توركیا؛ زانیاری هەواڵگری له‌سه‌ر قه‌شه‌ ئه‌مه‌ریكییه‌ ده‌ستبه‌سه‌ركراوه‌كه‌ ئاشكراده‌بێت

- 8/9/2018 9:03:00 PM 30833 جار خوێندراوەتەوە


خەندان-

رۆژنامەی یەنی شەفەقی تورکی ڕایگەیاندووە، له‌ ده‌ورووبه‌ری ئه‌و ماڵه‌ی قه‌شه‌ ئه‌مریكییه‌كه‌ی تیادا ده‌ستبه‌سه‌ره کراوە، جموجوڵی هه‌ردوو ده‌زگای هه‌واڵگری ئیسرائیل (مۆساد)، سی ئای ئه‌ی ئه‌مریكی به‌دیکراوە.

ڕۆژنامه‌کە ئاماژەی بەوەداوە به‌وته‌ی به‌رپرسانی هه‌واڵگری توركیا، ئامانج له‌و جموجوڵانه‌ ڕفاندنی قه‌شه‌ ئه‌ندرۆیه.

ئەوەش دوای ئەوە دێت کە قەشە  ئه‌ندرۆ به‌تۆمه‌تی"هه‌بوونی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ بزاوتی خزمه‌تی فه‌تحوڵا گوله‌ن‌و پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه‌)" له‌لایه‌ن دادگای توركیاوه‌ سزای 35 ساڵ زیندانی به‌سه‌ردا سه‌پێندرا.

به‌ڵام پارێزه‌ری ناوبراو داوای ئازادكردنی قه‌شه‌ ئه‌ندرۆی كرد، ئه‌ویش به‌هۆی خراپی باری ته‌ندروستییه‌وه‌، به‌ڵام دادگای توركیا داواكه‌ی ڕه‌تكرده‌وه‌‌و داوایكرد، قه‌شه‌ ئه‌مریكییه‌كه‌ له‌ماڵه‌كه‌ی خۆیدا ده‌ستبه‌سه‌ر بێت.

به‌هۆی  ئه‌و قه‌شه‌ ئه‌مریكییه‌وه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی توركیا‌و ئه‌مریكا ڕووی له‌خراپی كردووه‌، به‌ر له‌سه‌پاندنی سزا به‌سه‌ر هه‌ردوو وه‌زیری ناوخۆ‌و دادی توركیا، دۆناڵد تره‌مپی سه‌رۆكی ئه‌مریكا هۆشداریدا له‌سه‌پاندنی سزا به‌سه‌ر توركیا له‌ئه‌گه‌ری ئازادنه‌كردنی ئه‌و قه‌شه‌یه‌.

به‌ڵام توركیا گوێی به‌و هۆشدارییه‌ی ئه‌مریكا نه‌دا، سه‌رئه‌نجام ئه‌و وڵاته‌ سزای به‌سه‌ر وه‌زیرانی ناوخۆ ‌و دادی توركیا سه‌پاند. 


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP