سلێمانى؛ له‌ ماوه‌ى شه‌ش مانگدا چوار كرێكار له‌ شوێن كاره‌كانیان گیانیان له‌ده‌ستداوه‌

- 7/11/2018 4:49:00 PM 2843 جار خوێندراوەتەوە


خه‌ندان- سالار محه‌مه‌د 

سه‌رۆكى سه‌ندیكاى بیناسازى كوردستان لقى سلێمانى رایگه‌یاند، كرێكاران له‌هه‌رێمى كوردستان ژیانیان له‌ دۆخێكى  خراپدایه‌، له‌سه‌ره‌تاى ئه‌مساڵه‌وه‌ له‌ سلێمانى چوار كرێكار له‌ شوێنی كاره‌كانیان گیانیان له‌ده‌ستداوه‌.

عوسمان حه‌مه‌ سه‌عید، به‌خه‌ندان-ى راگه‌یاند، كرێكاران له‌هه‌رێمى كوردستان گرفتارن به‌ده‌ست چه‌ند گرفتێكه‌وه‌ ئه‌وانه‌ى كرێكارى بیناسازین یان كرێكارى پڕۆژه‌ جۆراو جۆره‌كانى دیکەن تووشى بێكارییه‌كى زۆر هاتوون.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد،"به‌هۆى نه‌بوونى یاسایه‌كى تایبه‌ت به‌ بیمه‌ى بێكارى نه‌توانراوه‌  چاره‌سه‌رێك بۆ دۆخى كریكاران له‌ هه‌رێمى كوردستان بدۆزرێته‌وه‌، به‌شێك له‌و كرێكارانه‌ى كه‌ له‌سه‌ر كاره‌كانیان دوورده‌خرێنه‌وه‌ شایسته‌ داراییه‌كانیشیان پێنادرێت".

هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شى وتى،"له‌ماوه‌ى شه‌ش مانگى رابردوودا توانیویانه‌ كێشه‌ى به‌شێك له‌كرێكاران چاره‌سه‌ربكه‌ین كه‌ له‌گه‌ڵ خاوه‌ن كاره‌كان كێشه‌یان هه‌بووه‌ له‌پێدانى شایسته‌ داراییه‌كانیان توانیویانه‌وه‌ بڕى ٥٦ ملیۆن دینار له‌خاوه‌ن كاره‌كان وه‌ربگرنه‌وه‌و بیان ده‌نه‌وه‌ به‌كرێكاران".

سه‌باره‌ت به‌گیان له‌ده‌ستدانى كرێكاران له‌شوێن كاره‌كانیان عوسمان حه‌مه‌ سه‌عید وتیشى،"له‌ ماوه‌ى شه‌ش مانگى رابردوودا له‌سنورى پارێزگاى سلێمانى چوار كرێكار له‌شوێن كاره‌كانیان گیانیان له‌ ده‌ستداوه‌ كه‌ دوانیان له‌ نه‌ته‌وه‌ى عه‌ره‌ب بوون". 


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP