یوسف محه‌مه‌د روونكردنه‌وه‌یه‌كى له‌سه‌ر یاساى هه‌ڵپه‌ساردنى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم بڵاوكرده‌وه‌

- 7/11/2018 6:16:00 PM 33588 جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

سه‌رۆكى ده‌ستله‌كاركێشاوه‌ى په‌رله‌مانى كوردستان، روونكردنه‌وه‌یه‌كى له‌سه‌ر یاساى هه‌ڵپه‌ساردنى دامه‌زراوه‌ى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم بڵاوكرده‌وه‌و ده‌ڵێت، هه‌نگاوێكى باشه‌ و هاوکات لەگەڵ ئەوەشدا نیە به‌ یاساکەی ئێستا هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم بەڕێوەبچێت.

یوسف محه‌مه‌د، له‌ روونكردنه‌وه‌یه‌كدا كه‌ وێنه‌یه‌كى بۆ خه‌ندان ناردووه‌، رایدەگەیەنێت، هه‌وڵه‌كانى ئه‌وان بۆ هەمواركردنه‌وه‌ى یاساى سه‌رۆكایه‌تى له‌ روانگه‌ى بڕوایانه‌ بووه‌ بۆ  گۆڕینی سیستمی حوکمڕانیی هەرێم و ده‌ڵێت، لە داهاتوشدا لەگەڵ ئه‌نجامدانی هەڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم نین، بە پێی ئەم یاسایەی ئێستای سەرۆکایەتیی هەرێم، تەنانەت ئەگەر کاندید بۆ ئەو پۆستە گۆڕانیش بێت.

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت"باشترە تا کاتی گۆڕینی سیستمی حوکمڕانیی هەرێم بۆ پەرلەمانیی تەواو، کارکردن بەو یاسایەی کێشەی بۆ هێنانەکایەی سیستمێکی پەرلەمانیی تەواو لە کوردستان دروستکردوە ڕابگیرێت".

سه‌رۆكى ده‌ستله‌كاركێشاوه‌ى په‌رله‌مانى كوردستان، جه‌ختیكردووه‌ته‌وه‌، هەر کەسێک تەنها دووجار مافی خۆ کاندیدکردنی هەیە بەپێی یاسای سەرۆکایەتی بێت یان دەستور و ده‌ڵێت"کەواتە ئەو ئیدیعایە ڕاست نیە کە لە خولی داهاتوی پەرلەمان،  بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆکی پێشوی هەرێم بۆی دەبێ جارێکی تر خۆی بۆ ئەو پۆستە کاندید بکاتەوە".


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP