دوای دابەزینی بەهای لیرە، ئابوری تورکیا چی بەسەردێت؟

- 8/10/2018 1:06:00 PM 42967 جار خوێندراوەتەوە


خه‌ندان-

بەهۆی قوڵبونەوەی کێشە سیاسی و ئابوریەکانی نێوان تورکیا و ئەمریکا و چەند وڵاتێکی ئەوروپی، ڕۆژانە لیرەی تورکی بەهای خۆی لەدەستدەدات و ئابوری تورکیا بەرەو قەیرانێکی قوڵ دەچێت.

لە سەرەتای ئەمساڵەوە لیرەی تورکیا ١/٤ی  بەهای پێشووی خۆی لەدەستداوە و لەدوای هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی ئەو وڵاتە دابەزینەکە ڕووی لەزیادبوون کرد. لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردووشدا بەهای لیرەی تورکی لەبەرامبەر دۆلاری ئەمریکی بۆ هەر ڕۆژێک بە تێکڕا سێ لیرە دابەزیوە و ١٠٠دۆلاری ئەمریکی لە ٤٢٠ لیرەوە بۆ ٥٢٧ لیرە دابەزی.

دوای ئەو دابەزینە مێژوییەی بەهای لیرە، ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی، سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاند، جەنگێکی ئابوری دژی تورکیا بەرپاکراوە و داوای لە هاوڵاتیان و بەرپرسانی وڵاتەکەی کرد لەبەرامبەر ئەو جەنگەدا زێڕ و زیو و پارە بیانیەکانیان بگۆڕنەوە بە لیرە.

بۆچی بەهای لیرە بەردەوامە لە دابەزین؟

بەهای لیرەی تورکی ماوەی چەند ساڵێکە لە هەڵبەزین و دابەزینێکی بەردەوامدایە و لە ساڵی ٢٠١٢ەوە بەردەوام بەهاکەی ڕوو لەدابەزین بووە. بەپێی ئامارەکانی بانکی جیهانی ساڵی (٢٠١٢) ١ دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر ١.٩ لیرەی تورکی بووە، بەڵام لە ئێستادا دۆلارێکی ئەمریکی بەرامبەر ٥.٢ لیرەی تورکی دێت. بەم جۆرەش بەهای لیرە لە ساڵی ٢٠١٢ەوە زیاتر لە چوار ئەوەندەی نرخەکەی خۆی لەدەستداوە.

سەنتەرەکانی لێکۆڵینەوەی ئابوری لە جیهاندا پێیان وایە پاشەکشەی تورکیا لە بنەماکانی دیموکراسی و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لەلایەن دەسەڵاتدارانی تورکیاوە کاریگەری ناڕاستەوخۆی هەبووە لەسەر دابەزینی نرخی لیرە و دروستبوونی قەیرانی دارایی.

هەروەها قەیرانی سوریا و تێکچوونی پەیوەندیە دیپلۆماسیەکانی نێوان تورکیا و بەشێک لە وڵاتانی ئەوروپا هۆکاری سەرەکی بوون بۆ ئەوەی کۆمپانیا بیانیەکان ئەو وڵاتە بەجێبهێڵن و بڕی وەبەرهێنان لە تورکیا کەمبکات و ژمارەیەکی زۆر لە سەرمایەداران بکەونە ژێر قەرزەوە.

دواین هۆکاریش کە داڕمانێکی بەرچاوی نرخی لیرەی بەدواداهات، تێکچونی پەیوەندیەکانی نێوان ئەمریکا و تورکیا بوو بەهۆی کێشەی قەشە برۆنسن-ەوە کە ماوەی دوو ساڵە لەلایەن دەسەڵاتدارانی تورکیاوە دەستگیرکراوە.

قوڵبوونەوەی کێشە سیاسیەکانی نێوان تورکیا و ئەمریکا

پەیوەندیەکانی واشنتۆن و ئەنقەرە لە ماوەی ڕابردوودا ڕووی لە ئاڵۆزی کرد، دوای ئەوەی ئەمریکا داواکەی تورکیای ڕەتکردەوە بۆ ڕادەستکردنەوەی فەتحوڵا گولەن-ی ڕابەری بزوتنەوەی خزمەت، کە بەرپرسانی ئەو وڵاتە تۆمەتباری دەکەن بە ئەنجامدانی کودەتاکەی تەموزی ٢٠١٦ە و دروستکردنی "ڕێکخراوی تیرۆرستی". فەتحوڵڵا گولەنی ٨٠ ساڵ،ڕابەری بزوتنەوەی خزمەت کە خاوەنی سەدان خوێندنگا و ناوەندی پەروەردەییە و لە ئێستادا لە ویلایەتی پەنسیلڤانیای ئەمەریکا نیشتەجێیە.

لە کاردانەوەی ئەو بڕیارەی ئەمریکا، بەرپرسانی تورکیا دۆسیەی قەشە برۆنسن –یان وەک کارتێک بەکارهێنا بۆ وەڵامدانەوەی ئەمریکا. ئەندریو برۆنسن قەشەیەکی ئەمریکیە لە کڵێسایەکی کاسۆلیکی لە شاری ئیزمیر. برۆنسۆن و ١٢ هاوڕێی بە تۆمەتی هاوکاریکردنی بزوتنەوەکەی فەتحولا گولەن لە کودەتای سەربازی، لە ١٦ی تەموزی ٢٠١٦ دەستگیرکران.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری تورکیا لە وتارێکدا ئاماژەی بەوەکرد، ئەگەر واشنتۆن دەیەوێت قەشە برۆنسن ئازادبکرێت، دەبێت فەتحوڵا گولەن ڕادەستبکاتەوە. لە بەرامبەردا بەرپرسانی ئەمریکا هەڕەشەی سزادانی ئابورییان لە بەرپرسانی تورکیا کرد ئەگەر ئامادەنەبن برۆنسن ئازادبکەن.

پاش هەڕەشەکانی بەرپرسانی ئەمریکا، برۆنسۆن لە زیندانەوە گوازرایەوە بۆ ماڵەکەی لە شاری ئیزمیر، له‌وێ مافی گەشتکردنی لێسەندرایەوە. لە کاردانەوەدا، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمەریکا بڕیاریدا دەست بگرێت بەسەر ماڵ و سامانی وەزیری داد و ناوخۆی تورکیا کە لە ئەمریکا خاوەنداری دەکەن، ئەم بڕیارەی ترەمپ هێندەی تر نرخی لیرەی لە بازاڕەکانی تورکیا دابەزاند.

پلانی ئەردۆغان بۆ ڕووبەڕوبونەوەی قەیرانی دارایی لە تورکیا

ڕۆژی هەینی ٣-٨-٢٠١٨، ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری تورکیا پلانێکی ١٠٠ ڕۆژەی بۆ چاکسازیی ئابووری و دارایی ڕاگەیاند کە ٤٠٠ پڕۆژەی وڵاتەکەی دەگرێتەوە. ئەردۆغان لە وتاری ڕاگەیاندنی پلانەکەدا وتی، "ئێمە لە بەرامبەر شەڕێکی ئابووریداین". مەبەستی ئەردۆغان لەو شەڕە ئەو سزا ئابووریانەبوو کە ئەمەریکا بەسەر تورکیایدا سەپاندووە.

 ئەردۆغان لە درێژەی وتارەکەیدا ئاماژەی بەوەکرد،"هیچ نیگەران مەبن، ئێمە لەم شەڕەشدا براوە دەبین. پارە بیانیەکانتان لەگەڵ ئەو ئاڵتونەی هەتانە لەژێر نووێنی نوستنەکانتان دەربهێنن و بیانگۆڕنەوە بە لیرەی تورکی. هەموو توانا میللییەکانتان بەرامبەر دونیا بەکار بهێنن. من متمانەم بە میلەتەکەم هەیە، ئێمە پێشتر داوای شتمان لە میلەتەکەمان کردووە و ئەوانیش هەنگاویان ناوە و سەرکەوتوو بوین".

سەبارەت بە داوکاریەکەی ئەردۆغان لە هاوڵاتیانی تورکیا، موستەفا سۆنمەز شارەزا لە بواری ئابووریدا دەڵێت، "ئەو داوایەی ئه‌ردۆغان بەهیچ شێوەیەک لە لایەن هاوڵاتیانەوە پێشوازی لێ ناکرێت. پێش ئەوەی بپرسین ئایا داواکەی ئه‌ردۆغان هیچ سودێکی دەبێت بۆ باشتر کردنی دۆخی ئابووری تورکیا یاخود نا، پێویستە ئەوە بپرسین کە ئایا خەڵکی دراوە بیانییەکانیان دەگۆڕنەوە بە لیرەی تورکی؟ نەخێر، بە دڵنیاییەوە هاوڵاتیانی بۆ خۆپارێزی و پاراستنی داهاتەکانیان لە هەموو وەرزێکدا پەنا بۆ کڕینی دراوە بیانییەکان دەبەن".

ئەردۆغان لە وتارەکەیدا باسی لەوەشکرد لە هەوڵی ئەوەدان چیتر ئاڵوگۆڕی لیرە بە دۆلار لە بازاڕەکانی دراوی تورکیا ڕابگرن و لەبری دۆلار ڕوو لە یانی چینی بکەن. "ئێمە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاستەنگانەی کە دێمە ڕێمان، ڕوو لە بازاڕەکانی چین دەکەین. بۆ یەکەمجار مامەڵە بە دراوی یانی چینییەوە دەکەین" ئەردۆغان وتی. بەڵام لە یەکەم هەنگاودا ئەم بڕیارەی سەرۆک کۆماری تورکیا سەرکەوتوو نەبوو کاتێک لیرەی تورکی لە بەرامبەر یانی چینیشدا بەهاکەی دابەزی.

ئابوری تورکیا چی بەسەردێت؟

لەو کاتەوەی نرخی لیرە لە بازاڕەکاندا رووی لە دابەزین کردووە، ئابوری تورکیا رووبەرووی مەترسی گەورەی"داڕمانی ئابوری"بوەتەوە. هەندێ لە سەنتەرەکانی لێکۆڵێنەوەی ئابوری پێشبینی ئەوەدەکەن تورکیا توشی هەڵاوسانی ئابوری دەبێتەوە پاش ئەوەی ڕێژەی هەڵاوسان لە ڕێژەی لەسەدا ٥% ەوە بۆ سەدا ١٦% زیادیکرد. بەپێی ڕاپۆرتێکی فاینەنشاڵ تایمز، نرخی کاڵاو شمەک و خواردەمەنی لە ناوخۆی تورکیا بەڕێژەی ١٩% زیادیکردووە.

چاودێرانی ئابوری تورکیا دەڵێن تاکە هۆکاری دابەزینی نرخی لیرە ململانێکردنی دەسەڵاتدارانی تورکیایە لەگەڵ وڵاتێکی زلهێزی وەک ئەمەریکا کە خاوەنی ئابوریەکی زەبەلاحە. جونەیت بەشەران کە ئابوریناسێکی تورکە لەو بارەیەوە ئاماژە بەوە دەکات "ئەمەریکا کە ئابوورییەکەی بە بەهای 18 تریلیۆن دۆلارە و خاوەن گەورەترین ئابووری جیهانە، دژایەتی کردنی وڵاتێکی لەو شێوەیە بۆ تورکیا زۆر زەحمەت دەبێت. بەتایبەتی کە ئابووری تورکیا زۆر پەیوەستە بە سەرمایەی بیانی".


لەپێناو چارەسەری کێشەکانی نێوان ئەمریکا و وڵاتەکەیان،  ڕۆژی ٨-٨-٢٠١٨، شاندێکی تورکیا کە پێکهاتوون لە نوێنەرانی وەزارەتی دەرەوە و دارایی و داد سەردانی بەرپرسانی ئەمەریکایان کرد و بڕیار وایە زنجیرەیەک کۆبونەوە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەمەریکا ئەنجام بدەن. لە دواین لێدوانیشیدا رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لەبارەی چارەسەرکردنی کێشە دارایی و ئابوریەکان دڵنیای دایە هاوڵاتیانی وڵاتەکەی و ڕایگەیاند،"لە ماوەیەکی گونجاودا هەموو شتێک ڕێک دەبێتەوە، بازاڕەکان ئارام دەبنەوە. هیچ مەترسن، ئەمانە هەمووی تێدەپەڕن. هاوڵاتییان زۆر بە باشی لەوە تێدەگەن کە ئەم دۆخە چییە و لە کوێوە هاتووە."


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP