ئەو دوو وەزیرە تورکەی ئەمەریکا سزایدان لە ئەندامێتی سەرکردایەتی ئاکپارتی دوورخرانەوە

- 8/18/2018 11:22:00 PM 44741 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئەمرۆ شەممە، کۆنگرەی ئاکپارتی بە بەشداری چەندین باڵیۆز و دیپلۆماتکاری وڵاتان و بەرپرسانی تورکیا بەڕێوەچوو، تیایدا گۆرانکاری لە ئەندامانی سەرکردایەتی پارتەکەدا کرا.

لەو کۆنگرەیەی پارتی داد و گەشەپێدان، کە شەشەمین کۆنگرەی ئاسایی پارتەکە بوو، دوای هەڵبژاردنەوەی رەجەب تەیب ئەردۆغان بە سەرۆکی ئاکەپە، بە بڕیاری ئەردۆغان  لە کۆی ٥٠  ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی ناوەندی بڕیار و بەڕێوەبردن تەنیا ٢١ ئەندام لە پۆستەکانیاندا مانەوە، هەر یەکە لە سولەیمان سۆیلو و عەبدولحەمیت  گیول، وەزیرانی ناوخۆ و دادی تورکیا، کە لە ماوەی رابردوودا لەلایەن ئەمەریکاوە بە بلۆککردنی ماڵ و سامانەکانیان لە ئەمەریکا سزادرابوون، لەلایەن ئەردۆغانەوە لە پۆستە حزبییەکانیان دوورخرانەوە.

لە کۆنگرەکەدا کە ٢٩ ئەندامی  نوێ بۆ سەرۆکایەتی پارتەکە هەڵبژێردرانتیایدا  نوعمان کورتوڵموش، وەزیری پێشووی گەشتوگوزار بە جێگری سەرۆکی ئاکپارتی هەڵبژێردرا، عومەر چەلیک، وەزیری پێشووی کاروباری یەکێتیی ئەوروپا کرا وەک وتەبێژی پارتەکە دەستنیشانکرا.

حەیاتی یازجی، جێگری پێشووی سەرۆکی ئاکپارتی بە ماڵپەڕی هەبەرتورکی ڕاگەیاندووە، "ئەنجامدانی کۆنگرەی فراوانی ئاکپارتی لەم کاتەدا بەهێزی پارتەکەمان دەردەخات، ئەوە چەندین مانگە پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان باس لە ئەنجامدانی کۆنگرە دەکەن بەڵام ناتوانن کۆنگرە ببەستن"، هەروەها ئاماژەی بەوەشکردووە کۆنگرەکەی ئاکپارتی دوور دەبێت لە شەڕ و ژاوەژاو و هەوڵ دەدرێت بە بڕیاری گرنگەوە لە کۆنگرە دەربچن.

 
سزادانی سۆیلو و گیول لەلایەن کۆشکی سپییەوە و وەڵامە "گاڵتەئامێزانە"کانیان

 رێکەوتی ٢ی ئەم مانگە، وەزیرانی داد و ناوخۆی تورکیا کە لەلایەن ئەمەریکاوە لەسەر قەشە ئەمەریکیەکە سزادران، بەشێوەیەکی "گاڵتەئامێزانە" وەڵامی ئەو سزایەیان دایەوە کە بەسەریاندا سەپێنراوە.

 کۆشکی سپی لە بەیاننامەیەکیدا کە لە لایەن، سارە ساندەرز، وتەبێژی کۆشکی سپییەوە خوێنرایەوە رایگەیاند، وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا سزا دەسەپێنێت بەسەر هەر یەکە لە سولەیمان سۆیلو، وەزیری ناوخۆی تورکیا، عەبدولحەمیت گیول، وەزیری دادی ئەوەش بە بلۆککردن و دەستبەسەرداگرتنی ئەو ماڵ و مولکەی لە ئەمەریکادا هەیانە.

دوای ئەو بڕیارەی کۆشکی سپی، لایخۆیانەوە گیول و سۆیلو وەڵامی سزاکەیان دایەوە، گیول لە پێگەی فەرمی خۆی لە تویتەر نوسیویەتی" نە لە ئەمەریکا، نە لە هەر وڵاتێکی دیکەی دەرەوەی تورکیا یەک چڵە نەمام و یەک قوڕوشم نییە...تاکە ئاواتم ئەوەیە لە خاکی خۆمدا بژیم و بمرم"، سۆیلوش نوسییەتی" لە ئەمەریکا یەک شتمان هەیە، ئەویش فەتۆیە[دەستەواژەیەکە لەلایەن حکومەتی تورکیا و ئەندامانی ئاکەپەوە بەکاردێت بۆ فەتحولا گیولەن، رابەری بزاڤی خزمەت]..ئەویش لەوێ جێناهێڵین، دەیسەنینەوە".

دوا بەدوای ئەو بڕیارەی کۆشکی سپیش، بەهای لیرەی تورکی لە بازاری دروای جیهانیدا داکشانی بەرچاوی بەخۆوە بینی و لە ئێستادا یەک دۆلاری ئەمەریکی بەرامبەرە بە زیاتر لە شەش لیرەی تورکی
 


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP