شۆفێری پێشووی ترەمپ لەسکاڵایەکدا داوای قەرەبووکردنەوەی مووچە پێنەدراوەکانی دەکاتەوە

- 7/10/2018 10:29:00 PM 18035 جار خوێندراوەتەوە
دۆناڵد ترەمپ ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا

خەندان- دانا تەیب  مەنمی 

شۆفێری تایبەتی پێشووی ترەمپ سکاڵایەک لەسەر ڕێکخراوەکەی ترەمپ تۆمار دەکات بە تۆمەتی زیادکارپێکردن و پێنەدانی مووچەی ھەزاران کاتژمێر کارکردن.

نۆیل سینترۆن، کە وەکو شوفێری تایبەتی دۆناڵد  ترەمپ کاریکردووە ھەتا ئەو کاتەی بووەتە سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، رۆژی دووشەممەی ڕابردوو لەدادگای باڵای نیویۆرک سکاڵایەکی لەدژی ڕێکخراوەکەی ترەمپ تۆمارکردووە و داوای قەرەبووکردنەوەی دادپەروەرانەی ھەزاران کاتژمێر لە کاری سەرەڕایی کردووە.

سنترۆن لە سکاڵاکەیدا بانگەشەی ئەوەی کردوووە بەوەی ھەفتانە  تێکڕا ٥٠ بۆ ٥٥  کاتژمێر کاری کردووە بۆ ترەمپ بەبێ ئەوەی قەرەبووی دادپەروەرانە وەربگرێتەوە. 
وتەبێژێک لە ڕێکخراوەکەی ترەمپەوە بە سی ئێن ئێن-ی ڕاگەیاندووە کە "سینترۆن ھەموو کات مووچەی باشی پێدراوە بەپێی یاسا" و ئەوان لە دادگا دەتوانن  بەرگریی لە خۆیان بکەن.

سەبارەت بە کەیسەکەش، کۆشکی سپی داوایەکی ئاراستەی رێکخراوی ترەمپ کردووە لەوبارەوە ڕونکردنەوە بدەن. 

شۆفێرەکەی ترەمپ لە ساڵی ٢٠١٠ مووچەکەی بۆ زیادکراوە، بەڵام سینترۆن دەڵێت زیادکردنی مووچەکەی لەبەرامبەر ئەوە بووە دەستبەرداریی سودمەندبوونە تەندروستییەکانی بھێنێت کە لە خودی مووچەبەرزکردنەوەکە زیاتر بووە. 

ھەروەھا شۆفێرەکە ئیدیعای ئەوەی کردووە لەکاتی کارکردنی لە بۆنە و پشووەکاندا قەرەبوونەکراوەتەوە، و ترەمپ بە ھیچ جۆرێک ڕاپۆرتی مووچەی ساڵانە و بڕی ڕاستەقینەی  مووچەی پێشکەش نەکردووە، کە بەپێی یاسای کاری نیویۆرک دەبێت جێبەجێ بکرێن.

بەگوێرەی یاسای ئەمریکا پێویستە ترەمپ لە ماوەی مانگێکدا وەڵامی  سکاڵاکارەکە بداتەوە. 


نیشانەکردن :

#ئەمریکا #ترەمپ

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP