/2018 12:57:00 PM 52796 جار خوێندراوەتەوە

خەندان -

لە ناوچەی قادرلی شاری عوسمانیەی تورکیا، سەرتاشێک دوای ئەوەی سەر بۆ مشتەریەکانی چاک دەکات، بە کوتەک و لێدان و شێوازی دیکە مەساجیان بۆ دەکات.

 نیازی بوجاک کە ماوەی پانزە ساڵە پیشەی سەرتاشیە، جگە لە تاشینی سەر و ڕیشی موشتەریەکانی، خزمەتگوزاریەکی دیکەی هەیە کە خۆی ناوی ناوە "مەساج بە لێدان".

دوای چاککردنی سەر و ڕیشی موشتەریەکانی، نیازی لەگەڵ شاگردەکانی دەکەوێتە مەساجکردن بەشێوازی جیاواز لەنێویشیاندا مەساجکردن بە کوتەکێکی ئەستوور کە لە پشتی مشتەریەکەی دەدات.

لەبارەی چۆنێتی مەساجکردن بۆ هاوڵاتیەکانی، نیازی بە پێگەی"حوڕیەت"ی وتووە، مشتەریەکانی زۆر ڕازین لەو کارەی و "سوودێکی تەندروستی زۆری هەیە بۆیان".

هەروەها ئەوەشی ئاشکراکردووە، "موشتەریەکانم زیاتر لەبەر مەساجکردنەکە دێن بۆ لای من وەک لە سەرتاشین، زۆر ڕازین و هەست بە ئاسودەیی ئەکەن لەدوای مەساجەکە. باشترین شێوازی مەساجکردنیش، بەکارهێنانی کوتەکە".

یەکێک لە مشتەریەکانی نیازیش باسی لەوەکردووە، ماوەی چوار ساڵە بەردەوام بۆ سەرتاشین و مەساجکردن سەردانی سەرتاشخانەکەی نیازی دەکات و وتویەتی، " دوای مەساجکردن بە کوتەک، ماوەی ڕۆژێک ناتوانم لەجێی خۆم هەستم، بەڵام ڕۆژانی دواتر هەست بە ئاسودەییەکی زۆر دەکەم".


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP