چارەنووسی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە ھەرێمی کوردستان چی لێدێت؟

- 8/9/2018 9:06:00 PM 4220 جار خوێندراوەتەوە

خەندان- دانا تەیب مەنمی 

 

پێشبینی دەکرێت لەخولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستاندا یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە ھەرێمی کوردستان تەواوبێت، جارێکی دیکە ھەموار بکرێتەوە.

 

یەکی تەمموزی ئەمساڵ پەرلەمانی کوردستان بە ئەرێنی دەنگیدا بۆ کارپێکردنەوەی یاسای دژە تیرۆری ھەرێمی کوردستان ژمارە ٣ ی ساڵی ٢٠٠٦، بەڵام یاساکە نیگەرانی ڕێکخراوەکانی چاودێری  مافەکانی مرۆڤ و یونامی لێکەوتووەتەوە .

 

دوێنێ یان کۆبیش لەبەردەم کۆبونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا رایگەیاند سەرەڕای نیگەرانییەکانی ئەوان ھەرێم جارێکی دیکە کاریکردووەتەوە بە یاسای دژە تیرۆر. 

 

ڕێواز فایەق، ئەندامی لیژنەی کاروباری یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان، ئەمڕۆ لەوبارەوە لە لێدوانێکی تایبەتدا بە خەندان-ی ڕاگەیاند " پرۆژەی ھەموار پێشکەش کراوە، و خوێندنەوەی یەکەمیشی بۆ کراوە."

 

ووتیشی " ھەر ئەو رۆژەی بریاردرا کاربکرێتەوە بە یاساکە، فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان پرۆژەی خۆیان بۆ ھەمواری یاساکە پێشکەش کرد، و خوێندنەوەی یەکەمی بۆکرا،و ئاراستەی لیژنە پەیوەندیدارەکانی یاسایی و مافەکانی مرۆڤ و ناوخۆ کراوە."

 

سەبارەت بەوەی کەی خوێندنەوەی دووەم بۆ یاساکە  دەکرێت، ئەو پەرلەمانتارەی کوردستان ڕونیکردەوە " ھەرکاتێک ڕاپۆرت ئامادەبێت، خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژە یاساکە دەکرێت، ئەگەر پەرلەمان  دانیشتنی دیکە ئەنجامبدات."   

 

یان کۆبیش  ئاماژەیکرد بەوەی لەیاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا، کە لە ١٩ی تەمموزی ئەمساڵەوە چووەتە بواری جێبەجێ کردنەوە، ئەو دانپێدانانەی، کە لەژێر ھەڕەشەدا وەردەگیرێن، دواتر وەکو بەڵگە لە دادگاندا بەکاربھێنرێت."

 

لەوەڵامی پرسیاری ئەوەی ئایا لە ھەموارکردنەوەی یاساکەدا ئەوە لەبەرچاودەگیرێت کە بنەماکانی مافەکانی مرۆڤ و نیگەرانییەکانی یونامی و رێکخراوەکانی دیکە لەبەرچاو دەگیرێت، ڕێواز فایەق ووتی " ئێمە تەنھا یەک ڕاسپاردەمان لە یەکێک لە رێکخراوەکانی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بۆ ھاتووە ، کە ھەندێک تێبینی کەمی  تێدایە، و پێشبینی دەکەم ئەو تێبینیانە بە ھێند وەربگیرێت."

 

لەلایەکی دیکەوە، سۆران عومەر،  سەرۆکی لیژنەی مافەکانی مرۆڤ لە پەرلەمانی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ  خەندان رایگەیاند ئەوان چاوەڕێی کۆبونەوەی ھەرسێ لیژنەکەی پەرلەمانن بۆ نووسینی ڕاپۆرت سەبارەت بە پرۆژەیاسای ھەموارەکە.

 

ڕونیشیکردەوە کاتی کۆبونەوەکە نەزانراوە بەڵام پێشبینی دەکات لەم خولەی پەرلەماندا یاساکە ھەمواربکرێتەوە. 


نیشانەکردن :

#هه‌رێمی‌ كوردستان

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP