عەلی بەشار تۆمەتێکی دیکەی دەستدرێژی درایە پاڵ

- 7/3/2018 8:50:00 PM 166646 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

عەلی بەشار، ئەو پەنابەرە عیراقیەی بە تۆمەتی دەستدرێژی و کوشتنی کچێکی ئەڵمانی دەستگیرکرا، ئەمڕۆ تۆمەتێکی دیکەی دەستدێژی درایە پاڵ.

 لێکۆڵینەوەکانی پۆلیسی شاری ڤیزبادن دەریانخستوە، عەلی بەشار، لە شوینی مانەوەی پەنابەران لە ئەڵمانیا دەستدرێژی سێکسی کردووەتە سەر کچێکی دیکەی تەمەن ١١ ساڵ.

بە وتەی پۆلیسی شارەکە، ناوبرا و لە مانگی ئازاردا جارێک دەستدرێژی کردووەتە سەر ئەو مێردمنداڵە و دواتر لە مانگی ئایاردا جارێکی دیکە لەگەڵ پەنابەرێکی دیکەی ئەفغانیدا دەستدرێژیان کردووەتە سەر.

پۆلیس ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەو کوڕە ئەفغانییەی کە لەگەڵ عەلی بەشاردا تێوەگلاوە لەو تاوانەدا، هەمان ئەو کەسەیە کە سکاڵای لەسەر عەلی تۆمارکردووە لە کاتی کوشتنی سوزانای تەمەن ١٤ ساڵدا و شوێنی ناشتنەکەی نیشانداون.

هەڵهاتنی عەلی بەشار لە ئەڵمانیاوە و دەستگیرکردنی لە هەولێر


Image result for ali bashar

رێکەوتی ٨ی مانگی رابردوو، دوای بڵاوبونەوەی هەواڵی دەستدرێژی سێکسی و کوشتنی کچێکی ١٤ ساڵ، لە لایەن پەنابەرێکی عێراقی لە ئەڵمانیا و هەڵهاتنی بۆ عێراق، لە هەولێر دەستگیر کرا.

لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا، وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا رایگەیاند، عەلی بەشار-ی تەمەن ٢٠ ساڵ، لەدوای گەیشتنەوەی بۆ عێراق و لە شاری هەولێر لەلایەن هیزە کوردییەکانی ئەو شارەوە دەستگیر کراوە.

تەرمی ئەو کچە لە رێکەوتی ٢٢ی مانگی ئایارەوە دیارنەبووە، و رێکەوتی ٧ی مانگی رابردوو لە لایەن پۆلیسی شاری ڤیزبادنەوە لە ناوچەکانی قەراغ شارەکە دۆزراوەتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی پەنابەرێکی تەمەن ١٣ ساڵ لە بنکەی پۆلیسی شارەکە زانیاری لەسەر کوشتنی کچەکە و تۆمەتبارەکان دەدات.

بەگوێرەی وتەی پۆلیس، سوزانا ماریا فێڵدمان، لەلایەن دوو پەنابەرەوە، کە یەکێکیان بە رەگەز تورکە و تەمەنی ٣٥ ساڵە، ئەوی دیکەشیان عێراقییە و تەمەنی ٢٠ ساڵە، رفێنراوە و دوای دەستدرێژی سێکسی، کوشتویانە و ناشتویانە، پەنابەرە تورکەکە لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکراوە و، پۆلیس پێیوایە، "عیراقییەکە بەپەلە لەگەڵ خێزانەکەیدا لەرێگەی فرۆکەخانەی ئیستانبوڵەوە گەڕاوەتەوە بۆ عێراق".

پۆلیسی ئەڵمانیا ئەوەشی خستوەتەڕوو،  عەلی بەشار  تەمەن ٢٠ ساڵ، خاوەنی چەندین پێشینەی شەڕ و پشێوییە لە تۆمارەکانی پۆلیسدا.

هەواڵی کوشتن و دەستدرێژیکردنە سەر ئەو کچە، لەلایەن پەنابەرەکانەوە دەنگدانەوەی زۆری لێکەوتەوە لە رۆژنامەکانی وڵاتی ئەڵمانیا، یەکێک لە رۆژنامەکانی رەخنەی توندی لە سیاسەتی پەنابەرێتی و رێوشوێنەکانی گرتووە لەلایەن حکومەتی ئەڵمانیاوە.

رۆژنامەکە نوسیویەتی" پێویستە حکومەت بپارێتەوە بۆ لێخۆشبوون لە دایک و باوکی سوزانا، خراپتر لەوەی منداڵێک بکوژرێت ئەوەیە، منداڵێک دەستدرێژی بکرێتە سەر و بکوژرێت لەلایەن دڕندەیەکەوە کە نابێت لەو وڵاتەدا بێت".


نیشانەکردن :

#ئه‌ڵمانیا #آ،م

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP