عامری پشتیوانیی خۆپیشاندانەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق دەكات

- 7/25/2018 3:53:00 PM 4792 جار خوێندراوەتەوە


خەندان-زانا داود

هادی عامری، سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی كە هاوكات ئەمینداری گشتیی رێكخراوی بەدرە، پشتیوانیی خۆپیشاندانەكان دەكات و بە یاسایی و دەستووریی ئەژماریان دەكات.

لە راگەیاندراوێكدا كە نووسینگەی رۆژنامەوانی هادی عامری، بڵاویكردووەتەوە، رایگەیاندووە، ئەو خۆپیشاندانانەی لە زۆربەی پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بەڕێوەدەچن، دەستووری و یاسایین.

ئەمینداری گشتیی رێكخراوی بەدر، ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، رێكخراوی بەدر پشتیوانیی خۆپیشاندانەكان دەكات، چونكە داوای سادەترین مافە رەواكانی گەل دەكەن، داواشی لە حكومەت كردووە، بەدەم داواكاریی خۆپیشاندەرانەوە بچێت و بەزووترین كات جێبەجێیان بكات.

پشتیوانیكردنی هادی عامری لە خۆپیشاندانەكان دوای ئەوە دێت، لەسەرەتای سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراقدا، باس لەوە دەكرا حكومەت بەنیازە حەشدی شەعبی جووڵە پێبكات بەمەبەستی كۆتاییهێنان بە خۆپیشاندانەكان.

نیشانەکردن :

#خۆپیشاندان

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP