لایه‌نه‌ نارازییه‌كان جارێكى دیكه‌ ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنى ١٢ی ئایار ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌

- 8/10/2018 3:16:00 PM 15359 جار خوێندراوەتەوە


خه‌ندان-

دواى مانگێك له‌ ده‌ستپێكردنى ژماردنه‌وه‌ى ده‌ستیى ده‌نگى سندوقه‌ سكاڵا له‌سه‌ركراوه‌كانى هه‌ڵبژاردنى 12ى ئایارى رابردوو كۆمسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كانى عێراق، دره‌نگانێكى شه‌وى پێنجشه‌ممه‌ ئه‌نجامى ژماردنه‌وه‌كه‌ى راگه‌یاند، بێ ئه‌وه‌ى گۆڕانكارى له‌ ژمارى كورسى لایه‌نه‌كان رووبدات.

له‌ هه‌ڵبژاردنى 12ى ئایارى رابردوو، به‌هۆى ئه‌نجامدانى ساخته‌كارى رێكخراو و گۆڕین و یاریكردن به‌ ئه‌نجامه‌كان هه‌رزوو شه‌ش لایه‌نى كوردستان، هاوپه‌یمانى، گۆڕان، كۆمه‌ڵ، یه‌كگرتوو، شیوعى، بزوتنه‌وه‌، سه‌رله‌به‌رى پرۆسه‌كه‌یان ره‌تكرده‌وه‌و دواى ئه‌وه‌ش رێگه‌ى یاساییان بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى ئه‌نجامه‌كان گرته‌ به‌ر.

عوسمان گوڵپى، ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى به‌ڕێوه‌بردنى هاوپه‌یمانى دیموكراسى و دادپه‌روه‌رى به‌خه‌ندان-ى راگه‌یاند، کۆمسیۆن لە ژماردنەوەی هەموو دەنگەکانەوە هاتە سەر جیاکردنەوەی ژمارەیەک سندوقی کەم ئەوەش تەنها بۆ ئەوە بوو کە ئەو ساختەکارییە تێبپەرێنن و ئەوجۆرە مامەڵەیە لەگەڵ سندوقەکاندا مامەڵەیەکی ناتەندروست بوو هه‌ر بۆیه‌ دان به‌ ئه‌نجامه‌كاندا نانێن.

به‌پێى ئه‌و ئه‌نجامانه‌ى كه‌ كۆمسیۆن رایگه‌یاندووه‌، ژماره‌ى كورسى لایه‌نه‌كان هه‌مان ژماره‌ى راگه‌یه‌ندراوى ناوه‌ڕاستى ئایارى رابردووه‌و سه‌ره‌ڕاى ده‌ركه‌وتنى جیاوازى له‌ كاتى پرۆسه‌ى ژماردنه‌وه‌ى ده‌ستى ده‌نگه‌كان ئه‌نجامه‌كان وه‌ك خۆى مانه‌وه‌.

بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان، ده‌ڵێت، جارێكى دیكه‌ رێگه‌ى یاسایى ده‌گرێته‌به‌رو ده‌یه‌وێت له‌ ده‌رگاى دادگاى فیدراڵى بدات، ئه‌وه‌ش دواى بێ هیوابوونیان له‌ كۆمسیۆن.

زمناكۆ جه‌لال، رێكخه‌رى ژوورى هه‌ڵبژاردنى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان، بۆ خه‌ندان ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد، لە دادگای فیدراڵی سکاڵا تۆماردەکەن لەسەر ئەنجامى هه‌ڵبژاردنه‌كان و ئه‌نجامى ژماردنه‌وه‌ى ده‌ستیى ده‌نگه‌كانیش ره‌ت ده‌كه‌نه‌وه‌ چونكه‌ ئەو ئەنجامانەی راگەیەندرا پێچەوانەی دەنگی ئەو سندوقانە بوون کە بەدەست ژمێردرانەوە.

هێزه‌ نارازییه‌كان جارێكى دیكه‌ ده‌یانه‌وێت مانۆرێكى دیكه‌ى سیاسى له‌پێناو ده‌نگه‌كانیان و  خاوێنى هه‌ڵبژاردنى ئاینده‌ى په‌رله‌مانى كوردستان، ده‌ستپێبكه‌نه‌وه‌و پێكه‌وه‌ بگه‌نه‌ خاڵێكى دیكه‌ى هاوبه‌ش، بۆئه‌وه‌ش كۆبوونه‌وه‌ى لوتكه‌ى ئه‌و لایه‌نه‌نانه‌ به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

عوسمان كاروانى، ئەندامی سەرکردایەتی یەکگرتوو، جه‌ختیكرده‌وه‌، حزبه‌كه‌ى تەواوی ئەو ئەنجامانه‌ی کە کۆمسیۆن رایگەیاند رەتدەکاتەوە.

کاروانی به‌ خه‌ندان-ى راگه‌یاند،"لەگەڵ هێزە ناڕازییەکانی دیكه‌ هەموو هەوڵەکانی خۆیان دەخەنە، گەڕ و رای گشتی و کونسوڵگەرییەکانیش ئاگادار دەکەنەوە، چونکە ئەو دەرئەنجامەنە دەرئەنجامی راستەقینەی دەنگدەران نییە".

هاوشان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ ناڕازییه‌كانى دیكه‌ كۆمه‌ڵى ئیسلامیش، سه‌رله‌به‌رى ئه‌نجامه‌كانى جارێكى دیكه‌ ره‌تكرده‌وه‌و هاوژین عومه‌ر به‌رپرسى ناوه‌ندى هه‌ڵبژاردنى ئه‌و حزبه‌ رایگه‌یاند، جارێكیتر تانه‌ له‌ ئه‌نجامه‌كان ده‌ده‌نه‌وه‌و سه‌رله‌به‌ری‌ پرۆسه‌ی‌ ده‌نگدانی‌ 12ی‌ ئایار بۆ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق ره‌ت ده‌كه‌نه‌وه‌ و باوه‌ڕیان وایه‌ ده‌نگه‌ دزراوه‌كانیان بۆ دوو هێزی‌ ده‌سه‌ڵات رۆشتووه‌.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP