بۆ دروستکردنی گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی مالیکی و نوجێفی ئاشتدەبنەوە

- 8/18/2018 10:26:00 AM 6435 جار خوێندراوەتەوە
مالیکی و نوجێفی

خەندان- دانا تەیب مەنمی 

 

لە گۆڕانکارییەکی بەرچاودا سەبارەت بە دانوستانەکانی پێکھێنانی حکومەتی نوێی عێراق، نوری مالیکی، سەرۆکی ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لەگەڵ ئوسامە نوجێفی، سەرۆکی ھاوپەیمانی قەراری عێراقی کۆبووەوە.

 

بەپێی ھەواڵێکی ماڵپەڕی ئەلحەیات، ھەروەھا نوجەیفی لەگەڵ ھادی عامری، سەرۆکی ھاوپەیمانی فەتح، کۆبووەتەوە، وفالح فەیاز، ئەندامی ھاوپەیمانی نەسر-ی حەیدەر عەبادی ئێستا لە مالیکی-ەوە نزیکە ئەوەش ئاماژەیەکە بۆ دابەشبوونێک لەنێوان ریزەکانی ھاوپەیمانێتی نەسردا.

 

دوێنێ ئۆفیسی مالیکی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند لەمیانی کۆبونەوەی مالیکی و نوجەیفی و بزوتنەوەی بەخشین-ی فالح فەیازدا داھاتووی پرۆسەی سیاسی عێراق-یان باسکردووە، و جەختیانکردووەتەوە لە پێویستی پەلەکردن لە دەستپێکردن بە جێبەجێکردنی ھەنگاوە دەستوورییەکان و ڕاگەیاندنی گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی.

 

ئەلحەیات لەزاری چەند سەرچاوەیەکەوە بڵاویکردووەتەوە لە کۆبونەوەکەدا نوجەیفی و مالیکی ئاشتەواییان ڕاگەیاندووە، ئەوەش بە نێوەندگیری فالح فەیاز کە خۆیشی ئامادەی کۆبونەوەکە بووە.

 

ئێستا لەناو شیعەکاندا دوو گروپ دروستبوون، گروپێکیان مالیکی و عامری ڕابەرایەتی دەکات و گروپەکەی دیکە موقتەدا سەدر و عەمار حەکیم و حەیدەر عەبادی ڕابەرایەتی دەکەن و ھەردوو گروپ لە پێشبڕکێدان بۆ کۆکردنەوەی پشتیوانی حزبە سوننی و کوردییەکان بۆ سەرکەوتن لە دروستکردنی گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی.

 

بەپێی خوێندنەوەی دادگای فیدراڵی عێراق، گەورەترین فراکسیۆن ئەو فراکسیۆنە نییە کە زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمان لە ھەڵبژاردنەکاندا دەباتەوە، بەڵکو ئەو لایەنانەی ھاوپەیمانی دەکەن و دەبنەخاوەنی زۆرترین ژمارەی کورسی لەناو پەرلەماندا، ئەوە گەورەترین فراکسیۆن پێکدەھێنێت.   



نیشانەکردن :

#عێراق

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP