برێت مه‌كگۆرك: كاتی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌رێم بابه‌تێكی ناوخۆییه‌

- 8/8/2018 6:46:00 PM 181946 جار خوێندراوەتەوە
برێت مه‌كگۆرك، نێرده‌ی تایبه‌تی سه‌رۆكی ئه‌مریكا بۆ شه‌ڕی دژی داعش

خه‌ندان-  هاوكار یونس 

 

برێت مه‌كگۆرك، نێرده‌ی تایبه‌تی سه‌رۆكی ئه‌مریكا بۆ شه‌ڕی دژی داعش، ئه‌مڕۆ ڕایگه‌یاند كاتی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌رێم مه‌سه‌له‌یه‌كی ناوخۆییه‌.

برێت مەکگۆرك  لەتویتێکدا لەتۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەرەوە ڕایگه‌یاند" سەرۆک وەزیران بارزانی راست دەکات. ئێمە بەڕوونی ووتمان کە دیاریکردنی کاتی هەڵبژاردنەکان بابەتێكی ناوخۆیەو لەکۆتاییدا ئەوە پەیوەندی بە سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان و پەرلەمانەوەیە کە هەموو بارودۆخەکانی هەرێمەکە و عیراق لەبەرچاوبگرن. دەنگۆکانی پێچەوانەی ئەوە ناڕاستن."

 

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، دوێنێ رایگەیاند، لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا باسی پرسی هەڵبژاردنەكان كراو پێویستە هەڵبژاردنەكان لە كاتی خۆیدا بەڕێوەبچێت.

نێچیرڤان بارزانی  لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لەبارەی دەنگۆی داوای دواخستنی هەڵبژاردن لەلایەن برێت مەگگۆرك-ەوە نێچیرڤان بارزانی وتی، " برێت مەگگۆرك داوای نەكردووە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دوابخرێت."

ئاماژەی بەوەشكرد، " هیچ لایەنێكیش بە فەرمی داوای دواخستنی هەڵبژاردنی پەلەمانی كوردستانی نەكردووە".

هاوكات مه‌سعود بارزانیش رایگه‌یاندبوو، برێت مه‌كگۆرك داواى لێنه‌كردووه‌ هه‌ڵبژاردن دوابخرێت و هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان له‌كاتى خۆیدا ده‌كرێت.

قسه‌كانی بارزانی پێچه‌وانه‌ی قسه‌كانی قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان-ه‌، كه‌ رۆژی شه‌شی ئه‌م مانگه‌ رایگەیاند، هەموو لایەنە سیاسیەكان لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندان.

قوباد تاڵەبانی، لەمیانی كردنەوەی تێرمیناڵی فڕۆكەخانەی سلێمانی لەبارەی پرسی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، وەكو حكومەتی هەرێم پابەند دەبن بە هەر یاسایەك كە پەرلەمان دەریدەكات، بۆیە ئەوە بابەتێكە پەیوەندی بە پەرلەمانەوە هەیە، حكومەت وەكو دەسەڵاتی جێبەجێكار بڕیارەكە جێبەجێ دەكات.

ئاماژەی بەوەشكرد، "هەموو لایەنە سیاسیەكان لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، بەڵام كەس ناوێرێت بیڵێت".



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP