به‌رهه‌مى نه‌وتى هه‌رێم به‌رێژه‌ى به‌رچاو زیاد ده‌كات
گێنێڵ ئێنێرجی له‌ ١١بیرى نوێدا به‌رهه‌مهێنانى نه‌وت له‌ هه‌رێم ده‌ستپێده‌كات

- 8/7/2018 5:40:00 PM 7652 جار خوێندراوەتەوە


خەندان-هاوکار یونس

ئەمڕۆ سێشەممە، عیسا ئیکا ێیمۆنین بەرپرسی دارایی کۆمپانیای گێنێڵ ئێنێرجی رایگەیاند کە کۆمپانیاکە لەساڵی داهاتوودا بەشێوەیەکی بەرچاو بەرهەمهێنانی نەوت زیاد دەکات. 

زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی گێنێڵ ئێنێرجی بەهۆی دەستپێکردنی بەرهەمهێنانی نەوتەوە دەبێت لە ١١بیردا لە سێ كێڵگەی هەرێمی کوردستاندا کە لەئێستادا کاری هەڵکەندنیان بۆ ئەنجامدراوە و، چاوەڕواندەکرێت هەشت بیریان لەمساڵ دەست بەبەرهەمهێنان بکەن. 

ئیکاهێیمۆنین وتیشی"چانسێکی باش هەیە کە لەگەڵ چوونەناو ساڵی نوێ-ەوە ئاستی بەرهەمهێنان بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبکەینەوە."

هەر ئەمڕۆ سێشەممە کۆمپانیای گێنێڵ ئێنێرجی لەڕاپۆرتێکدا ئەنجامە وردبینی نەکراوەکانی شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠١٨ی بڵاوکردەوە.

راپۆرتەکەی گێنێڵ ئێنێرجی ئاشکرایکردوە کە کاری هەڵکەندن بۆ ١١بیر لەسێ کێڵگەی نەوتدا لەهەرێمی کوردستانی عیراق کراوەو، چاوەڕواندەکرێت هەشت بیر لەنیوەی دووەمی ئەمساڵدا دەست بەبەرهەمهێنان بکەن. 

کۆمپانیاکە رایگەیاندووە کە لەنیوەی یەکەمی ئەمساڵدا ئاستی بەرهەمهێنان گەیشتووەتە ٣٢،١٠٠ بەرمیل نەوت لەڕۆژێكدا. هەروەها پێشکابیر چاوەڕوانییەکانی کۆمپانیاکەی تێپەڕاندووە، بەجۆرێك هەردوو بیری پێشکابیر-٤ و پێشکابیر-٥ لە ئێستادا توانای بەرهەمهێنانی کۆمپانیاکەیان گەیاندووتەوە ٣٥،٠٠٠ بەرمیل نەوت لەرۆژێکدا. 

لەو بارەوە مورات ئۆزگول بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای گێنێڵ ئێنێرجی رایگەیاند لەنیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠١٨دا، پارەی کاشی کۆمپانیاکە بەڕێژەی زیاتر لە ١٠ ملیۆن دۆلار بووە لەمانگێکدا.

ئۆزگول ئاماژەی بەوەشداوە، کە  بەرزبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لەپێشکابیر دەبێتەهۆی زیاترکردنی بەرهەمهێنانی کاشی کۆمپانیاکەو ئەوەش یارمەتی کۆمپانیاکە دەدات بەدوای دەرفەتەکانی گەشەکردندا بگەڕێت.

هەر بەپێی راپۆرتی گێنێڵ ئێنێرجی، لەنیوەی یەکەمی ئەمساڵدا کۆمپانیاکە ١٥١ ملیۆن دۆلاری لەفرۆشتنی نەوتدا بەدەست هێناوە، لەکاتێكدا لەنیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠١٧ دا کۆمپانیاکە ١٣٩ ملیۆن دۆلاری لەفرۆشتنی نەوتدا بەدەستهێناوە، ئەمەش بەهۆی کاریگەری بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بووە لەمساڵدا. 

لە ٣٠ ی مانگی شەشی ئەمساڵدا، پارەی کاشی کۆمپانیاکە گەیشتووەتە ٢٣٣ملیۆن دۆلار، لەکاتێكدا لە ٣١ی مانگی ١٢ی ساڵی ٢٠١٧ دا پارەی کاشی کۆمپانیاکە ١٦٢ملیۆن دۆلار بووە. 

هەروەها لە ٣٠ی مانگی شەشی ٢٠١٨ دا، ٦٤ ملیۆن دۆلار قەرزی کۆمپانیاکە بووە، بەڵام لە ٣١ ی مانگی ١٢ ی ساڵی ٢٠١٧ دا قەرزی کۆمپانیاکە گەیشتووەتە ١٣٥ ملیۆن دۆلار.

کۆمپانیاکە چاوەڕواندەکات لەنیوەی دووەمی ئەمساڵدا بەرهەمهێنان لە هەشت بیری دیکەدا دەست پێ بکات و هەروەها چاوەڕوان دەکات کاشی کۆمپانیاکە لەنیوەی دووەمی ئەمساڵدا بەبەهێزی بمێنێتەوە و مانگانە زیاتر لە ١٠ ملیۆن دۆلار کاش بەرهەم بهێنێت.

کۆمپانیاکە هەروەها دەڵێت پلانی پەرەپێدانی کێڵگەکانی بنەباوێ تەواوبووەوە و لەگەڵ پلانی میران گاز لەنیوەی دووەمی ساڵی ٢٠١٨دا پێشکەشی وەزارەتی سامانە سروشتیەکان دەکرێن.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP