بەپەلە

ڤیدیۆی هێرشەكەی فڕۆكەكانی توركیا لە شەنگال بڵاوكرایەوە
توركیا دەڵێت زەكی شەنگالی لە رووداوەكەدا گیانی لەدەستداوە

- 8/17/2018 10:08:00 AM 47050 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئاژانسی ئەنادۆڵی فەرمی حكومەتی توركیا گرتەیەكی ڤیدیۆیی بڵاوكردەوە، كە تێیدا دەردەكەوێت فڕۆكەكانی توركیا دوو ئۆتۆمبێل دەكەنە ئامانج و ئاژانسەكە دەڵێت، "مام زەكی شەنگالی لەو هێرشەدا بەركەوتووەو گیانی لەدەستداوە".

لە گرتە ڤیدیۆیەكەدا دەردەكەوێت دوو ئۆتۆمبێلی پیكاب بە شەقامێكی سەرەكیدا دەڕوان و فڕۆكەكانی توركیا لە رێگەی رادارەوە چاودێریان دەكەن، سەرەتا ئۆتۆمبێلێكیان دەكرێتە ئامانج و دواتر چەند كەسێك لە ئۆتۆمبێلی دووەم دادەبەزن و ئەو كەسانە دەردەهێنن كە لەناو ئۆتۆمبێلەكەدا بوون.

دوای چەند خولەكێك فڕۆكەكانی توركیا ئۆتۆمبێلی دووەمیش دەكەنە ئامانج و ئۆتۆمبێلەكەش تێكدەشكێت، هەرچەندە لە گرتە ڤیدیۆییەكەدا دیارنییە چەند كەس لە رووداوەدا گیان لەدەستدەدەن، بەڵام پێشتر وابڵاوكرابووەوە كە زەكی شەنگالی، ئەندامی كۆنسەی بەڕێوەبەری كەجەكە و چوار شەڕڤانی یەبەشە گیانیان لە دەستداوە.

زەكی شەنگالی ناوی تەواوی (ئیسماعیل ئوزدەن)ە و ساڵی 1952 لە باتمان لەدایكبووە، ئەندامی كۆردیناسیۆنی كۆمەڵگای ئێزدی و ئەندامی كۆنسەی بەڕێوەبەری كەجەكەیە.

زەكی شەنگالی

فڕۆكەكانی توركیا كاتژمێر 5:00ی ئێوارەی 15ی ئەم مانگە هێرشەكەیان ئەنجامداوە، دوای ئەوەی مام زەكی شەنگالی بە هاوڕێیەتی دوو ئۆتۆمبێل لە مەراسیمی یادكردنەوەی چوارساڵەی كارەساتی گوندی كۆچۆ دەگەڕێنەوە.

پێشتریش وەزارەتی بەرگری توركیا بڵاویكردبووەوە، لە ئۆپراسیۆنێكی فڕۆكە جەنگییەكانیاندا بۆ سەر چیای شەنگال (ئیسماعیل ئۆزدەن) ناسراو بە زەكی شەنگال كراوەتە ئامانج و كوژراوە.

دوای دوو ساڵ لەئاگربەستی نێوان توركیا و PKK، هاوینی 2015 شەڕ دەستیپێكردەوەو فڕۆكە جەنگییەكانی‌ توركیا دەستیانكردەوە بە بۆردومانی‌ ئاسمانی‌ بنكەو بارەگاكانی‌ پەكەكه.

دەستپێكردنەوەی‌ شەڕ، دوای‌ كوژرانی‌ دوو پۆلیسی‌ توركیا هات لەپارێزگای‌ ئورفە كە پەكەكە بەرپرسیارێتی‌ خۆی‌ لەكوژرانیان راگەیاند، لە تۆڵەی‌ تەقینەوەكەی‌ ناوچەی‌ سروچی‌ سەر سنوور كە گردبوونەوەیەكی‌ كوردەكانی‌ كردبووە ئامانج و بەهۆیەوە 32 كەس گیانیان لەدەستدا.

دوای‌ دەستپێكردنەوەی‌ شەڕ، توركیا ئۆپەراسیۆنی‌ سەربازی‌ لە زۆربەی‌ ناوچەكانی‌ باكووری‌ كوردستان دەستپێكردو تائێستاش ئۆپەراسیۆنەكان بەردەوامن.

 

ڤیدیۆی هێرشەكەی فڕۆكەكانی توركیا لە شەنگال

 



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP