"هیچ رێگرییەک بۆ بەستنەوەی وەزارەتی بەرگری و ئەرکانەکانی سوپا نییە"
ئەردۆغان: پێدەچێت جێگری دووەم بۆ خۆم دابمەزرێنم

- 7/11/2018 8:10:00 PM 5822 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، پێدەچێت جێگرێکی دیکە بۆ خۆی دابمەزرێنێت.

لە کاتی چوونی بۆ کۆبوونەوەی لوتکەی ناتۆ، ئەردۆغان لە ناو فرۆکە تایبەتەکەیدا بە تیمی رۆژنامەنوسانی وت" جێگرێکی سەرۆکمان دامەزاراندووە، پێدەچێت لە داهاتوودا جێگری دووەمیش دابمەزرێنین، با بزانین کەموکورتییەک دەبێت یان نا، بەگوێرەی ئەوە لە داهاتوودا هەنگاو دەنێین".

لە وەڵامی پرسیارێکدا، کە ئایا هیچ ئەگەرێک هەیە بۆ بەستنەوەی وەزارەتی بەرگری بە سەرۆکی ئەرکانەکانی سوپا، ئەردۆغان وتی" هیچ رێگرییەک نییە بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە ئەگەر سەرنج بدەن، خولوسی ئاکار[سەرۆکی ئەرکانەکانی پێشووی سوپای تورکیا]مان وەک وەزیری بەرگری دامەزراندووە، لە هەمان کاتدا، فەرماندەی هێزە زەمینییەکان و  جێگری سەرۆکی ئەرکانەکانی سوپاشمان داناوە، چونکە هێزە سەربازییە زەمینییەکان بۆشایی قەبوڵ ناکات، لە راستیدا لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا هیچ بۆشاییەک قەبوڵ ناکرێت".

بەگوێرەی سیستمی نوێی توركیا، ئەردۆغان سەرۆكایەتی دەسەڵاتی جێبەجێكردنی توركیا دەكات و مافی دامەزراندنی جێگری سەرۆكی وڵات و وەزیرەكان و بەرپرسان و دادوەرانی باڵای هەیە، بەبێ گەڕانەوە بۆ ڕازەمەندی پەرلەمان، هەروەها دەسەڵاتی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و دەركردنی فەرمانی جێبەجێكردن و سەپاندنی باری نائاسایی هەیە، بەپێی سیستمی نوێی توركیا پۆستی سەرۆك وەزیران نامێنێت.

لەگەڵ ئەمانەشدا، بەرپرسیاریەتی بانگەشەی جەنگ و ناردنی هێز بۆ سەر وڵاتانی دیکە و رێگەدان بە جێگیرکردنی هێزی بیانی لەناو تورکیادا بەپێی دەنگدان دەبێت لە ناو پەرلەماندا، بەڵام لە ئەگەری بەستنەوەی وەزارەتی بەرگری و سەرۆکی ئەرکانەکانی سوپا؛ دەسەڵاتەکانی جەنگ لە ژێر کۆنترۆڵی وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی تورکیادا دەبێت، کە ئەرۆغان بەبێ گەڕانەوە بۆ پەرلەمان دەسەڵاتی هەڵوەشاندنەوە و فەرمانی لەو وەزارەتانەدا هەیە.

رێکەوتی ٩ی حوزەیران، ئەردۆغان کابینەی نوێی حکومەتەکەی ئاشکراکرد، و زاواکەی خۆی وەک وەزیری گەنجینە و دارایی تورکیا دەستنیشانکرد، ئەوەی لە کابینە نوێکەی ئەردۆغاندا جێگای سەرنجە ئەوەیە، زۆرێک لە وەزیرە نوێیەکانی کابینەکەی، کەسایەتیەکی دیپلۆماسی پێشینەیی نەبووە.

نیشانەکردن :

#تورکیا #ئه‌ردۆغان #آ،م

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP