هەواڵی ئەمڕۆ

یەمەن؛ دەیان ھاوڵاتی لەئاکامی ھێرشی ئاسمانی ھاوپەیمانی عەرەبی کوژران

- 8/9/2018 5:32:00 PM 1764 جار خوێندراوەتەوە

خەندان- دانا تەیب مەنمی 

ئەمڕۆ لەئەنجامی چەند گورزێکی ئاسمانی ھاوپەیمانی عەرەبی بەسەرۆکایەتی سعودیە دەیان ھاوڵاتی مەدەنی کوژران ، کە لەنێوانیشیاندا ژمارەیەک منداڵ ھەن.

ھاوپەیمانی عەرەبی کە لەلایەن رۆژئاوە پشتیوانی  دەکرێت لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند ئامانجی گورزە ئاسمانییەکانی فرۆکە جەنگییەکانیان بریتی بووە لەچەند سەکۆیەکی ھەڵدانی مووشەک، کە دوێنێ بەکارھێنراون بۆ ھێرشکردنە سەر شاری جازان-ی باشووری سعودییە و لەئەنجامدا ھاوڵاتییەکی یەمەنی کوژراوە. 

ھەروەھا چەکدارانی حوسییەکانی تۆمەتبارکردووە بەوەی منداڵانیان وەکو قەڵغانی مرۆیی بەکارھێناوە.

محمەد عەبدولسەلام، وتەبێژی حوسییەکان، ڕایگەیاندووە ھاوپەیمانێتی  عەرەبی " بەئاشکرا بێ باکە لە ژیانی ھاوڵاتیان" لەبەرئەوەی ھێرشەکە شوێنێکی گشتی قەرەباڵغی کردووەتە ئامانج.

ئاژانسی ھەواڵی ڕۆیتەرز لە زاری چەند سەرچاوەیەکی پزیشکی و کۆمیتەی خاچی سووری نێودەوڵەتییەوە بڵاویکردووەتەوە گورزێکی ئاسمانی بەر پاسێک کەوتووە کە منداڵانی تێدابووە لە بازاڕێکی شاری سەعدەی باکووری یەمەن.

بەرپرسی فەرمانگەی تەندروستی شاری سەعدە ڕایگەیاندووە ژمارەی کوژراوەکان بریتییە لە ٤٣ کەس و ھەروەھا ٦١ کەسی دیکەش برینداربوون.

" ژمارەیەک کوژراوم و ژمارەیەکی زۆرتریش برینداربوون، کە زۆربەیان تەمەنیان لەخوار ١٠ ساڵەوەیە," جوھانس برووەر، سەرۆکی نێردەی خاچی سوور لە یەمەن لە تویتێکدا وای وتووە. 

ھێشتا نازانرێت چەند  منداڵ کوژراون و ژمارەی گورزە ئاسمانییەکان چەند بووە.

ساڵی ٢٠١٥ سعودیە و ئیمارات و چەند دەوڵەتێکی سوونە مەزھەبی دیکە شەڕیان ڕاگەیاند لەدژی حوسییەکان، کە ئێستا زۆربەی خاکی یەمەنیان کۆنترڵ کردووە بە سەنعای پایتەختیشەوە، ئەوەش دوای ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٤ دا کودەتایان کرد بەسەر حکومەتی شەرعی یەمەندا.     


نیشانەکردن :

#یه‌مه‌ن

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP