هەرئێستا

لەبارەی تیرۆركردنی زەكی شەنگالی
كەجەكە داوای روونكردنەوە لە حكومەتی عێراق و پارتی دەكات

- 8/17/2018 1:43:00 PM 24709 جار خوێندراوەتەوە
مام زەكی شەنگالی

خەندان-

كۆما جڤاكێن كوردستان (كەجەكە) لەسەر تیرۆرکردنی یەكێك لە سەركردە دیارەكانی‌ لەلایەن فڕۆكەكانی‌ توركیاوە ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و "حكومەتی عێراق و پارتی بە هاوبەشی ئەو هێرشە دادەنێت" و داوای روونكردنەوەیان لێدەكات.

دوای ئەوەی فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا دوو ئۆتۆمبێلیان لە شەنگال کردە ئامانج و بەهۆیەوە زەكی شەنگالی، فەرماندەی گشتی کەجەکە لە شەنگال و چوار شەڕڤانی یەبەشە گیانیان لە دەستدا، لە ڕاگەیەندراوێكدا كەجەكە رایگەیاند، "گوماندەكرێت هێزێكی‌ نزیك لە پارتی دیموكراتی‌ كوردستان یان حكومەتی عێراق هاوكاریی توركیایان كردبێت لەو هێرشەدا".

كەجەكە هەروەها دەڵێت، ئەو هێرشە دوای سەردانی حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ ئەنقەرە ڕوویداوە، بۆیە "ئەگەر حكومەتی عێراق و پارتی پەیوەندییان بەو هێرشەوە نییە، پێویستە بۆ ڕای گشتیی ئاشكرابكەن و شەرمەزاریشی‌ بكەن".

فڕۆكەكانی توركیا كاتژمێر 5:00ی ئێوارەی 15ی ئەم مانگە هێرشەكەیان ئەنجامداوە، دوای ئەوەی مام زەكی شەنگالی بە هاوڕێیەتی دوو ئۆتۆمبێل لە مەراسیمی یادكردنەوەی چوارساڵەی كارەساتی گوندی كۆچۆ دەگەڕێنەوە.

كەجەكە ڕەخنەی‌ توند لە حكومەتی عێراق  و پارتی دەگرێت و جەختدەكاتەوە، لە بەرامبەر پێشێلكردن و بەزاندنی سنورە ئاسمانییەكانی شنگال، "ئەمەریكا و پارتی و عێراق بەرپرسیارن".

مام زەكی شەنگالی ناوی تەواوی (ئیسماعیل ئوزدەن)ە و ساڵی 1952 لە باتمان لەدایكبووە، ئەندامی كۆردیناسیۆنی كۆمەڵگای ئێزدی و ئەندامی كۆنسەی بەڕێوەبەری كەجەكەیە.

هاوكات دوێنی پێنجشەممە ئیبراهیم كاڵن، وتەبێژی سەرۆكایەتی كۆماری توركیا ڕاگەیاند، كاتێك حەیدەر عەبادی و شاندی عێراق لە ئەنقەرە بوون گفتوگۆیان لەبارەی پرسی شەنگالەوە كردووە و لایەنی عێراقی بە ئاشكرا وتیان، ڕێگا نادەن خاكی عێراق بۆ هێرشكردنە سەر توركیا بەكاربهێنرێت.

كاڵن راشیگەیاند، "ئۆپەراسیۆنەكانمان كە رۆژی چوارشەممەی رابردوو لە شەنگال ئەنجامدران لە ئەنجامی گفتوگۆكان بوو لەگەڵ شاندی عێراقی".



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP