بەپەلە

نەتەوە یەکگرتووەکان داوا لە ئوردن دەکات رێگە بۆ هەڵهاتنی سورییەکان خۆشبکات

- 7/3/2018 7:43:00 PM 3547 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

کۆمیساری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەران(UNHCR )، داوا لە وڵاتی ئوردن دەکات دەروازە و خاڵە سنورییەکانی بکاتەوە بۆ ئەو سوریانەی لە دەست جەنگ هەڵدێن.

لیز ترۆسێل وتەبێژی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان وتی" داوا لە حکومەتی ئوردن دەکەین دەروازە و خاڵە سنورییەکانی بکاتەوە بۆ هەڵهاتنی خەڵکی مەدەنی سوریا و هەر وڵاتێکی دیکە کە لە دەست توندوتیژی  و ململانێی جەنگ هەڵدێن".

بەگوێرەی وتەکانی لیز ترۆسێل، نزیکی ٤٠ هەزار خەڵکی مەدەنی سوریا لە دەروازە سنورریەکانی ئوردندا گیریان خواردووە و رێگا بە تێپەڕبوونیان نادرێت، ئەوە لە کاتێکدایە، لە ئێستادا وڵاتی ئوردن زیاتر لە ٦٥٠ هەزار  پەنابەری سوری لە خۆ گرتووە.

هەڵهاتنی خەڵکی سوریا لە کاتێکدایە، رێکەوتی ٢٦ ی مانگی رابردوو (حوزەیران)، سوپای سوریا بە پاڵپشتی هێزەکانی روسیا بەرەو باشووری رۆژئاوا پێشڕەویی کرد کە ئەو ناوچانە بەپێی رێککەوتنێکی ساڵی رابردوو بە ناوچەی دژە شەڕ لە قەڵەم دەدرێن.

بەگوێرەی  داتاکانی  (UNHCR ) نزیکی ٢٧٠ هەزار سوری ، لە ناوچەکانی باشووری رۆژئاوا، کە لە ژێر کۆنترۆڵی هێزی ئۆپۆزسیۆندا بوون، هەڵهاتوون، ئەو ژمارەیەش لە زیادبووندایە دوای شکستی دانوستانی هێزی ئۆپۆزسیۆنی سوریا و سوپای روسیا.

دوای ئه‌وه‌ی رێکەوتی ٢٩ی مانگی رابردوو، نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان هۆشداریدا له‌ كاره‌ساتێكی مرۆیی له‌ باشووری سوریا، ده‌وترێت رژێمی سوریا و چه‌كداره‌ یاخیبووه‌كان گه‌یشتوونه‌ته‌ ئاگربڕێك، ئوردون كارئاسانی كردووه‌ بۆ دانوستانه‌كانی نێوان هێزی ئۆپۆزسیۆنی سوریا و مۆسكۆ بۆ گه‌یشتن به‌ رێككه‌وتن بۆ كۆتایی هێنان به‌ توندوتیژی و گه‌ڕانه‌وه‌ی هێزه‌كانی رژێمی سوریا بۆ پارێزگای ده‌رعا، به‌ڵام له‌ واشنتۆن، به‌رپرسێكی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا ڕایگه‌یاندووه‌ ناتوانن، ڕاپۆرتی ئاگربڕ له‌ باشووری سوریا پشتڕاستبكه‌نه‌وه‌، و ڕه‌وشی ئه‌و ناوچه‌یه‌ ناهه‌مواره‌ به‌هۆی بۆمبارانی به‌رده‌وامی هێزه‌كانی روسیا و رژێمی سوریاوه‌. 

ئیبراهیم ئەلجەباوی، وتەبێژی  ئۆپۆزسیۆنی سوریا رێکەوتی ١ ی ئەم مانگە، رایگەیاند، كۆبوونەوەیان لەگەڵ لایەنی روسیا بەمەبەستی دانانی چەكەكانیان و رێككەوتنیان لەگەڵ حكومەتی سوریا شكستی هێناوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، روسەكان ئامادەنەبوون گوێ لە داواكانیان بگرن و تەنها یەك بژاردەیان پێشكەش كردوون، ئەویش رادەستكردنی چەكەكانیان بووە، بۆیە ئەوانیش بەو بژاردەیە رازی نەبوون و دانوستاندنەكەی نێوانیان بە شكست كۆتایی هاتووە.

کۆمیساری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەران (بەئینگلیزی: United Nations High Commissioner for Refugees، کورت دەکرێتەوە بۆ UNHCR یان HCR) یان بە کورتی کۆمیساری پەنابەران؛ پرۆگرامێکی نەتەوە یەکگرتووەکانە و بنکەی ھەمیشەیی لە شاری جنێڤی پایتەخت سویسرا-یە،  ئامانجی سەرەکی ئەو دامەزراوەیە پاراستنی پەنابەرانە، دۆزینەوەی چارەسەرێکی درێژماوە بۆ گرفتەکانیان و چاودێری کردنی جێبەجێکردنی کونوسی رێککەوتنی جنێڤ بۆ پەنابەران (١٩٥١) ە، دوای لاچوونی روود لووبێر، لە ساڵی ٢٠٠٥ دا، و جێگرتنەوەی لە لایەن ئانتۆنی گووتێر، ژمارەی ئەو کەسانەی کە سوودیان لە تواناکانی کومیساری پەنابەران وەرگرتبوو ٢٢،٣ ملیۆن کەس، واتە یەک کەس لە ٢٦٩ ی دانیشتوانی ڕووی زەوی بوو.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP