هەواڵی ئەمڕۆ

بنەماڵەی یەكێك لەو چەكدارانەی هێرشیانكردە سەر بینای پارێزگای هەولێر روونكردەوەیەكی بڵاوكردەوە

- 7/25/2018 12:04:00 PM 231761 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

بنەماڵەی یەكێك لەو چەكدارانەی هێرشیانكردە سەر بینای هەولێر رایدەگەیەنن، ئەوان وەك خانەوادەی شێخ مەلا عبدالرحمن وەرتی "بێئاگایی و بێبەری بوونی خۆمان ڕادەگەیەنین لەو كارە تیرۆریستییەی كە مێرد منداڵێكی ئێمە پێی هەخەڵەتێندراوە و پێی هەڵساوە لە هێرشكردنە سەر بینای پارێزگای هەولێر".

لە راگەیەندراوێكدا كە وێنەیەكی بۆ خەندان نێردراوە خانەوادەی شێخ مەلا عبدالرحمن دەڵێن، "ئێمە وەڪ خانەوادەی شێخ مەلا عبدالرحمن وەرتی هەمیشە خزمەتكاری خاك و خەڵكی خۆمان بوینە و بەردەوام دژایەتی كاری تیرۆر و توندو تیژیمان كردووە، هەمیشە خۆمانمان بە ئاسایش و پارێزەری كوردستان زانیوە".

لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، "داواكارین لە دەزگای ئاسایشی كوردستان توندترین سزای ئەوكەسانە بدات كە ئەو مێردمنداڵەی ئێمەی هەڵخەتاندوە بۆ ئەوەی كەسیتر نەخەڵەتێنن".

 

دەقی راگەیەندراوەكە

بەناوی خوای گەورەی میهرەبان
ڕۆنكردنەوەیێڪ لە بنەماڵەی مامۆستا مەلا شێخ عبدالرحمن وەرتی یەوە 
بەڕێزان /
حوكمەتی هەرێمی كوردستان
دەزگای پاراستنی هەرێمی كوردستان
ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان هاونیشتیمانیانی كوردستان
حیزب و لایەنە سیاسیەكان
ئێمە وەڪ خانەوادەی شێخ مەلا عبدالرحمن وەرتی هەمیشە خزمەتكاری خاك و خەڵكی خۆمان بوینە و بەردەوام دژایەتی كاری تیرۆر و توندو تیژیمان كردووە، هەمیشە خۆمانمان بە ئاسایش و پارێزەری كوردستان زانیوە.

ئێمە وەك بنەماڵەی ناوبراو بێ ئاگایی و بێ بەری بوونی خۆمان ڕادەگەیێنین لەو كارە تیرۆریستی یە ی كە مێرد منداڵێڪی ئێمە پێی هەخەڵەتێندراوە و پێی هەڵساوە لەهێرش كردنە سەر بینای پارێزگای هەولێر ، ئەگەر كەمێ گومانمان هەبا لە فكرەی توند و تیژی و كاری تیرۆریستی ئەو مێرد منداڵەمان ، ئەوا خۆمان تەسلیمی ئاسایشمان دەڪرد بۆ ئەوەی كارەساتی وەڪ ئەمڕۆ نەخولقێت.
 
داواكارین لە دەزگای ئاسایشی كوردستان توندترین سزای ئەوكەسانە بدات كە ئەو مێردمنداڵەی ئێمەی هەڵخەتاندوە بۆ ئەوەی كەسیتر نەخەڵەتێنن.

ئێمەش بەدواداچونی خۆمان دەكەین ،و هەركات بۆمان دەركەوت كێ دەستی هەبوە لە هەڵخەڵەتاندنی ئەو كوڕەی ئێمە ئەوا داوای یاسایی لەسەر تۆمار دەكەین .

ئێمە هەمیشە لە وتار و كۆڕ و دانیشتنەكانمان دژایەتی خۆمان بۆ هەموو كارێكی

تیرۆریستی دوپاتكردووەتەوە، ئێستاش و داهاتووش دوپاتی دەكەینەوە كە بێزاری خۆمان لەو كارە قێزەونە تیرۆریستی یە دەردەبڕین و هەمیشە خزمەتكاری خاڪ و خەڵكی خۆمان بین ، بۆ ئەوەی هەرێمەكەمان هەمیشە بەئاسودەیی بمێنێتەوە.
 
بژی كورد
بژی كوردستان
نەفرەت لە تیرۆر و لە تیرۆرستان



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP