هەواڵی ئەمڕۆ

حوسییەکان و حکومەتی پێشووی یەمەن بانگهێشت دەکرێن بۆ گفتوگۆی ئاشتیانە

- 8/17/2018 4:30:00 PM 3941 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

نەتەوە یەکگرتووەکان، حکومەتی پێشووی یەمەن و بزوتنەوەی حوسییەکانی بانگهێشتکردووە بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆی ئاشتیانە.

ئەلیساندرا بێلوچی وتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان وتی" بانگهێشتنامەی نوسینگەی نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان پشتراست دەکەمەوە بۆ هەر یەکە لە ئیدارەی حکومەتی پێشووی یەمەن و حوسییەکان بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆی ئاشتیانە لە جنێف".

ئەو وتانەی وتەبێژی رێکخراوەکە لە کاتێکدایە، لە سەرەتای ئەم مانگەدا(ئاب) مارتین گریفیس، نێردەی نەتەوە یەکگرتووەان لە یەمەن رایگەیاند، ئامادەکاری دەکەن بۆ پێکهێنانی گفتوگۆیەکی ئاشتیانە و لێکتێگەیشتن لە نێوان حکومەتی پێشووی یەمەن و حوسییەکان، بەگوێرەی بەیانامەکەی ئەمرۆی بیلۆچیش بێت، رێکەوتی ٩ ی ئەیلولی ئەمساڵ ئەنجام دەدرێت.

ململانێکانی حکومەتی یەمەن و حوسییەکان و بەرفراوانبوونی لە دوای بەهاری عەرەبی

حووسیەکان کە بە بزووتنەوەی گەنجانی باوەڕداریش ناسراون، بزووتنەوەیێکی سیاسی ئایینین، ناوچەی سعدە لە یەمەن بنکەی سەرەکییانە، ئەم بزووتنەوەیە لە ساڵی ١٩٩٢ لە لایەن حوسێن حووسی لە دژی حکوومەتی یەمەن دامەزراوە،  ئێستا بوونەتە گرووپێكی بەهێزی یەمەن و جگە لەوەی رووبەڕووی سوپای یەمەن دەبنەوە لەچەند لایەكی دیكەشەوە جەنگیان لەگەڵ باڵە جیاوازەكانی ئەلقاعیدە و هەروەها چەند هۆزێكی دیكەی یەمەنی دەستپێكردووە كە دژ بە حوسییەكان چالاكییان هەیە.

گروپی چەکداری حوسییەكان لە هەمانكاتیشدا لە ناوچەكانی سەنعا و دەوروبەریشی رووبەڕووی گرووپی چەكدارانی دیكە و یەكە سەربازییەكانی پارتی ئیسلاحی یەمەنی بوونەتەوە، كە باڵێكی سەربازی سەر بە كۆمەڵی ئیخوان موسلمینی یەمەنن، حوسییەکان رۆڵێکی گرنگ و بەرچاویان هەبو لە راپەرینی خەڵکی یەمەن کە ناسراوە بە بەهاری عەرەبی لە ساڵی ٢٠١١، لە ئەیلوولی ٢٠١٤ سەنعای پایتەختی یەمەنیان داگیركرد و، كانوونی دووەمی ٢٠١٥ش زۆر بە ئاسانی دزەیان كردە ناو كۆشكی سەرۆکكۆماریی، پەرلەمانیان هەڵوەشاندەوە و، دەسەڵاتی سوپاشیان بەدەستەوە گرت، هادی، سەركۆماری یەمەنیش بە ناچاری دەسەڵاتەكەی بۆ شاری عەدەن گواستەوە، بەڵام دوای ئەوەی حوسییەكان لەوشارە نزیك بوونەوە، بەرەو عەرەبستانی سعوودی ڕایكرد.

قەیرانی وڵاتی یەمەن لەوكاتەوە دەستیپێكرد كە لەژێر كاریگەریی شەپۆلی ناڕەزایەتیی بەهاری عەرەبیدا بەشێك لەهاوڵاتیانی ئەو وڵاتە دژی دەسەڵاتەكەی عەلی عەبدوڵا ساڵح هاتنە سەر شەقام و حكومەتی ئەو كاتی یەمەنیش سەركوتی كردن، دواتر ململانێكان ئاڵۆزتربوون و گۆڕان بۆ جەنگێكی ناوخۆیی.

نیشانەکردن :

#یه‌مه‌ن

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP