لە سێ مانگدا لەسەدا 50ی بەهاكەی لەدەستداوە
دابەزینی بەهای تمەن كاریگەری لەسەر ئاڵوگۆڕی بازرگانی هەرێم و ئێران "نەبووە"

- 9/4/2018 3:14:00 PM 15014 جار خوێندراوەتەوە

خەندان- شەیدا رەئوف 

تا دێت بەهای تمەنی ئێران بەرامبەر بە دۆلاری ئەمەریكی دادەبەزێت، بەڵام جێگری سەرۆكی ژووری بازرگانی سلێمانی رایدەگەیەنێت، دابەزینی بەرچاوی بەهای تمەن كاریگەری راستەوخۆی لەسەر ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەرێم و وڵاتی ئێران نەكردووە.

دابەزینی بەهای تمەنی ئێران بەشێوەیەكی بەرچاو دوای ئەوە هات كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە رێككەوتنامەی ئەتۆمی ئێران كشایەوەو سزای بەسەر ئەو وڵاتەدا سەپاند.

لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ سێشەممە بەهای 100 هەزار تمەنی ئێرانی بەرامبەرە بە 10 هەزار و 500 دینار، ئەوەش لەكاتێكدایە پێش بڕیاری كشانەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا لە رێككەوتنامەی ئەتۆمی ئێران لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا بەهای 100 هەزار تمەنی ئێرانی 21 هەزار و750 دینار بوو.

لەوبارەیەوە یاسین رەحیم جێگری سەرۆكی ژووری بازرگانی سلێمانی بە خەندان-ی راگەیاند، دابەزینی بەهای تمەن بابەتێكە زیاتر بە پەیوەندی بە وڵاتی ئێران خۆیەوە هەیە و ناجۆری و ناسەقامگیری زیاتر لەو وڵاتەكە خۆیدا دروستكردووە.

ئاماژەی بەوەشكرد، دابەزینی بەهای تمەن بەو جۆرە زۆرە كە ژمارەیەكی پێوانەییە نەبووەتە هۆی ئەوەی كە ئەو كەلوپەل شتومەكانەی بازرگانانی هەرێم دەیهێنن بكەوێتە هەرزانی و نرخیان بەشێوەی بەرچاو داببەزێت، و هەموو كەس توانای ئەوەی هەبێت دەرەقەتی ئاڵوگۆڕی بازرگانی بێت.

جێگری سەرۆكی ژووری بازرگانی سلێمانی وتیشی، "ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان ئێران و هەرێم تا ئەم چەند رۆژەی پێشووش هەر بە دۆلار بووە ئەمەش باڵانسی راگرتووە لەنێوان بەرهەمە هەناردەكانی وڵاتی ئێران و ئەو بەهایەی پێشتر تمەن هەیبووە".

7ی مانگی تەمووزی ئەمساڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بڕیارێكی سەرۆكایەتی واژۆكرد بۆ سەپاندنەوەی سزاكانی وڵاتەكەی بەسەر ئێراندا، بەبێی بڕیارەكە سزاكەی ئەمەریكا بە دوو قۆناغ بەسەر كۆماری ئیسلامی ئێراندا جێبەجێ دەكرێت.

یاسین رەحیم، رونیشیكردەوە، كاریگەری دابەزینی بەهای تمەن بۆ بازرگانانی هەرێم ئەو كاتەیە ئەگەر بازرگانێك لەگەڵ هەندێك كۆمپانیادا بە تمەن مامەڵەی كردبێت، ئێستا تمەنەكەی بۆ نابێتەوە بە دۆلار لەبەرئەوەی بەهای تمەن دابەزیوە.

ئەوەشی خستەڕوو، بازرگانی و هەناردەی نێوان هەرێم و ئێران تا ئێستاش بەشێوەیەكی تا رادەیەك ئاسایی هەر بەردەوامە و گۆڕانكاری ئەوتۆی بەخۆیەوە نەدیوە.

بەپـێی بڕیارەكەی ترەمپ قۆناغی یەكەمی سزاكانی ئەمەریكا ی مانگی تەمووزەوە دەستپێكردووە، كە سزا خراوە سەر بازاڕی دراوی ئێران و قەدەغەش خراوەتە سەر بازرگانیكردن بە ئاڵتون و كانزاكانی دیكە لەگەڵ ئێراندا و ڕێگە نادرێت هیچ تەكنەلۆژیایەكی پەیوەست بە كەرتی پـیشەسازی و دروستكردنی ئۆتۆمبیل بە ئێران بدرێت.

هاوكات قۆناغی دووەمی سزاكان بڕیارە لە 5 ی مانگی 11ی ئەمساڵ دەستپـێدەكات، كە قەدەغە دەخرێتە سەر هەناردەی نەوتی ئێران و ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە ڕێگەی بەندەرەكانی ئێرانەوە.

نیشانەکردن :

#ئێران

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP