وه‌زاره‌تى دارایى ده‌یه‌وێت چیتر خشته‌ى مووچه‌ رانه‌گه‌یه‌نێت

- 8/4/2018 6:03:00 PM 179138 جار خوێندراوەتەوە


خه‌ندان-

تا ئێستا خشته‌ى دابه‌شكردنى مووچه‌ى مانگى پێنج رانه‌گه‌یه‌ندراوه‌و به‌پێى زانیارییه‌كان وه‌زاره‌تى دارایى به‌ نیاز نییه‌ خشته‌ رابگه‌یه‌نێت، به‌ڵكو له‌ كاتێكى دیاریكراودا پاره‌ ره‌وانه‌ى گه‌نجینه‌كان ده‌كرێت.

به‌پێى زانیارییه‌كانى خه‌ندان، وه‌زاره‌تى دارایى ده‌یه‌وێت، دۆخى مووچه‌ وه‌ك ساڵانى پێشوو لێبكاته‌وه‌و له‌ ئێستادا سه‌رقاڵى ئه‌وه‌یه‌ له‌م مانگه‌وه‌ به‌رنامه‌كه‌ جێبه‌جێبكات، به‌ڵام به‌پێى پلانه‌كه‌ى وه‌زاره‌تى دارایى وه‌ك ساڵانى پێش قه‌یران مووچه‌ى هه‌موو وه‌زاره‌ته‌كان له‌یه‌ك رۆژدا نادرێت و چه‌ند رۆژێكى پێ ده‌چێت.

به‌پێى ئه‌و زانیارییانه‌ى ده‌ست خه‌ندان كه‌وتووه‌، وه‌زاره‌تى دارایى ده‌یه‌وێت بۆ له‌مه‌ودوا هه‌ر وه‌زاره‌ت و ده‌زگایه‌ك رۆژێكى دیاریكراوى هه‌بێت بۆ وه‌رگرتنى موچه‌و له‌و به‌رواره‌دا ئه‌و وه‌زاره‌ته‌ هه‌موو مانگێك مووچه‌ وه‌ربگرێت.

به‌پێى ئه‌و پلانه‌ مووچه‌ به‌پێى خشته‌یه‌كى جێگیر دابه‌شده‌كرێت، به‌ڵام دۆخى مووچه‌ ئاسایى نابێته‌وه‌ تا له‌ رۆژێكدا مووچه‌ى هه‌موو شوێنه‌كان دابه‌شبكرێت، له‌وباره‌وه‌ وه‌زاره‌تى دارایى ئاماده‌ نییه‌ زانیارى فه‌رمى بدات.

وه‌زاره‌ته‌كه‌ ده‌یه‌وێت به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك خشته‌ى مووچه‌ بۆ راگه‌یه‌ندنه‌كان نه‌نێرێت و ته‌نها مانگانه‌ له‌ رۆژێكدا پاره‌ بۆ وه‌زاره‌تێكى دیاریكراو ره‌وانه‌ بكات.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP