رێبوار حەمەد: لەگەڵ هاوپەیمانی و گۆڕان و یەكگرتوو دەچینە قۆناغی نوێی گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەتی عێراق

- 8/17/2018 3:27:00 PM 6664 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

رێبوار حەمەد، وتەبێژی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان رایگەیاند، لەگەڵ هاوپەیمانی و گۆڕان و یەكگرتوو دەچنە قۆناغی نوێی گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراقەوە، بەڵام "پێكهێنانی حكومەت قورسە"، چونكە هێندەی ململانێی ئیقلیمی و هێزە نێودەوڵەتییەكان دەیانەوێت كاریگەرییان هەبێت لەسەر دانانی پۆستەكان، هێندە بەرژەوەندییەكانی خەڵك رەچاو ناكرێت.

رێبوار حەمەد لەمیانی چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ئاژانسی ئەنادۆڵ-ی راگەیاندووە، ئەوان لەگەڵ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانن لە وادەی خۆیدا، پێشیان وایە ئەگەر هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا و لە مانگی تشرینی دووەمی رابردوو ئەنجام بدرایە، ئەوا ئێستا واقیعی سیاسی هەرێمی كوردستان جێگیرتر بوو، هەروەها یەكڕیزی نیشتمانی لە هەرێم باشتر دەگەڕایەوە و دەستپێكی قۆناغێكی نوێ‌ دەبوو، بۆ هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراقیش ئەو پێكدادانە سیاسییە گەورەیە دروست نەدەبوو.

ئاماژەی بەوەشكردووە، "وەك كۆمەڵی ئیسلامی و سێ‌ لایەنەكەی دیكە (گۆڕان، یەكگرتوو و هاوپەیمانی) دەچینە قۆناغی نوێی گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق، بەڵام ئەم قۆناغەی پێكهێنانی حكوومەت قورسە، چونكە هێندەی ململانێی ئیقلیمی و هێزە نێودەوڵەتییەكان دەیانەوێت كاریگەرییان هەبێت لەسەر دانانی پۆستە هەستیارەكانی عێراق، هێندە بەرژەوەندییەكانی خەڵك و هاووڵاتییان رەچاو ناكرێت".

هەروەها دەڵێت، "بەبێ‌ گومان ئیرادەیەك هەست پێدەكرێت بۆ دواخستنی هەڵبژاردن، ئەو ئیرادەیەش دوو بەشە، ئیرادەیەكیان دەرەنجامی ئەو ساردبوونەوەیەیە كە رووی لە دەنگدەر كردووە و بەشێكی دەنگدەر متمانەی بە پڕۆسەی سیاسی نییە، ئەم ئیرادەیە بۆ ئەوەیە كە بەها بگێڕێتەوە بۆ پڕۆسەكە، ئەم نیەتەش بە نیەتێكی پیرۆز دەزانین هەرچەند لەگەڵ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بین".

وتەبێژی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان راشیگەیاندووە، "لەهەمانكاتدا ئیرادەیەكی دیكە هەیە كە مەبدەئیەن دەیانەوێت پڕۆسەكە دوابخەن كە رەنگە زەمینەی ئەو هێز و لایەنانە بۆیان لەبار نەبێت و بەشێكە لەو كولتوورەی كە هەڵبژاردن بەردەوام دوابخرێت".


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP