ناتۆ بریاریدا ئەرکێکی نوێ بە ھێزەکانی لە عێراق بسپێردرێت

- 7/11/2018 8:32:00 PM 5136 جار خوێندراوەتەوە
لۆگۆی ریکخراوی ناتۆ

خەندان- دانا تەیب مەنمی 

رێکخراوی ناتۆدا  لە کۆبونەوەی ئەمڕۆی خۆیدا  لە برۆکسل بریاریدا ئەرکێکی نوێ بە ھێزەکانی ناتۆ لە عێراق بسپێردرێت کە بریتیە لە مەشقپێکردن و بەرزکردنەوەی توانای ھێزە ئەمنییەکانی عێراق.

برێت مەکگۆرک، نوێنەری سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ شەڕی دژی داعش، ئەمڕۆ لە تویتێکدا ڕایگەیاندووە ئەو ئەرکە نوێیەی ناتۆ گرنگە بۆ سەقامگیری  عێراق لە قۆناغی دوای داعش-دا.

ناتۆ لە بەییانامەی کۆتایی خۆیدا ڕایگەیاندووە ئەو ئەرکەی ناتۆ لەسەر داوای حکومەتی عێراق بووە بۆ پشتیوانی زیاتر لە ھەوڵەکانی سەقامگیرکردنی عێراق  و شەڕی دژی تیرۆریزم بەھەموو شێوەکانییەوە.

ئاماژەشیکردووە بەوەی ئەرکە نوێیەکەی ناتۆ بریتی دەبێت ئامۆژگاری کردنی بەرپرسانی پەیوەندیداری عێراق، بەتایبەتی لە وەزارەتی بەرگریی و ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی، و مەشق وڕاھێنان بە ڕاھێنەرەکان لە دامەزراوە سەربازییە پرۆفێشناڵەکان بۆ یارمەتیدانی عێراق تواناکانی خۆی گەشەپێبدات، ئەوەش لەپێناوی بنیاتنانی دەزگاکانی ئاسایشی نیشتیمانی بەشێوەیەکی کاریگەرتر.

جەختیشیکردووەتەوە کەرتی ئاسایشی ، کە بەشێوەیەکی پرۆفێشناڵ و بەرپرسیار کاربکات، زۆر گرنگە بۆ سەقامگیری عێراق و ناوچەکە بەشێوەیەکی فراوانتر و ئاسایشی خودی ناتۆ. 



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP