ئەردەن داوا لە روسیا دەكات هەوڵی ئەنجامدانی ئاگربەست بدات لە باشوری سوریا

- 7/4/2018 2:04:00 PM 1446 جار خوێندراوەتەوە
وەزیرانی دەرەوەی روسیا و سوریا

خەندان- هاوكار یونس

ئەیمەن سەفادی، وەزیری دەرەوەی ئەردەن ئەمڕۆ چوارشەممە رایگەیاند، دایالۆگی سیاسی و راگەیاندنی ئاگربەست لە باشوری سوریادا كاری لەپێشینەن، وتیشی لەو ناوچەیەدا خەریكە كارەساتێكی مرۆیی روودەدات.

ئەو وتانەی وەزیری دەرەوەی ئەردەن دوای كۆبوونەوەی هات لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ هاوتا روسیەكەی لە مۆسكۆ.

سەفادی هەروەها وتی، دۆخی باشوری سوریا جێگەی نیگەرانی گەورەیە و پێویستە بەزووترین كات چارەسەر بكرێت.

حكومەتی سوریا، كە لە لایەن روسیاوە پشتیوانی دەكرێت، دەستیكردووە بەئەنجامدانی هێرشێكی سەربازی فراوان بۆ گرتنەوەی ناوچەكانی باشوری رۆژئاوای سوریا كە لە ژێر دەستی چەكدارانی ئۆپۆزسیۆنی سوریادایە.

سێشەممەی ڕابردوو، چەكدارانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا دەستیانكرد بە ئەنجامدانی دانوستان لەگەڵ ئەفسەرانی روسیادا بۆ ئەنجامدانی رێككەوتنی ئاشتی لە باشوری سوریادا، كە بەپێی رێككەوتنەكە چەكەكانیان رادەستی هێزەسەربازییەكانی روسیا دەكەن و ڕێگە بەهێزەكانی ڕوسیا دەدەن بچنە ناوچەكانی ژێر كۆنتڕۆڵیان.


نیشانەکردن :

#ئوردن #سوریا #روسیا

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP