ئەمەریکا ناردنی بودجە گەورەکەی بۆ سوریا راگرت

- 8/18/2018 10:34:00 AM 9384 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-ئارام قەفتان

هێزەر ناوێرت، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، بە بریاری هاوبەشی نێوان وەزیری دەرەوە و کۆشکی سپی، خەرجکردنی ئەو بڕە پارەیە وەستێنرا کە بۆ بوژاندنەوەی سوریا تەرخان کرابوو.

ئاژانسی ئەنادۆڵ لە راپۆتێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، هیزەر ناوێرت لە لێدوانێکدا  لەبارەی ناردنی ٣٢٠ ملیۆن دۆلار بۆ ئاودەدانکردنەوەی سوریا رایگەیاندووە، "بە بریاری هاوبەشی مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و بەرپرسانی کۆشکی سپی ئەو بڕە پارەیە بۆ سوریا ڕەوانە ناکرێت و بۆ شوێنێکی دیکە تەرخان دەکرێت".

ناوێرت لەوبارەیەوە ئاماژەی بەوەشکردووە، "برە پارەکە ٣٠٠ ملیۆن دۆلاری لەلایەن هاوپەیمانی دژی داعشەوە دابینکراوە و سعودیە ١٠٠ ملیۆن و ئیماراتیش ٥٠ ملیۆنی بۆ ئەو مەبەستە تەرخان کردبوو".

پێشتر دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی راسپاردبوو کە بری ٢٠٠ ملیۆن دۆلار تەرخان بکەن بۆ نۆژەنکردنەوەی چەند ناوچەیەك لە سوریا کە بەهۆی شەڕەوە وێرانبوون. 


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP