لە مێژوودا چەندین ھەڵبژاردنی پڕ ساختەکاری ھەڵوەشاونەتەوە

- 7/11/2018 4:27:00 PM 4305 جار خوێندراوەتەوە

خەندان- دانا تەیب مەنمی 

لە مێژووی کۆن و نوێدا چەندین ھەڵبژاردن کە ساختەکارییان تێداکراوە ھەڵوەشاونەتەوەو ساختەکارییەکان ھەمیشە خەڵک و وڵاتی بەرەو مەترسی بردووە، زۆرجار دادگا رۆڵی خۆی بینیوەو دوای بەڵگەکانی ساختەکاری ئەنجامەکانی ھەڵوەشاندووەتەوە، بەپێچەوانەشەوە ھەندێک جار ساختەکاری دەسەڵاتی لاواز و لەرزۆکی بۆ ساختەکاران دروستکردووە.

لاپەڕەکانی مێژووی کۆن و نوێی جیھان پڕن لە نموونەی ھەڵبژاردنی پڕساختەکاری و کێشمەکێش، کە وڵاتەکانیان بەرەو ئاڵۆزی و شەڕ بردووە، و ھەندێک لە ھەڵبژاردنەکانیش ھەڵوەشێنراونەتەوە.

لە مێژووی کۆنی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا، ھەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ساڵی  ١٨٧٦لەنێوان سامۆیل تیلدێن، کاندیدی دیموکراتەکان، و ڕوسەرفۆرد ھایس، کاندیدی  کۆمارییەکان، زۆرترین ئاڵۆزی لێکەوتەوە.

بەپێی ئەنجامە بەراییەکان تیلدێن براوەبوو، و توانی چوارملیۆن و ٢٨٤ ھەزار و ٢٠ دەنگ بەدەستبھێنێت و لەبەرامبەر دا ھایس توانی چوارملیۆن و ٣٦ ھەزار و ٥٧٥ دەنگ بەدەستبھێنێت، بەڵام تیلدێن توانی ١٨٤دەنگ لە ئەنجومەنی ھەڵبژێردراوەکان بەدەستبھێنێت تەنھا یەک دەنگی مابوو بۆ مسۆگەرکردنی پۆستی سەرۆکی ئەمریکا، و ھایس ٢٠ دەنگی ئەنجومەنەکەی پێویست بوو. 

ناوچەکانی باشووری ئەمریکا پرسیاریان خستەسەر دەنگەکانی تیلدێن بەوەی دیموکراتەکان توندوتیژییان بەکارھێناوە و لەتۆڵەی ئەوەدا کۆمارییەکان بە سیاسەتی ژووەرە داخراوەکان توانیان ھایس بکەنە سەرۆکی ئەمریکا. 

ساڵی ٢٠٠٠لە ئەمەریکا جۆرج  دەبلیو بوش بەرامبەر ئەلگۆری جێگیری پێشووی سەرۆک زۆرینەی دەنگەکانی لەدەستدا، بەڵام بوویە ٤٣یەمین سەرۆکی ئەمریکا، دوای ژماردنەوەی دەنگەکانی فلۆریدا بە بڕیاری دادگای باڵا ، بوش ٥٣٧ دەنگ پێش ئەلگۆر کەوت.

ھەڵبژاردنێکی دیکەی جیھان کە توندوتیژی لێکەوتەوە، بەڵام دواجار ئیرادەی ئۆپۆزسیۆن سەرکەوتووبوو ھەڵبژاردنەکانی  ٢٤ی ئەیلوولی ساڵی ٢٠٠٠ی پەرلەمانی سربیا بوو، کە یەکەمین ھەڵبژاردنی ئازاد بوو لەدوای ساڵی ١٩٩٢ ەوە.

ئەنجامە بەراییەکان دەریانخست کە کاندیدی ئۆپۆزسیۆن ڤۆجیسلاڤ کۆستۆنیکا، پێش سلۆڤۆدان میلۆسۆڤیج کەوت، بەڵام نەیتوانی زۆرینەی لەسەدا پەنجا بەدەستبھێنێت کە پێویست بوو بۆئەوەی ھەڵبژاردن دووبارە نەکرێتەوە. 

میلۆسۆڤیج، سووربوو لەسەر ئەوەی بەربەستی سەدای ٥٠ی بڕیوە، توندوتیژی بۆ پشتیوانی ڤۆجیسلاڤ دەستیپێکرد، دواجار میلۆسۆڤیج لە ٧ی تشرینی یەکەمی ھەمان ساڵدا ناچارکرا دەستلەکاربکێشێتەوە، و دوای ژماردنەوەی دەنگەکان و بانگەشەکانی ڤۆجیسلاڤ ڕاست دەرچوون.

لەمێژوودا ھەندێکجار ھەڵبژاردنەکان ھەڵوەشێنراونەتەوە و ئاڵۆزی بەدوای خۆیدا ھێناوە، نموونەی لەم جۆرە ھەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٤ ی تایلەندە.

ساڵی ٢٠١٣، ١٥٣پەرلەمانتاری ئۆپۆزسیۆنی تایلاند دەستیان لەکارکێشایەوە و سەرۆک وەزیران داوای لەپادشای وڵاتەکە کرد پەرلەمان ھەڵبوەشێنێتەوەو داوای ھەڵبژاردنی پێشوەختەی کرد و لە ٢ی شوباتی ٢٠١٤دا ھەڵبژاردن ئەنجامدرا، و ھەڵبژاردنەکە لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە بەربەرستی بۆ دروستکرا، دواتر دادگا ئەنجامی ھەڵبژاردنەکەی ھەڵوەشاندەوە، بەھۆی ئاڵۆزییەکانەوە دەیان کەس گیانیان لەدەستدا و ٨٠٠ کەس برینداربوون.

لە ٨ی ئابی ٢٠١٧ھەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆک و حکومەت  لە کینیا، بەڕێوەچوو یوھورو کێنیاتا، سەرۆکی ئەو کاتەی وڵات، بە ڕێژەی لەسەدا ٥٤ی دەنگەکان دووبارە ھەڵبژێردرایەوە، بەڵام ڕایلا ئۆدێگای ڕکابەری ڕەتیکردەوە ئەنجامەکان قبووڵ بکات، لەدادگای باڵای ئەو وڵاتە سکاڵای تۆمارکرد، و دواتر دادگا ئەنجامەکانی ھەڵوەشاندەوە و بریاریدا ھەڵبژاردنێکی نوێ ئەنجامبدرێت.

لە دوایین ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، کە ١٢ی ئایار بەرێوەچوو بەڵگەی ساختەکردنی سەدان ھەزار دەنگ و گۆڕینی ئەنجامەکان خرایەڕوو، تا داواجار پەرلەمان بڕیاری ژماردنەوەی دەنگەکانی داو بۆ ئەوەش یاسای دەرکرد، بەڵام ئەوە تا ئێستا جێبەجێنەکراوەو چارەنوسی ھەڵبژاردنەکەو پرۆسەی سیاسی بە ناروونی ماوەتەوە.






Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP