وادەی كارپێكردنی پڕۆژەی كارەبا بە سیمكارت راگەیەندرا
وەزارەتی كارەبا: پڕۆژەكە هاوڵاتیان لێی سوودمەند دەبن

- 7/14/2018 1:03:00 PM 151744 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-خۆزگە عەزیز

بریكاری وەزارەتی كارەبای هەرێم رایدەگەیەنێت، پێدانی كارەبا بە سیمكارت هاوڵاتیان لێی سوودمەند دەبن نەك ئەوەی كە زیاتر وەك تۆڕەكانی مۆبایل بێت، دەشڵێت، بەجێبەجێكردنی ئەو پڕۆژەیە پێدانی كارەبای نیشتیمانی زیاددەبێت.

هۆگر شاڵی، بریكاری وەزارەتی كارەبای هەرێم لە لێدوانێكدا بە خەندان-ی راگەیاند، لە ئێستادا لەسەدا 35ی كارەبای هەرێمی كوردستان دەدزرێت، بەجێبەجێکردنی پڕۆژەی پێدانی كارەبا بە سیمكارت پێدانی كارەبای نیشتیمانی بە هاوڵاتیان زیاد دەكات، لە 12 كاتژمێرەوە دەبێت بە 18 كاتژمێر. 

ئاماژەی بەوەشكرد، پێدانی كارەبا بە سیمكارت هاوڵاتیان لێی سوودمەند دەبن نەك ئەوەی كە زیاتر وەك تۆڕەكانی مۆبایل بێت كە زۆربەی هاوڵاتیان لێی تێگەیشتبوون.

بریكاری وەزارەتی كارەبای هەرێم وتیشی، "پڕۆژەی پێدانی كارەبا بە سیمكارت لە ئێستا لە بواری جێبەجێكردندایەوە لە ماوەی 12 بۆ 18 مانگی دیكە كاری پێدەكرێت".

ئەوەشی خستەڕوو، پڕۆژەی پێدانی كارەبا بە سیمكارت هەموو هاوبەشەكانی كارەبا دەگرێتەوە لە هەرێمی كوردستان كە لە ئێستادا ژمارەیان ملیۆنێك و ٥٠٠هەزار هاوبەشە.

بریكاری وەزارەتی كارەبای هەرێم لەبارەی بەرهەمهێنانی كارەباوە وتی، بەرهەمهێنانی كارەبا لە ئێستادا لەلایەن وەزارەتی كارەباوە 2700 مێگاواتە و خواستی بەكارهێنانیش لەلایەن هاوڵاتیانەوە نزیكەی 5 هەزار مێگاواتە.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP