به‌سره‌؛ به‌هۆی ته‌قه‌ی هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عێراقه‌وه‌ ده‌یان خۆپیشانده‌ر برینداربوون

- 7/15/2018 7:41:00 PM 5141 جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان- دانا ته‌یب مه‌نمی

ئه‌مڕۆ به‌هۆی ته‌قه‌ی  هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عێراقه‌وه‌ له‌شاری به‌سره‌ 48 خۆپیشانده‌ر برینداربوون.

 له‌وباره‌وه‌ لیوا سامر حوسه‌ینی، فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی خێرای سه‌ربه‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق له‌ لێدوانێكدا به‌ رۆیته‌رز-ی ڕاگه‌یاندووه‌ هه‌ندێك له‌ خۆپیشانده‌ران هه‌وڵیاندا بچنه‌ناو باڵه‌خانه‌یه‌كی حكومییه‌وه‌، و ئه‌وان ڕێگرییان لێكردووه‌، و داوای له‌ خۆپیشانده‌ران كردووه‌ ڕووبه‌ڕووی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان نه‌بنه‌وه‌. 

ئاماژه‌شیكردووه‌ به‌وه‌ی به‌هۆی پێكاهه‌ڵبژان له‌گه‌ڵ خۆپیشانده‌راندا 28 كه‌س له‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان برینداربون.

 به‌پێی  سه‌رچاوه‌كانی پۆلیس، له‌كاتێكدا خۆپیشانده‌ران هه‌وڵیانداوه‌ بچنه‌ناو باڵه‌خانه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای به‌سره‌وه‌، به‌هۆی ته‌قه‌ی هێزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ هه‌شت خۆپیشانده‌ر برینداربوون.

هه‌روه‌ها هێزه‌ ئه‌منییه‌كان له‌ دووری نزیكه‌ی چوار كیلۆمه‌تر له‌ كێلگه‌ی نه‌وتی زوبێر، له‌ نزیك به‌سره‌، ته‌قه‌یان له‌ خۆپیشانده‌ران كردووه‌ و له‌ئاكامدا 40 خۆپیشانده‌ر برینداربوون، سیان له‌خۆپیشانده‌ران به‌ گولـله‌ برینداربوون.

به‌رپرسانی ناوخۆیی به‌سره‌ ڕایانگه‌یاندووه‌ خۆپیشاندانه‌كان كاریگه‌ریی نه‌كردووه‌ته‌ سه‌ر به‌رهه‌مهێنانی نه‌وتی خاو له‌ پارێزگاكه‌. 

 

ماوەی حه‌وت ڕۆژە خۆپیشاندان لە پارێزگاکانی باشووری عێراق  بەردەوامە و خۆپیشاندانەکان سەرەتا لە پارێزگای بەسرەوە بۆ داواکردنی ھەلی کار و خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان دەستیپێکرد و دوێنێ خۆپیشاندانەکان عەمارە و ناسریە و نەجەف-یشی گرتەوە . 

دوێنێ حەیدەر عەبادی، سەرۆک  وەزیرانی عێراق،به‌ فەرمانێك  ھێزە ئەمنییەکان خسته‌ ئه‌وپەڕی  حاڵەتی ئامادەباشی( پلە جیم) ه‌وه‌، و چەند یەکەیەکی سەربازی لە ھێزەکانی دژەتیرۆر و فیرقەی نۆیەمی سوپای عێراق بەرەو بەسرە نێردراون.

عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق، پشتیوانی خۆی بۆ خۆپیشاندەران دەربڕی و ڕایگەیاند خۆپیشاندەران لەم ھاوینە گەرمەدا لە ئاو کارەبا و خزمەتگوزارییە سەرەکییەکانی دیکە بێ بەشبووون. 

خەڵکی باشووری عێراق و خێڵەکان ناوبەناو خۆپیشاندان لە نزیک کێلگە نەوتییەکان ئەنجامدەدەن بۆ ئەوەی کۆمپانیا بیانییەکان ھانبدەن ھەلی کار و چەند دەستکەوتێکی دیکەیان بۆ دابینبکات.

ئارامی پارێزگای بەسرە زۆر گرنگە بۆ بەردەوامی بەرھەمھێنانی نەوت لەو پارێزگا بە نەوت دەوڵەمەندە، کە بەگوێرەی  ھەندێک ڕاپۆرت لەسەدا ٩٥ی داھاتی حکومەتی عێراق پێکدەھێنێت.


نیشانەکردن :

#ئاڵۆزی سیاسیی_عێراق

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP