هەواڵی ئەمڕۆ

پێش گورزە ئاسمانییەکەی ھاوپەیمانێتی عەرەبی
منداڵێکی یەمەنی دوا ساتەکانی ژیانی منداڵانی ناو پاسی قوتابخانەیەک تۆماردەکات

- 8/13/2018 10:00:00 PM 42005 جار خوێندراوەتەوە

خەندان- دانا تەیب مەنمی 

گرتەیەکی ڤیدیۆیی، کەبەرلە چەند کاتژمێرێک لەو گورزە ئاسمانییەی فرۆکە جەنگییەکانی ھاوپەیمانی عەرەبی بەسەرۆکایەتی سعودیە کردیانە سەر پاسێکی پڕ لە قوتابیانی یەمەنی، دەریدەخات منداڵەکان دڵخۆشن بە تەواوکردنی خولێکی ھاوینە.

 

رۆژی نۆی ئەم مانگە ھاوپەیمانی عەرەبی کە لەلایەن رۆژئاوە پشتیوانی  دەکرێت، گورزێکی ئاسمانی کردە سەر پاسێک  کە منداڵانی تێدابوو لە بازاڕێکی شاری سەعدەی باکووری یەمەن، و لە ئەنجامدا ٤٠ منداڵ کوژران. 

 

تۆڕی  ھەواڵی سی ئێن ئێن، ڤیدیۆیەکی دەست کەوتووە کە یەکێک لە منداڵەکانی ناو پاسەکە پێش چەند کاتژمێرێک بە مۆبایلەکەی خۆی وێنەی گرتووە ، و تیایدا دەردەکەوێت منداڵەکان دڵخۆشن و پێدەکەنن بەوەی دوای تەواوکردنی خولێکی ھاوینە، گەشتێکی مەیدانیان کردووە بۆ دەرەوە.

 

ھەروەھا لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت کە باوکێک ماڵئاوایی لە کورەکەی دەکات.  

 

ئەو کوڕەی ڤیدیۆکەی تۆمارکردووە دوای چەند کاتژمێرێک لە گورزە ئاسمانییەکەدا گیانی لەدەستدا. 

 

ھاوپەیمانی عەرەبی  ھەمان رۆژ لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند ئامانجی گورزە ئاسمانییەکانی فرۆکە جەنگییەکانیان بریتی بووە لەچەند سەکۆیەکی ھەڵدانی مووشەک، کە بەکارھێنراون بۆ ھێرشکردنە سەر شاری جازان-ی باشووری سعودییە، و چەکدارانی حوسییەکانی تۆمەتبارکردووە بەوەی منداڵانیان وەکو قەڵغانی مرۆیی بەکارھێناوە.

 

بەڵام محمەد عەبدولسەلام، وتەبێژی حوسییەکان، ڕایگەیاندووە ھاوپەیمانێتی  عەرەبی بێ باکە لە ژیانی ھاوڵاتیانی مەدەنی و ھێرشەکە شوێنێکی گشتی قەرەباڵغی کردووەتە ئامانج.

 

بەپێی دواین ئامار لەئەنجامی گورزە ئاسمانییەکەدا  ٥١ کەس کوژران کە لەنێوانیاندا ٤٠ منداڵ ھەن و ھەروەھا ٧١ کەسی دیکەش برینداربوون.


نیشانەکردن :

#یه‌مه‌ن

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP