کەنەدا فەرماندەیی ئەرکێکی نوێی ناتۆ دەکات بۆ مەشقپێکردنی ھێزە چەکدارەکانی عێراق

- 7/11/2018 2:58:00 PM 2989 جار خوێندراوەتەوە
جەستن ترودۆ، سەرۆک وەزیرانی کەنەدا

خەندان- دانا تەیب مەنمی 

سوپای کەنەدا فەرماندەیی ئەرکێکی نوێی ناتۆ دەکات بۆ مەشقپێکردن و بەرزکردنەوەی توانای ھێزە چەکدارەکانی عێراق.

جەستن ترودۆ، سەرۆک وەزیرانی کەنەدا، ئەمڕۆ لە میانی بەشداریکرنی لە کۆبونەوەی لوتکەی ساڵانەی رێکخراوی پەیمانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) لە برۆکسل ڕایگەیاند کە ئەرکەکە لە پایزی ئەمساڵدا لە بەغدا و دەوروبەری دەستپێدەکات.

رونیشیکردەوە لە ئەرکە نوێیەکەدا زیاتر لە ٢٥٠ ڕاھێنەری سوپای کەنەدا و زیاتر لە چوار ھێلیکۆپتەری جۆری گریفۆن پاڵپشتی چالاکییەکانی ناتۆ لە عێراقدا دەکەن.

ترودۆ سەبارەت بە ئەرکە نوێیەکەیان لە عێراق ووتی " ئەمە شتێکە ئێمە بە قووڵی باوەڕمان پێیەتی. ئەمە ساتێکە کە پێکەوە کاربکەین و لەو ڕوانگەیە تێبگەین کە ئێمە شەڕی بۆ دەکەین و پاڵپشتی بکەین، ئەمەش زۆر گرنگە بۆ ئەمڕ و سبەینێ." 

ئۆفیسی ڕاگەیاندنی ترودۆ لە بەیاننامەیەکدا ئەرکە نوێیەکەی بە " ھەنگاوێکی ئاسایی بۆ کەنەدا" وەسفکردووە لەدوای سەرکەوتنی ئەرکەکانی سوپای کەنەدا لەشەڕی دژی  داعشەوە بۆ یارمەتیدانی بنیاتنانی توانا سەربازییەکانی عێراق و بنیاتنانی زەمینەی دوورمەودای سەقامگیری.

پێشتر  و لەچوارچێوەی ھاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعشدا، سوپای کەنەدا ڕۆڵێکی گرنگی ھەبوو لە بەزاندنی چەکدارانی داعش لە عێراق و سوریا لە ڕێگای گورزی ئاسمانی و دابینکردنی یارمەتی و ھاوکاری لۆجستی و مەشق و ڕاھێنان بە ھێزە ئەمنییەکانی عێراق و ھێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان. 


نیشانەکردن :

#كه‌نه‌دا

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP