عه‌بدوڵای كوێخا موباره‌ك دوای ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ی له‌ جڤاتی نیشتمانی گۆڕان بۆ خه‌ندان ده‌دوێت

- 7/19/2018 3:37:00 PM 145159 جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان- خۆزگه‌ عه‌زیز

ئه‌ندامێكی جڤاتی نیشتمانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان باس له‌ هۆكاره‌كانی ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ی ده‌كات له‌ بزووتنه‌وه‌كه‌ و ده‌ڵێت، "وه‌ك هه‌ڵسوڕاوێكی گۆڕان ده‌مێنمه‌وه‌ و تا ئێستاش هیچ به‌رنامه‌یه‌ك له‌ به‌رنامه‌ی گۆڕان به‌ باشتر نازانم".

عه‌بدوڵای كوێخا موباره‌ك له‌میانی له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ خه‌ندان رایگه‌یاند، نزیكه‌ی دوو مانگه‌ نیگه‌رانییه‌كانی له‌ بزووتنه‌وه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ جڤاتی نیشتیمانی باس كردووه‌، به‌ڵام وه‌ك خۆی ده‌ڵێت كێشه‌كان چاره‌سه‌رنه‌كراون، بۆیه‌ نامه‌ی ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ی پێشكه‌شكردووه‌.

خه‌ندان: هۆكاری ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ت له‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆران بۆچی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌؟

عه‌بدوڵای كوێخا موباره‌ك: هۆكاری ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌م له‌ نامه‌كه‌دا باسكردووه‌، كه‌ بریتین له‌ ده‌ست به‌سه‌رداگرتنی دارایی و میدیایی گۆڕان له‌لایه‌ن كوڕانی كاك نه‌وشیروان و خراپ به‌كارهێنانی ئه‌و دوو دامه‌زراوه‌یه‌ و بێباكی رێكخه‌ری گشتی و خانه‌ی راپه‌ڕاندن له‌چاره‌سه‌ری كێشه‌ ناوخۆییه‌كانی گۆڕان كه‌ رێكخه‌ری گشتی به‌شێكن له‌و كێشانه‌و ناتوانن له‌ پێگه‌ی خۆیان ببورن بۆ چاره‌سه‌ری به‌شێك له‌ نیگه‌رانییه‌كان، هۆكاری سێیه‌میش بێهه‌ڵوێستی و بێ ده‌نگی به‌شێك له‌ ئه‌ندامانی جڤاتی نیشتیمانی له‌ ئاست كێشه‌كان و ته‌نها رۆڵی ته‌ماشاكار و بێلایه‌ن ئه‌بینن، له‌ كاتێكدا هه‌رشكست و به‌لارێدا بردنێكی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌رپرسیارێتییه‌كه‌ی له‌ ئه‌ستۆتی جڤاتی نیشتیمانییه‌.

خه‌ندان: ئه‌گه‌ر داوات لێبكرێت په‌یوه‌ندی به‌ لایه‌نێكی سیاسی دیكه‌وه‌ ده‌كه‌یت؟ 

عه‌بدوڵای كوێخا موباره‌ك: تا به‌رنامه‌ی لایه‌نێكی تری باشتر و جوانتر نه‌بێت له‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ناچمه‌ هیچ لایه‌نێكه‌وه‌، تا ئێستاش هیچ به‌رنامه‌یه‌ك له‌ به‌رنامه‌ی گۆڕان به‌ باشتر نازانم، هیچ لایه‌نێكیش په‌یوه‌ندی پێوه‌ نه‌كردووه‌م، ئه‌گه‌ر به‌رنامه‌یه‌ك هه‌بێت له‌ به‌رنامه‌ی گۆڕان جوانتر و كامڵتر وباشتر بێت به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ده‌ڕۆم چۆن له‌ یه‌كێتییه‌وه‌ گواستمانه‌وه‌ بۆ ناو گۆڕان له‌وێشه‌وه‌ ده‌چینه‌ لایه‌نێكی تر و ده‌یگوازینه‌وه‌.

خه‌ندان: په‌یوه‌ندی ئێوه‌ له‌گه‌ڵ قادری حاجی عه‌لی و عوسمانی حاجی مه‌حمود چۆنه‌، كه‌ ده‌وترێت ئه‌وانیش نیگه‌رانن له‌ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان؟

عه‌بدوڵای كوێخا موباره‌ك: به‌رده‌وام په‌یوه‌ندی و هه‌واڵپرسینمان هه‌یه‌، به‌ڵام باسی ئه‌وەمان نه‌كردووه‌ و به‌ ته‌واوی ناشزانم داواكاری ئه‌وان چییه‌، ئه‌وان پێش ئێمه‌ش چوونه‌وه‌ ماڵه‌وه‌.

خه‌ندان: گله‌یی و ناڕه‌زایه‌تیەکانی خۆتان له‌ گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ی گۆراندا باسكردووه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌كانی جڤاتی نیشتیمانیدا؟

عه‌بدوڵای كوێخا موباره‌ك: به‌ دڵنییاییه‌وه‌ نزیكه‌ی دوو مانگه‌ ئه‌و بابه‌ته‌مان باسكردووه‌ و هه‌وڵمانداوە بۆ چاره‌سه‌ركردنی، به‌ڵام چاره‌سه‌ر نه‌كرا چونكه‌ ئه‌گه‌ر چاره‌سه‌ر بكرایه‌ نه‌ ده‌ته‌قییه‌وه‌ بۆ میدیاكان.

خه‌ندان: رای رێكخه‌ری گشتی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان چۆن بووه‌ له‌سه‌ر ئه‌و هه‌ڵوێستانه‌ی ئێوه‌ و هه‌وڵی چاره‌سه‌ركردنی نه‌داوه‌؟

عه‌بدوڵای كوێخا موباره‌ك: ئه‌و زۆر هه‌وڵی داوه‌ بۆ ئاشته‌وایی ناو بزووتنه‌وه‌كه‌، كێشه‌ له‌ به‌رنامه‌ی گۆڕاندا نییه‌ تا ئه‌و چاره‌سه‌ری بكات، به‌ڵكو كێشه‌ له‌ بابه‌تی دارایی و میدیادایه‌ كه‌ پاره‌ له‌ شوێنیكی تره‌وه‌ دێت بۆ بزوتنه‌وه‌كه‌، ئه‌ویش ره‌نگه‌ وه‌ك ئێمه‌ كێشه‌ی هه‌بێت، به‌ڵام ئه‌و له‌ ئێمه‌ پشوودرێژتره‌ و ئێمه‌ بێ ته‌حه‌مولین.

خه‌ندان: دارایی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ كوێوه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت؟

عه‌بدوڵای كوێخا موباره‌ك: من ئاگادار نیم لەو بڕه‌ پاره‌یه‌ی كه‌ باسده‌كرێت له‌ یه‌كێتییه‌وه‌ دێت، ته‌نها له‌ میدیاوه‌ بیستوومه‌ باسكردنی ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌، به‌ڵام من به‌ خراپی ده‌زانم، چونكه‌ ئێمه‌ ئیشمان به‌ پاره‌ی یه‌كێتی نییه‌ ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر میدیاكه‌شمان دابخرێت، من زانیاریم له‌سه‌ر ئه‌وه‌ نییه‌، دارایی ئێمه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا له‌ كۆمپانیای وشه‌وە دەهات و  زۆرجاریش هاوكاریمان لەچەند شوێنێکی دیکەوە پێدەگەیشت.

خه‌ندان: به‌دواداچونت بۆ ئه‌و قسه‌یه‌ كردووه‌ كه‌ ده‌وترێت یه‌كێتی مانگانه‌ برێك پاره‌ ده‌داته‌ میدیایی گۆڕان؟

عه‌بدوڵای كوێخا موباره‌ك: كێشه‌ی من له‌سه‌ ئه‌و پاره‌یه‌ نییه‌، چونكه‌ من  زانیاریم نییه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌، كێشه‌ی من له‌سه‌ر ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌یه‌ كه‌ له‌كۆمپانیای وشه‌وه‌ دێت، ده‌بێت به‌شێوه‌یه‌كی روون  بدرێته‌ ژووری كارگێڕی و دارایی  و میدایی گۆڕان له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی گۆڕاندا بێت.
 
خه‌ندان: عه‌لی حه‌مه‌ساڵح، پەرلەمانتاری گۆڕان رایگه‌یاند، یه‌كێتی مانگانه‌ 250 هه‌زار دۆلار ده‌داته‌ میدیایی گۆڕان، ڕای تۆ چیە؟

عه‌بدوڵای كوێخا موباره‌ك: من ئه‌ندامی جڤاتی نیشتیمانیم ده‌بوو من زانیاریم له‌و زیاتر هه‌بووایه‌وه‌ ئاگاداربوومایه‌، به‌ڵام نازانم بۆ ئه‌و ئاگاداره‌و من هیچ ئاگادارنیم، تەنانەت ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ی له‌ نێوان یه‌كێتی و گۆڕاندا كراوه‌ و خراوه‌ته‌ به‌رده‌ستی ئێمه‌ هیچ خاڵێكی تێدا نییه‌ كه‌ پاره‌ وه‌ربگرین له‌ یه‌كێتی، ئه‌و زانیاریانه‌ی كه‌ عه‌لی حه‌مه‌ساڵح-یش  هه‌یه‌تی نازانین له‌ كوێ هێناویه‌تی مه‌گه‌ر خۆی بزانێت و شیبكاته‌وه‌.

خه‌ندان: رای ئێوه‌ چییه‌ له‌باره‌ی چۆنییه‌تی كاركردنی كوڕه‌كانی نه‌وشیروان مستەفا له‌ناو بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان؟

عه‌بدوڵای كوێخا موباره‌ك: ئه‌وان ده‌ستیان وه‌رداوه‌ته‌ كاری میدیاو دارایی گۆڕان، له‌ مه‌سه‌له‌ی سیاسیه‌ت و ئیداری  نازانن به‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ گه‌نجن، من وای ده‌بینم كه‌ كه‌سانێك هه‌بێت له‌ ده‌وریان كه‌ كاریگه‌ری هه‌بێت له‌سه‌ریان و وای لێ کردوون ده‌ستوه‌ربده‌نه‌ میدیای گۆران و دارایی بزوتنه‌وه‌كه‌.

خه‌ندان: پێت وانییه‌ كه‌ ته‌داخولی ئه‌وان چه‌ند كه‌سێكی تر كاریگه‌ری خراپی كردبێته‌ سه‌ر بزوتنه‌وه‌كه‌؟

عه‌بدوڵای كوێخا موباره‌ك: بێگومان وایه‌، ئه‌ی ئێمه‌ بۆچی وازمان هێناوه‌ ده‌مانه‌وێت له‌ سەرتاوە نه‌هڵێن ده‌ستوه‌ربدرێته‌ ئیش و كاره‌كانی بزوتنه‌وه‌كه‌.

خه‌ندان: ده‌وترێت  زه‌وی و زار و موڵكه‌كانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌سه‌ر كوڕه‌كانی نه‌وشیروان مسته‌فا تاپۆكراوه‌؟ ئه‌مه‌ ڕاسته‌ چۆن بووه‌ و بۆچی كراوه‌؟

عه‌بدوڵای كوێخا موباره‌ك: بەڵی وایە، گرده‌كه‌و  موڵكه‌كانی بزوتنه‌وه‌كه‌ له‌سه‌ر كوڕه‌كانی نه‌وشیروان مسته‌فا تاپۆكراوه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ سه‌رده‌می نه‌وشیروان مسته‌فا بووه‌، چونكه‌ ئه‌و پێی وابوو بەهۆی پارتی و یه‌كێتیەوە و ده‌سه‌ڵاتی ئه‌م هه‌رێمه‌ ناجێگیره‌ و هیچ شتێك نییه‌ ڕێساو یاساكانی هەرێم بپارێزێت، چونكه‌ ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر بزوتنه‌وه‌ی گۆران تاپۆ بكرێت ده‌توانن بە بیانوویەک له‌ گۆرانی بسه‌ننه‌وه‌، بۆیه‌ ده‌بێت به‌ ناوی كه‌سێكه‌وه‌ بێت، به‌ڵام ئه‌و كه‌سه‌ به‌ هی خۆی نه‌زانێت و به‌ موڵكی گشتی بزانێت، رۆژێك ئه‌گه‌ر بارودۆخ به‌رقه‌رار بوو ئه‌وا بەپێی یاسای چاکسازی ده‌بێت بیگه‌رێنێته‌وه‌ بۆ بزوتنه‌وه‌كه‌.

خه‌ندان: كێشه‌ی ئێوه‌ تەنها تاپۆكردنی موڵك و ماڵی بزوتنەوەی گۆرانە لەسەر کوررەکانی کاک نەوشیروان؟

عه‌بدوڵای كوێخا موباره‌ك: كێشه‌ی ئێمه‌ كێشه‌ی ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی موڵک و ماڵی گۆرانمان نییه‌ چونكه‌ ناتوان کارێکی وابکەن، به‌ڵکو ته‌نیا كێشه‌مان ده‌ستوه‌ردانی ئەوانە له‌ دامه‌زاروه‌ی میدایی وكارگێڕیی و دارایی گۆران، چونکە گۆڕان ژووری كارگێڕی و دارایی هه‌یه‌، به‌ڵام زۆر كات ئه‌و داهاته‌ی له‌ كۆمپانیان وشه‌وه‌ دێت راسته‌وخۆ ده‌چێته‌ میدیا و دابه‌شده‌كرێت، ئه‌مه‌ش ناگونجێت له‌گه‌ڵ به‌رنامه‌ی گۆڕاندا، یان هه‌ندێك کەس به‌رنامه‌ بۆ میدیای گۆڕان داده‌نێن له‌ده‌ره‌وه‌ی بڕیاری گۆرانه‌  كه‌ ئه‌وه‌ ڕه‌نگه‌ به‌خراپ بەسه‌رماندا بكشێته‌وه‌.

خه‌ندان: هیچ  رێككه‌وتنێكی ژێربەژێر هه‌یه‌ له‌ نێوان گۆران و یه‌كێتی یان گۆران و پارتی یان هه‌ر لایه‌نێكی تر؟

عه‌بدوڵای كوێخا موباره‌ك: وه‌ك سه‌ركردایه‌تی و بڕیارده‌ری گۆڕان و جڤاته‌ نیشتیمانیه‌كەی هیچ شتێكی لەوجۆرە لە ئارادا نییه‌، به‌ڵام  باس لەوەدەکرێت په‌یوه‌ندییه‌كی ژێر به‌ژێر له‌نێوان ماڵی تاڵه‌بانی وماڵی كاك نه‌وشیرواندا هه‌یه‌.

خه‌ندان: ئه‌و په‌یوەندییه‌ی نێوان گۆڕان و یەکێتی له‌ چ ئاستێكدایه‌ و له‌سه‌ر بنه‌مای چییه‌؟

 
عه‌بدوڵای كوێخا موباره‌ك:  نازانم ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ چۆنه‌ و تا چه‌ند راسته‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر شتی وا هه‌بێت به‌راستی نیگه‌رانم له‌وه‌.

خه‌ندان: ئێوه‌ وه‌ك جڤاتی نیشتیمانی، تا چەند ئاگاداری هه‌ڵپه‌ساردنی یاسای سه‌رۆكایه‌تی هەرێم و پرۆژه‌کەی گۆڕان بوون؟

عه‌بدوڵای كوێخا موباره‌ك: ئه‌وه‌ كارێكی هه‌ڵه‌بوو، پرس به‌ جڤاتی نیشتمانی نه‌كراوه‌، چه‌ند كه‌سێكی دیاریکراو ئه‌و كاره‌یان كردووه‌، یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم ده‌بوو هه‌ڵبوه‌شێته‌وه‌.

 

خه‌ندان: ئه‌و كه‌سانه‌ كێ بوون؟

عه‌بدوڵای كوێخا موباره‌ك: ئه‌وانە چوار پێنج كه‌س بوون له‌ په‌رله‌مان و ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مان و بڕیارده‌ریش نه‌بوون له‌ ناو بزوتنه‌وه‌ی گۆراندا، به‌ڵام ئه‌و بڕیاره‌یاندا كه‌ بڕیارێكی هه‌ڵه‌بوو.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP