ڕوسەکان گەشتی ناسا بۆسەر مانگ بەساختە دەزانن
روسەکان بەگومانن لەشێوه‌ی زه‌وی و بوونه‌وه‌ره‌ گه‌ردونییه‌كان

- 7/29/2018 5:34:00 PM 59181 جار خوێندراوەتەوە

خەندان- هاوکار یونس

زیاتر لەنیوەی ڕوسەکان باوەڕیان وایە کە کەشتیوانە گەردونییە ئەمریکییەکان قەت نەچوون بۆسەر مانگ و، پێیانوایە بەرپرسانی ئەمریکا و ناسا هەوڵیانداوە لەڕێگەی دروستکردنی بەڵگەی ساختەی نێشتنەوە لەسەر مانگ، ڕاستی ئەم رووداوە بشارنەوە، ئەمەش بەپێی ڕاپرسیەکی نوێ کە لەروسیا ئەنجامدراوە.

لەڕاپرسیەکی نوێدا بەناونیشانی "زانست و کۆمەڵگە: دەسەڵات و متمانە" کەلەلایەن پسپۆڕانی سەنتەری توێژینەوەی ڕای گشتی حکومەتی روسیاوە ئەنجامدراوە، لەئێستادا لەسەدا ٥٧ ی روسەکان پێیانوایە، کە بانگەشەکانی ئەمریکا بۆ نیشتنەوەی مرۆڤ لەسەر مانگ درۆن و، دۆکیومێنتەکان لەوبارەوە کە وەکو بەڵگە بۆ سەلماندنی ئەو رووداوە بڵاوکراونەتەوە ساختەکراون. تەنیا لەسەدا ٢٤ ی بەشداربووانی راپرسیەکە باوەڕیان وابووە کە گەشتی نیشتنەوەی مرۆڤ لەسەر مانگ ڕاست بووە. 

توێژەرەوان ئاشکرایانکردووە کە لەسەدا ٦٥ ی ئەوانەی پێیانوابووە بەرپرسانی ئەمریکا لەبارەی نیشتنەوە لەسەر مانگ درۆ دەکەن هەڵگری بڕوانامەی ئامادەیی بوون. 

بەڵام روسەکان هەر لەبارەی بانگەشەی ناسا بۆنیشتنەوەی مرۆڤ لەسەر مانگ بەگومان نین، لەسەدا ٥٩ ی بەشدارانی راپرسیەکە پێیان وابووە "زاناکان ڕاستییەکان لە خەڵك دەشارنەوە."

 تەنانەت لەسەدا ٤٥ ی ئەو روسانەی هەڵگری بڕوانامەی باڵابوون هەمان تێڕوانیان هەبووە. 

کاتێك پرسیاریان لێکراوە سەبارەت  بەوەی زاناکان خاوەنی زانیاری دروستن لەسەر ڕاستی ژیان، ڕای گشتی روسیا دووبارە دابەشبووە بەسەر دوو بەشدا: لەسەدا ٤٢ ی بەشداران هاوڕابوون لەو بارەوە و پێیانوابووە کە زاناکان لەراستی ژیان تێگەیشتوون، لەکاتێکدا لەسەدا ٤١ پێیانوابووە ئەو زانایانەی بانگەشەی ئەوە دەکەن ڕاستیەکە دەشارنەوە.

لەهەمان راپرسیدا، لەسەدا سێی روسەکان ووتویانە کە پشتیوانی لەتیۆری زەوی تەخت دەکەن، و باوەڕیان وایە زەوی تەختە، بەڵام لەسەدا ٩٣ ی بەشداربووان خاوەنی باوەڕی باوبوون سەبارەت بەوەی کە زەوی لەشێوەی تۆپێكدایە و خڕە، ئەمە لەکاتێکدا لەسەدا چواری بەشداربووانی ڕاپرسیەکە بەلایەنەوە قورس بووە بتوانن وەڵامی پرسیارەکە بدەنەوە. 

سەبارەت بە بوونەوەرە گەردونیەکانیش، لەسەدا ٤٥ ی روسەکان باوەڕیان بەبوونی شارستانی بوونەوەری گەردونیی هەبووە، بەڵام لەسەدا ٤٢ ی بەشداربووان باوەڕیان بەبوونی بوونەوەری گەردونی نەبووە، یاخود پێیانوابووە کە بوونەوەری گەردونیی هەیە بەڵام لەبەر چەند هۆکار نەیانەوێت سەردانی زەوی بکەن و پەیوەندی بەمرۆڤەوە بکەن. 

لەسەدا ١٨ ی وەڵامدەرەوانی ڕاپرسییەکە ڕایانوابووە کە دەسەڵاتدارانی زەوی بەڵگەی سەردانی بوونەوەرە گەردوونییەکان بۆسەر زەوی لە رای گشتی دەشارنەوە. 



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP