لە نامەیەكدا باسی دۆخی ژیانیان دەكەن
دوو هەفتەیە 12 مێردمنداڵ لە ئەشكەوتێكی تایلاند گیریانخواردووە

- 7/7/2018 3:27:00 PM 9366 جار خوێندراوەتەوە
مێردمنداڵەكان لەناو ئەشكەوتەكەدا

خەندان-

ماوەی دوو هەفتەیە 12 مێردمنداڵ و راهێنەرێكی تۆپی پێ لە یەكێك لە ئەشكەوتەكانی ویلایەتی چیان ڕای وڵاتی تایلاند گیریان خواردووە، تا ئێستا تیمە فریاگوزارییەكانی ئەو وڵاتە نەیانتوانیوە رزگاریان بكەن.

 مێردمنداڵەكان و راهێنەرەكەیان ڕۆژی 23ی مانگی رابردوو لەكاتی گەڕان و گەشتكردنیان بەناو ئەشكەوتێكی ناوچە شاخاویەكانی ویلایەتی چیان ڕا، پاش بارانبارینێكی زۆر لافاو دەیانبات بۆ جێگەیەكی عاسی ئەشكەوتەكە و ماوەی 15 ڕۆژە بە قوڵایی نزیكەی كیلۆمەترێك لەژێرزەوی گیریانخواردووە.

مێردمنداڵەكان تەمەنیان لە نێوان 11 بۆ 16 ساڵیدایە و راهێنەرەكەیان تەمەنی 25 ساڵە و سەرجەمیان ئەندامی تیپێكی تۆپی پێن لە وڵاتی تایلەند.

تیمەكانی فریاگوزاری لە وڵاتانی جیهانەوە چوون بەهانای منداڵەكانەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئەشكەوتەكە پڕبووە لە ئاو و بارودۆخی كەشوهەوای ناوچەكە ناجێگیرە، تا ئێستا نەیاتوانیووە منداڵەكان رزگاربكەن.

مێردمنداڵەكان لەناو ئەشكەوتەكەدا 

لەم ماوەیەدا تیمە فریاگوازریەكان ئاو و خواردن و پێدوایستی تەندروستیان لە ڕێی چەند تیمێكی تایبەتەوە ناردوە بۆ منداڵەكان، بەڵام كەمبوونەوەی ڕێژەی ئۆكسجین مەترسی لەسەر ژیانیان دروستكردووە و یەكێك لە ئەندامانی فریاگوزاری بەهۆی نەمانی ئۆكسجینەوە گیانی لەدەستداوە.

ئیكاپۆل چانتاوۆنگ، ڕاهێنەری منداڵەكان لە نامەیەكدا داوای لێبوردن لە دایك و باوكی منداڵەكان دەكات كە منداڵەكانی بردووەتە نێو ئەشكەوتەكەوە، بەڵام دایك و باوكی منداڵەكان لە نامەیەكدا سوپاسیان كردووە كە منداڵەكانی بەجێنەهێشتووە.

 توم كە یەكێكە لە منداڵەكان بۆ دایك و باوكی نوسیوە، "دڵتەنگ مەبن، من باشم، تكایە بە یۆدی برام بڵێن ئامادەكاری بكات بۆ ئەوەی بچین مریشكی برژاو‌ بخۆین، خۆشمدەوێن".

تیمەكانی فریاگوزاری لەكانی هەوڵدان بۆ رزگاركردنی مێردمنداڵەكان  

توم هەروەها نوسیوویەتی، "دایكە، باوكە، نیك هەردووكتانی زۆر خۆشدەوێت، خوشك و براكانیشم خۆشدەوێت، كە هاتمە دەرەوە، دایكە، باوكە، بمبەن بۆ خواردنی موكاتا كە (تێكەڵەیەكی گۆشتی كوڵاو)-ە نیك، دایك و باوك و خوشك و براكانی خۆشدەوێت".

 نوم كە منداڵێكی دیكەیانە لەناو ئەشكەوتەكەدا نوسیوویەتی، "من باشم، كەشوهەوا لێرە زۆر ساردە، نیگەران مەبن و رۆژی لە دایكبوونەكەمتان بیرنەچێت كە ڕۆژی 3ی تەمووز بوو".

هەروەها بیو-ی 12 ساڵیش نوسیوویەتی، "دایە، بابە، دڵتەنگ مەبن، بیو تەنها دوو هەفتەیە دیارنەماوە، من دەگەڕێمەوە و یارمەتی دایكم دەدەم لە فرۆشتنی شتەكانی ئەگەر كاتم هەبوو، من بە زوترین كات دەگەڕێمەوە".



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP