كۆمەڵ و بزووتنەوە داوای هەڵوەشاندنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم دەكەن

- 7/11/2018 3:20:00 PM 4651 جار خوێندراوەتەوە

خەندان- كاروان مەسعود

فراكسیۆنەكانی كۆمەڵ و بزووتنەوەی ئیسلامی لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی كوردستاندا داوای هەڵوەشاندنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم-یان كرد.

ئەمڕۆ پەرلەمانی كوردستان كۆی ماددەكانی پرۆژیاسای هەڵپەساردنی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێمی پەسەندكرد، كە دوێنێ سێشەممە فراكسیۆنی گۆڕان پێشكەشی پەرلەمانی كرد.

مەروان گەڵاڵی، سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵ بەناوی فراكسیۆنەكەیی و بزووتنەوەی ئیسلامییەوە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەوان وەك لایەنە ئیسلامییەكان سورن لەسەر ئەو پڕۆژەیەی كە پێشكەشیان كردووە بۆ گۆڕینی سیستمی سەرۆكایەتی بۆ پەرلەمانی.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەمڕۆ لە كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستاندا داوایانكردووە دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم هەڵبوەشێتەوە.

بەپێی یاساكەی پەرلەمانی كوردستان، هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی هەرێم هاوكات لەگەڵ هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان ئەنجام نادرێت، هەروەها كاركردن بە یاسای دابەشكردنی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم ژمارە (2)ی ساڵی 2017 بەردەوام دەبێت.

لە ماددەی سێی یاساكەدا هاتووە، پێویستە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان لە یەكەمین وەرزی گرێدانیدا لەژێر رۆشنایی بنەما گشتییەكانی دەستور، بڕیار لەسەر چارەنوسی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم بدات.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP