نەتەوە یەکگرتوەکان لە بارەی دۆخی یەمەنەوە هۆشداری دەدات

- 7/20/2018 5:56:00 PM 7164 جار خوێندراوەتەوە
خەڵکی شارەکە ریزیان بەستووە، بە کۆبۆنی تایبەت خۆراک وەردەگرن(نیسانی٢٠١٨)

خەندان-

ستافی ئاژانسی  هاوکاری کۆچبەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە یەمەن، هۆشداری دەدەن لە بارودۆخی خەڵکی شاری حودەیدییە و، دەڵێن" گوزەرانیان زۆر خراپە".

حودەیدیە، دەروازەشاری گەیاندنی هاوکاری مرۆیی و خۆراکە بۆ ئەو خەڵکەی کە بەدەست شەڕ و ململانێکانی نیوان چەکدارانی حوسییەکان وهێزەکانی یەمەنەوە دەناڵێنن، و نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دەدات لەوەی بەهۆی بەردەوامی ململانێ و شەڕەکانەو رەنگە خەڵکی ئەو شارە و شارەکانی دیکە بەهۆی برسێتییەوە رووبەڕووی مردن ببنەوە.

ستیفانۆ پێس، بەرپرسی رێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچبەران لقی یەمەن(IOM-Yemen)، دەڵێت" بارودۆخەکە زۆر خراپە، و ئێمە تەواوی هەوڵی خۆمان دەدەین بۆ دابینکردنی شوێنی مانەوەی کاتیی و پشتگیری مادیی بۆیان".

ستیفانۆ ئاماژەی بەوەشکردووە، کارمەندانی ستافەکەی لە  بارودۆخیكی دژواردا هەوڵی گەیاندنی خواردن و پێداویستییەکانی دیکەی "مانەوە لە ژیان" دەگەیەنن بە ئاوارەکان.

لە ناوەراستی مانگی رابردووی ئەمساڵدا( حوزەیرانی ٢٠١٨)، هێزی سەربازی نیشتیمانی یەمەن، بە هاوکاری هاوپەیمانی عەرەبی، کە سعودیە پاڵپشتی دەکات، هێرشێکی بەرفراوانی بۆ سەر شاری حودەیدیە و بەندەرە ستراتیجییەکەی ئەنجامدا، کە لە ژێر کۆنترۆلی حوسییەکاندایە.

دوابەدوای ئەو هێرشانەش، تورک مالکی، وتەبێژی هاوپەیمانی عەرەبی رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی یەمەن بۆ فشارخستنە سەر حوسیەکانە، تا بە چارەسەری سیاسیی رازی ببن، جەختی لەوە کردەوە هاوپەیمانی عەرەبی لە هەوڵەکانیان بەردەوام دەبن بۆ گێرانەوەی یاسا و شەرعییەت لە یەمەندا، "هەمیشە رێگەچارەی سیاسی باشترین بژاردەیە بۆ خەڵکی یەمەن" مالکی وای وت.

ململانێکانی حکومەتی یەمەن و حوسییەکان و بەرفراوانبوونی لە دوای بەهاری عەرەبی

حووسیەکان کە بە بزووتنەوەی گەنجانی باوەڕداریش ناسراون، بزووتنەوەیێکی سیاسی ئایینین، ناوچەی سعدە لە یەمەن بنکەی سەرەکییانە، ئەم بزووتنەوەیە لە ساڵی ١٩٩٢ لە لایەن حوسێن حووسی لە دژی حکوومەتی یەمەن دامەزراوە،  ئێستا بوونەتە گرووپێكی بەهێزی یەمەن و جگە لەوەی رووبەڕووی سوپای یەمەن دەبنەوە لەچەند لایەكی دیكەشەوە جەنگیان لەگەڵ باڵە جیاوازەكانی ئەلقاعیدە و هەروەها چەند هۆزێكی دیكەی یەمەنی دەستپێكردووە كە دژ بە حوسییەكان چالاكییان هەیە.

گروپی چەکداری حوسییەكان لە هەمانكاتیشدا لە ناوچەكانی سەنعا و دەوروبەریشی رووبەڕووی گرووپی چەكدارانی دیكە و یەكە سەربازییەكانی پارتی ئیسلاحی یەمەنی بوونەتەوە، كە باڵێكی سەربازی سەر بە كۆمەڵی ئیخوان موسلمینی یەمەنن، حوسییەکان رۆڵێکی گرنگ و بەرچاویان هەبو لە راپەرینی خەڵکی یەمەن کە ناسراوە بە بەهاری عەرەبی لە ساڵی ٢٠١١، لە ئەیلوولی ٢٠١٤ سەنعای پایتەختی یەمەنیان داگیركرد و، كانوونی دووەمی ٢٠١٥ش زۆر بە ئاسانی دزەیان كردە ناو كۆشكی سەرۆکكۆماریی، پەرلەمانیان هەڵوەشاندەوە و، دەسەڵاتی سوپاشیان بەدەستەوە گرت، هادی، سەركۆماری یەمەنیش بە ناچاری دەسەڵاتەكەی بۆ شاری عەدەن گواستەوە، بەڵام دوای ئەوەی حوسییەكان لەوشارە نزیك بوونەوە، بەرەو عەرەبستانی سعوودی ڕایكرد.

قەیرانی وڵاتی یەمەن لەوكاتەوە دەستیپێكرد كە لەژێر كاریگەریی شەپۆلی ناڕەزایەتیی بەهاری عەرەبیدا بەشێك لەهاوڵاتیانی ئەو وڵاتە دژی دەسەڵاتەكەی عەلی عەبدوڵا ساڵح هاتنە سەر شەقام و حكومەتی ئەو كاتی یەمەنیش سەركوتی كردن، دواتر ململانێكان ئاڵۆزتربوون و گۆڕان بۆ جەنگێكی ناوخۆیی.

نیشانەکردن :

#یه‌مه‌ن #آ،م

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP